لەگەڵ رەنج؛ چۆن کۆچی نایاسایی بوەستێندرێت و هاووڵاتییان لە رێگەی یاساییەوە بچن بۆ ئەوروپا؟

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆچی نایاسایی لە هەرێمی کوردستان تادێت زیاتر دەبێت. بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای‏‏ سلێمانی دەڵێت، ناتوانرێت رێگە لە کۆچ بگیرێت لەبەرئەوەی دیاردەیەکی جیهانییە و دەبێت حکومەت کارئاسانی بکات بۆئەوەی هاووڵاتییان لە رێگەی یاساییەوە کۆچ بکەن. هاوکات سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكانی ئەوروپا پێیوایە ئەو لێشاوەی لە هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە، کۆچ نییە، بەڵکو گەنجان "بە ناچاری سەری خۆیان هەڵدەگرن و وڵات جێدەهێڵن."
 
رۆژی یەکشەممە 18ی حوزەیرانی 2023 بەرنامەی لەگەڵ رەنج بە میوانداریی عەمیدی مافپەروەر سالار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای‏‏ سلێمانی؛ بەكر عەلی، سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكانی ئەوروپا؛ رێبین عەلی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی لاوانی كوردستان؛ هەوراز حەمید، راهێنەر لە پەیمانگەیەکی زمانی ئەڵمانی؛ ئەحمەد یونس، خاوەنی کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانی و پێشڕەو عەبدوڵڵا، كارمەند لە دەزگای پەنابەرانی یەكێتی ئەوروپا گفتوگۆیان لەبارەی زیادبوونی کۆچی نایاسایی و چۆنێتی بەدەستهێنانی ڤیزای ئەوروپا بە رێگەی یاسایی کرد.
 
رێگەکانی کۆچی یاسایی
 
عەمیدی مافپەروەر سالار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی ‏رایگەیاند، لە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان تیمێکیان دروستکرد بۆ ئەوەی هاووڵاتییان وشیار بکەنەوە لەوەی چۆن لە رێگەی یاساییەوە کۆچ بکەن و دەڵێت، "لە بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی سلێمانی رۆژانە هەزار هاووڵاتی سەردانمان دەکەن، رێژەیەکی زۆری ئەو هاووڵاتییانە نەخۆشن و داوای پاسپۆرتی بەپەلە دەکەن بۆئەوەی بچنە دەرەوەی وڵات. بەشێک لەوانە پەنا بۆ رێگەی قاچاخ دەبەن، لەبەر ئەوەی ڤیزەیان دەستناکەوێت و دەیانەوێت بە هەر شێوەیەک بێت نەخۆشەکەیان بگەیێننە دەرەوە."
 
بە گوتەی سالار عەبدوڵڵا، "دەکرێت وەزارەتی تەندروستی لە ماڵپەڕی خۆی داتای ئەو نەخۆشخانانە دابنێت بۆ چارەسەری نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان لە ئاستی جیهاندا و لە رێگەی ئەو ماڵپەڕەوە هاووڵاتییان بتوانن پەیوەندی بەو نەخۆشخانانەوە بکەن و دوای ئەوەی رەزامەندیی نەخۆشخانەکەیان وەرگرت، لە رێگەی کۆنسوڵخانەی ئەو وڵاتەوە ڤیزە وەربگرن."
 
لەبارەی ئەو کەسانەی بۆ کارکردن دەیانەوێت بەرەو رۆژئاوا کۆچ بکەن، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی دەڵێت "ئەوانەی دەیانەوێت بەهۆی بێکارییەوە بەرەو ئەوروپا و ئەمریکا کۆچ بکەن، زۆربەی وڵاتان پێویستییان بە دەستی کارە و دەبێت وەزارەتی کار لەسەر ماڵپەڕەکەی لینکی ئەو کۆمپانیا و کارگانە دابنێت کە پێویستییان بە دەستی کارە و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی ماڵپەڕی وەزارەتی کارەوە دەستیان بەو کۆمپانیایانە رابگات و گرێبەستیان لەگەڵ بکەن و دواتر لە رێگەی ئەو گرێبەستەوە لە کۆنسوڵخانەکانیان ڤیزە وەربگرن."
 
 
"گەنج بە ناچاری سەری خۆی هەڵدەگرێت"
 
بەكر عەلی، سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكانی ئەوروپا دەڵێت، ئەوەی لە هەرێمی کوردستان هەیە کۆچکردن نییە و "ئەوە سەرهەڵگرتنی بەناچارییە، لەبەرئەوەی کۆچ واتای گۆڕینی شوێنە لە ژیانێکی باش بۆ باشتر، یان کاری باش بۆ باشتر، بەڵام ئەوەی لە کوردستان هەیە کۆچی بەناچاری و سەرهەڵگرتنە."
 
بەگوێرەی ئاماری كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكانی ئەوروپا، "لە ساڵی 2020 بۆ 2021 نزیکەی 27 هەزار گەنج سەری خۆیان هەڵگرتووە و بەرەو ئەوروپا رۆیشتوون، کە شەش هەزاریان خەڵکی دەڤەری راپەڕین بوون و 36 گەنج لە رێگەکەدا بوونەتە قوربانی و گیانیان لەدەستداوە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 300 کەسیش بێسەروشوێنن."
 
کەسوکاری بەشێک لەو بێسەروشوێنانە لە ستۆدیۆی رووداو ئامادە بوون و داوایان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دەرەوەی عێراق کرد لە رێگەی ئەو باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانانە سۆراخی بێسەروشوێنەکانیان بکرێت و بیاندۆزنەوە.
 
"ئەوانەی کاریشیان هەیە کۆچ دەکەن"
 
گوتەبێژی ئەنجوومەنی لاوانی كوردستان پێیوایە تەنیا نەبوونی هەلی کار نییە وای کردووە گەنجان بەرەو ئەوروپا کۆچ بکەن و بەپێی ئەو داتایانەی کۆیان کردووەتەوە، بەشێکی زۆر لەوانەش کە کاریان هەبووە، بەرەو ئەوروپا کۆچیان کردووە و هۆکارەکەشی بۆ کەمیی کرێی کار دەگەڕێنێتەوە کە بەشی ژیانی خاوەن کار ناکات.
 
رێبین عەلی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی لاوانی ‏كوردستان ئاماژە بەوە دەکات، "لە ساڵی 2021 تاوەکو 2023 نزیکەی 36 هەزار گەنج لە هەرێمی کوردستانەوە کۆچیان کردووە و زۆربەی هەرە زۆری ئەو کۆچەش لە قەزا و ناحیە و گوندەکانەوە بووە، ئەو شوێنانەی کە هەلی کاریان کەمە، بۆ نموونە زۆرترین گەنج لە رانیە و قەڵادزێوە کۆچیان کردووە."
 
گوتەبێژی ئەنجوومەنی لاوانی ‏كوردستان دووپاتی دەکاتەوە، "پێویستە لەبری ئەوەی رێگەیەک بۆ کۆچی یاسایی بدۆزرێتەوە، ئەو هۆکارانە نەهێڵدرێن کە وایان کردووە گەنج کۆچ بکات، ئەگەر دەگوترێت بێکاری هۆکارە بۆ کۆچی گەنجان، خۆ زۆر گەنج کۆچیان کردووە کە خاوەنی کار بوون، گرفتەکە ئەوەیە کە کارەکە ناتوانێت بیژیێنێت و دەبێت بۆ ئەوەی فریای ژیانی بکەوێت، دوو کار بکات."
 
هەلی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانی ئەوروپا
 
راهێنەرێکی پەیمانگەی زمانی ئەڵمانی دەڵێت، گەنجان دەتوانن لە هەرێمی کوردستانەوە هەوڵ بۆ خوێندن لە پەیمانگە و زانکۆکانی ئەوروپا بدەن و دەیان پەیمانگە لە هەرێمی کوردستان هەن کە لەلایەن وڵاتانی ئەوروپاوە دانیان پێدا نراوە، بۆ ئەمەش پێویستە لەو پەیمانگایانە خۆیان فێری زمانی ئەو وڵاتە بکەن کە دەیانەوێت وانەی لێ بخوێنن.
 
هەوراز حەمید، راهێنەر لە پەیمانگەیەکی زمانی ئەڵمانی دەڵێت، "لای ئێمە کەسێک کە پۆلی 12ی تەواوکردبێت، دەتوانێت لە خولی زمان بەشداری بکات و دوای فێربوونی زمان ئەگەر بیەوێت لە پەیمانگەیەکی ئەڵمانی درێژە بە خوێندن بدات، لەوێ مووچەی پێدەدرێت و لە هەفتەیەکدا چوار رۆژ دەتوانێت کار بکات و رۆژێکیش وانە بخوێنێت."
 
هەروەها روونی دەکاتەوە، "یەکەم شت دەبێت ئەو گەنجە لە کوردستان خۆی فێری زمانی ئەو وڵاتە بکات کە دەیەوێت کۆچی بۆ بکات، پەیمانگەی زمان لە هەرێمی کوردستان زۆرن و کۆنسوڵخانەکان دانیان پێدا ناون، بۆیە 30 بواری جیاواز هەن کە چانسی وەرگرتنیان لە وڵاتانی ئەوروپا ئێجگار زۆرە، لەوانەش ئای تی، پەرستاری، پزیشکی و ئەندازیاری و... بەڵام دەبێت چوار ئاستی زمانی ئەو وڵاتە بە تەواوەتی بخوێنێت و بڕوانامەی لێ وەربگرێت."
 
تاوەکو ئێستا 26 گەنج لە رێگەی پەیمانگەکەی هەوراز حەمیدەوە چوونەتە ئەڵمانیا بۆئەوەی لە پەیمانگە و زانکۆکانی ئەو وڵاتە بخوێنن "ئەگەر کەسێک بیەوێت لە زانکۆ بخوێنێت، دەبێت خۆی خەرجیی خوێندنەکەی بدات، ئەمە جیاواز دەبێت لە خوێندنی پەیمانگە، پێویستە ئەو کەسە لە کۆنسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر 12 هەزار دۆلار بخەوێنێت بۆئەوەی کاتێک چوو بۆ ئەڵمانیا، لە ماوەی یەک ساڵدا بۆ خەرجیی خوێندنەکەی ئەو پارەیە بەکاربهێنێت."
 
"بۆ پێدانی ڤیزە متمانە بە هەرێمی کوردستان نەماوە"
 
خاوەنی کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانی لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەدوای دەستپێکردنی کۆچی بەلێشاوی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی لەدوای ساڵی 2014 "کۆنسوڵخانەکان وەکو پێشتر متمانەیان بە هاووڵاتییان و تەنانەت گەورە بازرگانەکانیش نەماوە بۆ پێدانی ڤیزە."
 
ئەحمەد یونس، خاوەنی کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانییە لە هەرێمی کوردستان و دەڵێت، "ئێستا کۆنسوڵخانەکان وەکو جاران ڤیزە نادەن بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و ئێمەش بە شەرمەوە داوای ڤیزەیان لێدەکەین، لەبەرئەوەی متمانەیان بە ئێمە لاواز بووە، ئەو بێمتمانەییەش لەدوای ساڵی 2014 دروستبوو."
 
بە گوتەی ئەحمەد یونس، "بازرگانی گەورە هەیە لە هەرێمی کوردستان کە بریکاری یەک لە کۆمپانیا گەورەکانی ئەڵمانیایە، بەڵام داوای ڤیزەمان لە کۆنسوڵخانەی ئەڵمانیا بۆ کردووە، ڤیزەی 12 رۆژیان پێداوە، لە کاتێکدا پێشتر متمانە هەبوو و ڤیزەی سەروو سێ ساڵییان دەدا بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، ئێستا هەموو وڵاتانی ئەوروپا بەم شێوەیە مامەڵەمان لەگەڵ دەکەن."
 
دۆزینەوەی رێگەیەک لەبری کۆچی نایاسایی
 
كارمەندێکی دەزگای پەنابەرانی یەكێتیی ئەوروپا ئاماژە بەو هەوڵانە دەدات کە لە رێگەی پەرلەمانی ئەوروپا و وەزارەتی دەرەوەی وڵاتانی ئەوروپا داویانە بۆ دۆزینەوەی رێگەیەک کە چیدی خەڵک ناچار نەبن بە شێوەی نایاسایی بەرەو ئەوروپا کۆچ بکەن و داواش دەکات حکومەتی هەرێمی کوردستانی لیژنەیەکی تایبەت بەو پرسە دروست بکات.
 
‏پێشڕەو عەبدوڵڵا، كارمەند لە دەزگای پەنابەرانی یەكێتیی ئەوروپا گوتی، "لەگەڵ لیژنەی بەشی کۆچی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا گفتوگۆمان کردووە و نووسراومان رەوانەی هەموو وەزارەتەکانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا کردووە، پێشنیازمان کردووە بە هاوبەشی رێگە لە کۆچی نایاسایی بگرین و رێگەیەکی دیکە بکەینەوە بۆ کۆچی یاسایی خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو وڵاتانە."
 
دەشڵێت، "ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان یان پەرلەمانی کوردستان لیژنەیەکی تایبەتمەند بۆ کۆچی یاسایی گەنجان دروست بکات، ئێمە هاوکاریان دەبین بۆئەوەی لەگەڵ پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا و وەزارەتەکانی دەرەوەی وڵاتانی ئەوروپا کۆببنەوە و لەبارەی کۆچی نایاسایی گفتوگۆ بکەن و ئەڵتەرناتیڤێک بەیەکەوە دابنێن بۆئەوەی رێگەیەک بۆ کۆچی یاسایی دابندرێت."