باندێکی ساختەکردنی پارە لە دهۆک دەستگیر دەکرێن؛ '570 هەزار دۆلاریان ساختە کردووە'

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک دەڵێت، باندێکی سێ کەسییان دەستگیر کردووە، کە بڕێکی زۆر دۆلاریان ساختە کردووە، باندەکەش لە دوو پیاو و ژنێک پێکهاتوون.
 
رۆژی یەکشەممە 18-06-2023 هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا دەستگیرکردنی باندێکی ساختەکردنی پارەی راگەیاند کە "570 هەزار دۆلاری ئەمریکییان ساختە کردووە" و بە نیاز بوون لە پارێزگای دهۆک ساخی بکەنەوە، بەڵام دەستی بەسەردا گیراوە.
 
هێمن سلێمان گوتی، "رۆژی 18ی مانگی چواری ئەمساڵ، هاووڵاتییەک بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئاگادار کردووەتەوە، بڕی 6700 دۆلار پارەی ساختەیان پێداوە، بۆیە پۆلیس دەستبەجێ بەدواداچوونی بۆ ئەو بابەتە کرد و دوای هەوڵی بەردەوامی نووسینگەی نەهێشتنی ساختەکاری، توانییان سێ تۆمەتبار دەستگیر بکەین و دواتر بە دۆلاری ساختەوە رادەستی دادگەی لێکۆڵینەوەی دهۆک کران."
 
گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک باسی لەوەش کرد، لە سەرەتای هەوڵەکانیان بۆ بەدواداچوونی ئەو بابەتە، تۆمەتبارێکیان بە 29 هەزار دۆلاری ساختەوە دەستگیر کردووە، ئەویش دوو تۆمەتباری دیکەی ئاشکرا کردووە و ئەوانیش دەستبەسەر کراون.
 
ئەو سێ تۆمەتبارە بەپێی مادەی 456 و 281 لە یاسای سزا کە تایبەتن بە ''تاوانی'' ساختەکارییەوە، دەستبەسەر کراون و دانیان بە ''تاوانەکەیان''دا ناوە.
 
دەستگیرکراوان دانیشتووی هەرێمی کوردستانن و تەمەنیان لەنێوان 22 بۆ 37 ساڵە و یەکێکیان ئافرەتە. پۆلیسی دهۆک دەڵێت، ئەو باندەی دەستگیریان کردووە 'گەورەترین باند' لە مێژووی پارێزگای دهۆک.