کوللەیەکی زۆر لە گوندەکانی پاوەی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوبووەتەوە

19-06-2023
فواد حەقیقی
منداڵێک لەنێو ژمارەیەکی زۆر کولـلە لە گوندەکەی پاوە
منداڵێک لەنێو ژمارەیەکی زۆر کولـلە لە گوندەکەی پاوە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کوللە دار و دیواری داپۆشیوە و ئارامیی لە خەڵکی گوندی لارانی خواروو هەڵگرتووە، کە سەر بە شاری پاوەیە. باخ و دەشتودەر پڕ لە کوللەیە، مەترسیی بۆسەر باخ و کشتوکاڵ دروستکردووە و لەنێو گوندیش هەڕەشە لە تەندروستیی خەڵک دەکات.
 
ئەم کوللەیە لە ناوچەیەکی زۆری هەورامان و داڵاهۆدا بڵاوبووەتەوە. سەرەتا دەگوترا، ئەوانە کوللەی زامبین، کە دەتوانن زۆر مەترسیدار بن، بەڵام دواتر ئەوە رەتکرایەوە.
 
فەرهاد شەریفی، جێگری بەڕێوەبەری رێکخراوی کشتوکاڵی پارێزگای کرماشان بۆ کاروباری رووەک، دەڵێت، "ئەم کوللانە، کوللەی تایبەت بە ناوچەکەن، ناگەزن و مەترسییان نییە، گیا دەخۆن و هەڕەشە نین بۆسەر مرۆڤ، مەڕوماڵات و باخەکان؛ بەڵام چونکە ژمارەیان زۆر بووە، خەڵک ترسیان لێیان هەیە."
 
پێشتر ئەم کوللانە لە لەوەڕگەکاندا بوون، بەڵام چونکە وشک بوون، ئێستا روویان لەو شوێنانە کردووە کە فێنکترە و سەوزایی لێیە. بە گوتەی بەرپرسان هۆکاری زۆربوونیان دەگەڕێتەوە بۆ تێکچوونی هاوسەنگی لە سرووشت و ئیکۆسیستمی ناوچەکە.
 
فەرهاد شەریفی دەڵێت، ئەم جۆرە مێرووەش وەکو مێرووەکانی دیکە لە سرووشتدا دووژمنی هەیە و ئەگەر مرۆڤ دەستێوەردانی کرد و دووژمنەکانی، بۆ نموونە کەوی لەنێو برد، ژمارەی کوللەکانیش زیاد دەکات و دەبێتە ئافات.
 
بەرپرسان دەڵێن، خەریکن کێشەی ئەم کوللانە چارەسەر دەکەن و لە هەزار هێکتار لە ناوچەکانی هەورامان و داڵاهۆدا بەرەنگاریان بوونەتەوە.
 
بەڵام شەهرام روستەمی، بەڕێوەبەری رێکخراوی کشتوکاڵی پاوە دەڵێت، "بەهۆی جوگرافیای ناوچەی پاوە، کە شاخاوییە و باڵندە و گیاخۆری زۆری لێیە، زۆر دەستکراوە نین بیڕشێنین."
 
بەرپرسانی خۆجێیی ئێستا بیر لەوە دەکەنەوە بۆ ساڵانی داهاتوو رێگەیەکی سرووشتی بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بگرنەبەر. یارمەتیی خەڵکی ناوچەکە بدەن بۆئەوەی مریشک و قەل بەخێوبکەن و لەم رێگەیەوە هاوسەنگی بۆ سرووشت بگەڕێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترینیان لە سلێمانییە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوایین رۆژی دیاریکراو بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران، لیستەکەی رادەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات. 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترین بەربژێری لە پارێزگای سلێمانییە.