رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا داوای لە دەسەڵاتدارانی بەغدا کرد "رێز لە دەستوور بگرن و وانە لە مێژوو وەربگرن"، گوتیشی "ئەوەی دەتوانین بە ئاشتی و سەقامگیری بەدەستیبهێنین، بە شەڕ و ستەم و خۆسەپاندن بەدەست نایەت".
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (یەکشەممە، 18-6-2023) لە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی وتاری رق و کینە، لە هەولێر لە کۆنفرانسی (کوردستان لانکەی پێکەوەژیانی ئاشتیانە) کە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان سازیکردبوو، وتارێکی پێشکێش کرد و جگە لە دەسەڵاتدارانی عێراق، داواکاریی لە هاونیشتمانییانیش هەبوو.
سەرۆکی حکومەت بەدرێژی باسی لەوە کرد؛ کوردستان هەمیشە لانکەی پێکەوەژیانی ئاشتییانە بووە، کە تێیدا ئایین و ئایینزا جیاوازەکان و خاوەنی بیروڕای جیاوازی لەخۆی گرتووە و خەڵکەکەش یەکدییان قبووڵ کردووە. مەسرور بارزانی گوتی "ئێمە هەمیشە ئەم کولتوورە جوانە دەپارێزین و وتاری ئێمە وتاری خۆشەویستی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە و رێزگرتنی بەرامبەر و یەکسانی و دادپەروەری دەبێت. ئێمە رێگەنادەین هیچ هزرێکی کینە و تووندوتیژی هاوردەی نێو هەرێم بکرێت، بەڵام بەداخەوە دەبینین دەرس لە مێژوو وەرنەگیراوە و دیسان کەسانێک هەوڵی بڵاوکردنەوەی هزری شۆڤێنی و یەکترسڕینەوە و خۆسەپاندن دەدەن".
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە لەوەی سەرەڕای سازشی زۆری لایەنە کوردستانییەکان بۆ دامەزراندنی عێراقێکی فیدراڵی و دیموکرات، "بەڵام لەبەرامبەردا دەبینین هێدی هێدی ئەو پرۆسەیە لە رێچکەی خۆی لادەدات و خەریکە عێراق بە ئاراستەیەک دەبردرێت کە دووچاری ئەزموونە تاڵەکانی رابردوو ببێتەوە".
سەبارەت بە مافە دەستوورییەکانی هاونیشتمانییان، مەسرور بارزانی دەڵێ "دەبینین هەوڵی پێشێلکردنی مافە دەستووریەکانمان دەدرێت"، هەروەها گوتی "دەبینین وتاری کینە و دوژمنکارانە بەرامبەر هەرێمی کوردستان بڵاودەکرێتەوە و بە شێوازێکی چەواشەکارانە وا بڵاودەکەنەوە، کە پێشکەوتن و ئاوەدانیی هەرێمی کوردستان لە سەر حیسابی ناوچەکانی دیکەی عێراقە، بەو جۆرە دەیانەوێت خراپ بەڕێوەبردن و بەهەدەردانی سامانی گشتی و گەندەڵییەکانیان، بشارنەوە".
لە کۆتایی گوتارەکەشیدا، سەرۆکی حکومەت گوتی "داوام لە دەسەڵاتدارانی بەغدا ئەوەیە، رێز لە دەستوور بگرن و وانە لە مێژوو وەرگرن. ئەوەی بە ئاشتی و سەقامگیری دەتوانین بەدەستی بێنین، بە شەڕ و ستەم و خۆسەپاندن نایێتەدی"، لە هەمانکاتدا رووی کردە هاووڵاتییان و داوای کرد "خەبات و قوربانیدانی گەلەکەمان لەبیرنەکەن و بەها بەرزەکانی خۆیان لە ژێر هیچ فشارێک و بۆ بەرژەوەندیی تەسک لەدەست نەدەن و بەردەوام بن بۆ پەرەپێدان بەو کولتوورە و رێزگرتن لەو بەها پیرۆزانەی کە هەمانن، لەپێناو نیشتمانێکی گەشەسەندوو و بەهێز".
دەقی وتارەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئامادەبوونی بەڕێز
زۆر زۆر بەخێر بێن. سوپاسی ئامادەبوونی هەمووتان دەکەم. سوپاسی ئامادەبوونی مامۆستایانی ئایینی لە هەموو ئایین و ئایینزا جیاوازەکانی کوردستان دەکەم کە تەشریفیان هێناوە و لێرە لە گەڵمانن. هەروەها سوپاسی ئامادەبوونی مامۆستا بەڕێزەکانی زانکۆکان و هەر هەمووتان دەکەم.
ئێمە پێویستیمان بە ڕێنمایی و بۆچوونەکانی ئێوە هەیە. هەروەک چۆن توانیوتانە تاکو ئێستا بە ڕێنماییەکانی خۆتان، کوردستان وەکو لانکەی ئاشتی و پێکەوەژیان بپارێزن، هیوادارم بە هەمان شێوە، نەوەکانی داهاتووشمان بەم شێوەیە پەروەردە بکەن.
دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی ئەم کۆنفرانسەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەکەم بۆ ڕێکخستنی ئەم کۆنفرانسە لەم بۆنەیەدا کە ڕۆژی نێودەوڵەتیی بەرەنگاربوونەوەی وتاری رق و کینە.
لە مێژووی مرۆڤایەتیدا و تا ئەمڕۆش وتار و درووشمی دوژمنکارانە و هاندانی توندوتیژی، کارەساتی گەورەی لێکەتووەتەوە. لەم سەردەمەشدا، کە سەردەمی پێشکەوتن و تەکنەلۆژیایە، هێشتا ئەو جۆرە وتارانە مایەی نیگەرانین و لێکەوتەکانیشی زۆر بەرچاون و دەبینین کە لە زۆر وڵات و ناوچەی جیاجیای جیهاندا شەڕ و خوێنڕشتن بەردەوامە.
بەڕێزان:
هەر وەک لە درووشمی ئەم بۆنەیەشدا هاتووە، کوردستان هەمیشە لانکەی پێکەوەژیانی ئاشتییانە بووە، چەندین هەزار ساڵە کە ئەم دەڤەرەی ئێمە، نەتەوە و ئایین و باوەڕی جیاجیای لە خۆگرتووە و پێکەوەژیان و یەکترقبوڵکردن بووەتە بەشێک لە کولتوور و رێچکەی ژیانی ئێمە. لە زۆربەی دەڤەرەکانی کوردستاندا کورد و تورکمان و کلدان وئاشووری و سریان و ئەرمەن و عەرەب و موسڵمان و مەسیحی و ئێزدی و جوو، پێکەوە ژیاون و لە رۆژانی تەنگانەدا، یارمەتیدەری یەکتربوونە. من خەڵکی دەڤەرێکم کە مزگەوت و کەنیسە و کنشت، لە یەک گونددا جێگەیان بووەتەوە. هەمیشە شانازی بەو کولتوورە دەکەم و هەموو توانایەکم دەخەمەگەڕ بۆ هێشتنەوە و پەرەپێدانی ئەم کولتوورە جوانە.
بەڕێزان،
هەرچەندە هەرێمی کوردستان ئەو ناوەند و لانکەیە بووە کە هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزایەک تێیدا هەستیان بە ئارامی و ئاسوودەیی کردووە، بەڵام بەداخەوە هەمیشە ئەم دوورگە ئارامە، کەوتووەتە بەر هێرشی هزری دوژمنکارانە، هەمیشە هەوڵدراوە ئەم کولتووری پێکەوەژیانەی هەرێم بشێوێندرێت و تەنانەت هەوڵی سڕینەوە و جینۆسایدی نەتەوە و ئایینەکانی ناو کوردستان دراوە.
مێژووی نوێی نیشتمانمان، گەواهیدەری ئەوەیە کە بە هۆی هزری شۆڤینی و دوژمنکارانە و حاشاییکردن لە بوونی نەتەوەی ئێمە، وڵاتمان دووچاری چەندەها کارەسات و کۆمەڵکوژیی گەورە بوویەوە. وێرانکردن و سووتاندن و زیندەبەچاڵکردن و ئەنفال و کیمیابارانکردن، ئەنجامی زاڵبوونی ئەو هزر و عەقلییەتە بوو کە نکۆڵی لە یەکسانی و دادپەروەریی و داننان بە مافی نەتەوەکانی تر دەکرد.
ئەمڕۆ زۆر لەو کەس و لایەنانەی پەلاماری ئێمەیان دەدا نەماون، بەڵام ئێمە هەر ماوین، ئەوەش بێگومان بە هۆی پاراستنی ئەو کولتوور و هزرەی پێکەوەژیانەیە. هەموولایەک دەزانن کە لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولدا ، وێڕای ئەو هەموو کوشتارەی لە هاونیشتمانیانمان کرا، بارزانیی نەمر هەمیشە جەختی لەوە دەکردەوە ئێمە ڕێگە نادەین ئەو شەڕە ببێت بە شەڕی نێوان کورد و عەرەب، بەڵکو هەمیشە دەیگوت کە، شەڕی ئێمە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی زۆردارە نەک نەتەوەکان. لە کاتی راپەرینیشدا کە تەنیا سێ ساڵ بەسەر ئەنفال و کیمیاباراندا تێپەڕیبوو، بە هەزاران سەربازی عێراقی لە هەرێمی کوردستاندا بەدیل گیران، بەڵام جەنابی سەرۆک بارزانی بانگەوازی دا کە رێزیان لێ بگیرێت و بپارێزرێن.
ئێمە هەمیشە ئەم کولتورە جوانە دەپارێزین و وتاری ئێمە وتاری خۆشەویستی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و ڕێزگرتنی بەرامبەر و یەکسانی و دادپەروەری دەبێت. ئێمە ڕێگەنادەین هیچ هزرێکی کینە و توندوتیژی هاوردەی ناو هەرێم بکرێت.
بەڵام بەداخەوە کە دەبینین دەرس لە مێژوو وەرنەگیراوە و دیسان کەسانێک هەوڵی بڵاوکردنەوەی هزری شۆڤێنی و یەکترسڕینەوە و خۆسەپاندن دەدەن.
ئێمە بۆ دامەزراندنی عێراقێکی فیدراڵی و دیموکرات، زۆر سازشمان کرد، ئێمە بە هەموو توانایەک، هەوڵماندا عێراقێکی نوێ ئاوا بکرێت کە تێیدا هەموو پێکهاتەکانی هەست بە بوونی خۆیان و پاراستنی ماف و تایبەتمەندییەکانیان بکەن، بەڵام لە بەرامبەردا دەبینین کە هێدی هێدی ئەو پرۆسەیە لە رێچکەی خۆی لادەدات و خەریکە عێراق بە ئاراستەیەک دەبردرێت کە دووچاری ئەزموونە تاڵەکانی رابردوو ببێتەوە.
دەبینین هەوڵی پێشێلکردنی مافە دەستووریەکانمان دەدرێت، دەبینین وتاری کینە و دوژمنکارانە بەرامبەر هەرێمی کوردستان بڵاودەکرێتەوە و بە شێوازێکی چەواشەکارانە وا بڵاودەکەنەوە کە پێشکەوتن و ئاوەدانیی هەرێمی کوردستان لە سەر حیسابی ناوچەکانی دیکەی عێراقە، بەو جۆرە دەیانەوێت خراپ بەڕێوەبردن و بەهەدەردانی سامانی گشتی و گەندەڵییەکانیان، بشارنەوە.
لەو ساڵانەی کە شەڕێکی تایفی لە زۆر شوێنی عێراق لە ئارادابوو، هەرێمی کوردستان ببووە پەناگەی هەموو لایەک. هەموو ئەو تایفانەی لە شوێنەکانی دیکەی عێراق یەکتریان دەکوشت، لە هەرێمی کوردستان دەبوون بە هاوسێی یەکتر. لە سەردەمی جەنگی دژی تیرۆریستانی داعشیش، بە سەدان هەزار خەڵکی ناوچەکانی دیکەی عیراق ڕوویان لە هەرێم کرد و تا ئێستاش زۆربەیان ئامادە نین کەمپەکان چۆڵ بکەن و بگەڕێنەوە شوێنەکانیان، چونکە هێشتا هەست بە مەترسی دەکەن.
ئێمە شانازی بەوە دەکەین کە کولتوورێکی وامان هەیە و بە هەموومان دەبێت هەوڵ بدەین پەرە بە هزر و گیانی پێکەوە ژیان بدەین. داواشمان لە خەڵک و بەرپرسانی دڵسۆزی ناوچەکانی دیکەی عێراقە، کە ڕێگە لە بڵاوکردنەوەی هزری توندوتیژی و نکۆڵیکردن لە یەکتر بگرن و پەند لە مێژووی خوێناوی عێراق وەرگرن. با هەموومان پێکەوە کار بکەین بۆ چەسپاندنی ئاشتی و تەبایی و تواناکانمان بخەینە گەڕ، کە نەک هەر لە هەرێم و عێراقدا، بەڵکو لە هەموو ناوچەکە و جیهانیشدا ببین بە فاکتەری چەسپاندنی ئاشتی و نەهێشتنی جەنگ و خوێنڕشتن.
بەرێزان...
لە کۆتاییدا پێویستە جەخت لەوە بکەینەوە پابەندبوون بە دەستووری عێراق، تاکە گەرەنتیی سەقامگیری و پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکانی عێراقە. کوردستان و هەموو پێکهاتەکانی، دووچاری چەندین هەوڵی پاکتاو و سڕینەوە بوونە، وەک ئەنفال و کیمیاباران و داگیرکردنی زەویوزار و گواستنەوە و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی، بۆیە بە پێی دەستوور، داوای قەرەبووی ئەو هەموو ستەمە دەکەین کە لێمان کراوە.
کێشەی ئێمە تەنیا کێشەی مووچە و بابەتی دارایی نییە، ئێستا زۆربەی مافە دەستوورییەکانی ئێمەیان پشت گوێ خستووە و پێشێل کردووە، نموونەی هەرە زەقیش ئەوەیە؛ تا ئێستا لە کەرکوک و دەورووبەری، جووتیارانی کورد و تورکمان هەڕەشەیان لەسەرە و زەویوزاریان لێ داگیردەکرێت، کەچی دەیانەوێت هەموو مافەکانی ئێمە، لە بابەتی دارایی و مووچەدا بچووک بکەنەوە و ئەوجا ئەم بابەتەش لە دژی ئێمە بەکار بێننەوە.
داوام لە دەسەڵاتدارانی بەغدا ئەوەیە، ڕێز لە دەستوور بگرن و وانە لە مێژوو وەرگرن. ئەوەی بە ئاشتی و سەقامگیری دەتوانین بەدەستی بێنین، بە شەڕ و ستەم و خۆسەپاندن نایێتەدی.
داوام لە هاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمیش، ئەوەیە کە خەبات و قوربانیدانی گەلەکەمان لە بیر نەکەن و بەها بەرزەکانی خۆیان لە ژێر هیچ فشارێک و بۆ بەرژەوەندیی تەسک لە دەست نەدەن و بەردەوام بن بۆ پەرەپێدان بەو کولتوورە و ڕێزگرتن لەو بەها پیرۆزانەی کە هەمانە لە پێناو نیشتمانێکی گەشەسەندو و بەهێز.
ئێوە هەر شاد و کامەران بن و کوردستانیش هەر ئاوەدان بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ