لە چوارقوڕنە جووتیارێک لە دۆنمێک زەویدا گوڵی کاکڵی بەرهەمدەهێنێت


رووداو دیجیتاڵ

جووتیارێک لە چوارقوڕنە نزیکەی دۆنمێک زەوی بە کاکڵی چاندووە، کاکڵی بەرهەمێکی کشتوکاڵی بەسوودە و هەم فرۆشی بەرهەمەکەی و هەمیش بۆ جەستەی مرۆڤ سوودی تەندروستی زۆرە.
 
ئێستا کاتی چنینەوەی گوڵی کاکڵییە کە لە کوردەواریدا گوڵە کولێرەشی پێدەگوترێت، پەڕی گوڵەکان هاوشێوەی چا بۆ خواردنەوە بەکاردێت و لەگەڵ چەندین خۆراکیش تێکەڵ دەکرێت. هێمن حەسەن، خاوەنی کێڵگەکەیە و، وەک تێست نزیکەی دۆنمێک زەوی لە چوارقوڕنە چاندووە.
 
هێمن حەسە، جووتیار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تەنیا یەک پیاڵە تۆوم دەستکەوت و کەمبوو، بەدەست چاندوومە، رووبەری دوو هەزار مەترە، کێڵگەکە لە مانگی شەش گوڵەکەی پێگەیشتووە و رۆژانە دەیچنین. گوڵەکە دەچێتە خانەی پیشەسازیی رەنگیشەوە."
 
ماوەی زیاتر لە مانگێک هەموو رۆژ گوڵەکە دەچنن، رۆژانە سێ بۆ چوار کیلۆ گوڵ لەو رووبەرە لێدەکەنەوە. سەرەتای مانگی حەوتیش ناوکەکەی پێدەگات.
 
هێمن حەسەن، جووتیار باسی لەوەش کرد: "تێچووم زۆر کەمبووە، هەموو ئەو رووبەرە نەگەیشتووەتە بڕی 200 هەزار دینار خەرجی. تەنیا کێڵانی پێویستە و رووەکێکی هارە لە شینبوون و بەرگرتنی."
 
تاقیکردنەوەکەی ئەو جووتیارە سەلماندوویەتی کە چاندنی کاکڵی لە هەرێمی کوردستان سەرکەوتووە.
 
خالید ئەحمەد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی راپەڕین دەڵێت: "ئەوە سەلماندی کاکڵی دەکرێت لە هەموو کوردستان بچێندرێت و سەرکەوتوو دەبێت، بەرهەمەکەشی باشە و بازاڕیشی هەیە، چونکە سوودەکانی بۆ مرۆڤ زۆرن و دوو بەرهەمی ساڵانەشی هەن."
 
ئەو جووتیارەی چوارقوڕنە چەند کاژێرێک گوڵەکان لەبەر خۆر رادەخات، دواتر دەیباتە بازاڕ، بەرهەمی بیانی و هاوردەکراوی کاکڵی هەیە، بەڵام کەمە و خۆماڵییەکەش نرخی زیاترە.
 
شێرکۆ عەبدوڵڵا، دووکاندارە و ئاماژەی بەوە کرد: "بەرهەمە خۆماڵییەکە بە 25 هەزارە و بیانییەکەشی 20 هەزارە، خۆماڵییەکە جوانترە و کڕیاری زیاترە و، لای من باش دەفرۆشرێت."
 
تاوەکو ئێستا رۆنی خۆماڵیی کاکڵی لە بازاڕەکانی باشووری کوردستان نییە، بیانییەکەشی کیلۆی بە 12 هەزار دینارە.