تەندروستیی هەڵەبجە: لە 24 کاژێردا 284 تووشبووی سکچوون تۆمارکراون

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە 24 کاژێری رابردوودا تەنیا لە هەڵەبجە 284 کەس بەهۆی سکچوون و رشانەوەوە سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە، بە گوتەی بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە. 
 
رۆژی شەممە 18ـی حوزەیرانی 2022، دکتۆر ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تەنیا لە 24 کاژێری رابردوودا 284 سکچوون و رشانەوە لە سنووری هەڵەبجە تۆمارکراون. لە 11ـی ئەم مانگەشەوە تاوەکو رۆژی 17ـی حوزەیران، هەزار و 384 کەس بەو هۆکارە سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە.
 
هەر رۆژی شەممە 18ـی حوزەیرانی 2022، د. نزار بەکر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هێڤی منداڵان لە دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بڵاوبوونەوەی سکچوون و رشانەوە بەردەوامە، رۆژانە 100 بۆ 120 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکەیان دەکەن و لەو ژمارەیەش نیوەیان پێویستیان بە مانەوەیە لە نەخۆشخانەدا؛ گوتیشی، "تاوەکو ئێستا نزیکەی 2 هەزار نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە." 
 
لە سلێمانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە گیانلەدەستدانی لێکەوتەوە. رۆژی شەممە 18-6-2022 دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە تەمەنی سێ بۆ چوار ساڵان بووە، سکچوون و رشانەوە و وشکبوونەوەیەکی زۆر زۆری هەبووە و کەسوکارەکەشی دەرمانی گیاییان پێداوە. 
 
دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا گوتیشی، "ئەم گیانلەدەستدانە راستەوخۆ بەهۆی گیادەرمانەکەوە بووە یان بەهۆی درەنگ گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە ئەوە تاوەکو ئێستا نادیارە."
 
تاوەکو ئەمڕۆ، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی هەولێر هیچ ئامارێکی سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی سکچوون و رشانەوە بڵاونەکردووەتەوە.
 
بۆ رێگریکردن و پاراستنی منداڵان لە سکچوون و رشانەوە، دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا ئەم رێنوێنییانە دەخاتەڕوو:
 
1- کوڵاندنی ئاو بەر لە خواردنەوەی.
 
2- هەڵگرتنی خواردن لەناو بەفرگر و ساردکەرەوە.
 
3- سەوزە و میوە پێش خواردنی جوان بشۆردرێتەوە.
 
4- زوو زوو دەستی منداڵ بشۆردرێت. 
 
5- پاکوخاوێنیی توالێت و گەرماو. 
 
6- بەکارنەهێنانی خاولی و پەرداخ و کەوچکی کەسی دیکە. 
 
7- دوورکەوتنەوە لە خواردنی دەرەوە، بەتایبەت خواردنی سەر عەرەبانەکان. 
 
8- باش کوڵاندنی گۆشت و خواردنەکان.