بازرگانیی هەرێمی کوردستان: هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە مانگانە بەردەوام ئارد و خۆراک دابەش دەکەین

18-06-2022
جووتیار قارەمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، چاوەڕێ دەکەن ئەمساڵ لە سایلۆکان 250 هەزار تۆن گەنم وەربگرن. دڵنیاییشی دا مانگانە ئارد و خۆراک دابەش دەکەن. 
 
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بە رادیۆی  رووداوی راگەیاند، "بەشە خۆراکی مانگانە دەبێت لە کوالێتی کۆنترۆڵ پشکنینی بۆ بکرێت. تاوەکو ئێستا بەشە خۆراکمان دوا نەکەوتووە و لەگەڵ عێراقداین. هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە نە ئارد و نە بەشە خۆراک ناوەستن و ئێمە بە بەردەوامی دابەشیان دەکەین."   
 
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا کە بەشەخۆراکی مانگی یەکەم و دووەم 95% بۆ 99%ـی دابەشکراوە، مانگی سێیەمیش 85% بۆ 90%ـی دابەشکراوە، ئێستایش مانگی چوارەمیش نزیکەی 30%ـی دابەش کراوە، مانگی پێنجەمیشی بڕێکی رۆنی شل و شەکر هاتووە، بەڵام هێشتا دابەشیان نەکردووە، چونکە دەبێت مانگی چوارەم دابەش بکەن. 
 
وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە 2022/05/25ەوە دەستیپێکردووە. رۆژانە لە هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان بە هەزاران تۆن گەنم وەردەگیردرێت. تاوەکو ئەو کاتەی جووتیاران گەنمیان هەبێت و بیهێنن بۆ سایلۆکان لێیان وەردەگیرێت.
 
نەوزاد شێخ کامیل گوتی، "تاوەکو 2022/06/16 زیاتر لە 120 هەزار و 96 تۆن گەنممان وەرگرتووە. ساڵی رابردوو 123 هەزار تۆن گەنممان وەرگرتووە، بەڵام ئەمساڵ زیاتر دەبێت و چاوەڕێ دەکەین تاوەکو نزیکەی 250 هەزار تۆن بچێت." 
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی، گەنمی ئەمساڵ زۆر لە گەنمی ساڵانی رابردوو باشترە. نمرەیان بۆ گەنمەکان دانەناوە و هەموو جۆرێک تۆنی بە 850 هەزار دینار دەکڕن، بەڵام ئەگەر گەنمەکە زۆر جوان بێت بەبێ داشکاندنە، خراپیی هەبێت بەپێی خراپییەکە نمرەیەکی لێ دادەشکێنرێت کە بۆ هەر نمرەیەک 8500 دیناری لێ دەشکێنرێت. 
 
ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە ئەوەی خستەڕوو، تاوەکو ئێستا لە پارەی گەنمی جووتیاران لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە 35 ملیار دینار خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان و نزیکەی 20 ملیار دیناریان بۆ خەرج کردوون. سەرەتای ئەم هەفتەیە دەست دەکەن بە رێکارە کارگێڕییەکان بۆ ئەوەی بە زووترین کات ئەو بەشەکەی دیکەیش خەرج بکەن.
 
نەوزاد شێخ کامیل گوتی، "جووتیارانی هەرێمی کوردستان تەنیا پارەی ساڵانی 2014، 2015 و 2016یان لای حکومەتی عێراقییە. ئەوەیش لە یاسای ئاسایشی خۆراکدا دابین کراوە. دوای ئەوەی یاساکە رێکارە یاساییەکانی خۆیی گرتەبەر و واژۆکرا و چووە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەو پارەیە دەخرێتە سەر هەژماری ئێمە و ئێمەیش لە رێگەی سایلۆکانەوە دەیکەین بە چەک و دەیدەین بە جووتیاران."
 
لەبارەی دابەشکردنی بەشە گەنمی مانگانەوە، نەوزاد شێخ کامیل باسی لەوە کرد، ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان یەک بەشە ئاردی مانگانەیان دابەش کردووە، هۆکارەکەیش ئەوە بووە کە خۆیان گەنمیان نەماوە و لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە گەنمیان بۆ نێردراوە. 
 
ئەو بەڕێوەبەرە گشتییەی بازرگانی گوتی، "ئێستا ئامادەکاری دەکەین بۆ ئەوەی بەشە ئاردی دووەم مانگیش دابەش بکەین. ئەگەر جووتیاران گەنمەکەیان رادەستی سایلۆکان بکەن ئێمە دەتوانین لە ساڵێکدا 10 بەشە ئاردی مانگانە بدەین."
 
نەوزاد شێخ کامیل ئاشکرای کرد، لە پێنج مانگی رابردوودا بە هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی چاودێرییە بازرگانییەکانیانەوە 24 هەزار و 150 سەردانیان کردووە بۆ دووکان و شوێنە بازرگانییەکان. زیاتر لە 848 سەرپێچییان تۆمار کردووە. زیاتر لە 65 شوێنیان داخستوون کە سەرپێچییان کردووە. زیاتر لە 130 ملیۆن دینار سزای ئەو شوێنانەیان داون کە سەرپێچییان کردووە. دەستیان بەسەر زیاتر لە 274 تۆن ماددەی ماوە بەسەرچوودا گرتووە و لەناویان بردوون.  
 
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی جەختی لەوە کردەوە کە مەترسیی کەمبوونەوەی کاڵا لە هەرێمی کوردستان زۆر کەمە. کۆگەکان هێندە خۆراکیان تێدایە کە لە هەندێک شوێن دەترسن نەتوانن لە کاتی خۆیاندا ساخ بکرێنەوە و خراپ ببن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی ساتی بۆردوومانەکە و بریندارێک کە لەلایەن هاونیشتمانییەکەوە بۆ رووداو نێردراون

هەسەدە: تورکیا بە درۆن خەڵکی سڤیلی لە بەنداوی تشرین بۆردوومان کرد

هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، "تورکیا لە رێگەی درۆنەوە ئەو خەڵکی سڤیلەی رۆژئاوای کوردستان دەکاتە ئامانج کە بەرەو بەنداوی تشرین دەچن و دەیانەوێت قەڵخانێکی مرۆیی لەو ناوچەیە دروست بکەن، تاوەکو رێگە لە ‌هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر بەنداوەکە بگرن."