نەسیر شەممە: هەرکەسێک لە کۆنسێرتی شارەکانی نێرگز ئامادەبێت، لەبیری دەمێنێتەوە

18-06-2019
رەنگین شەرۆ
رەنگین شەرۆ
چەند هونەرمەندێکی جیهانی لەرێگەی میوزیک لە هەولێرەوە پەیامی ئاشتی بە هەموو جیهان دەگەیەنن
چەند هونەرمەندێکی جیهانی لەرێگەی میوزیک لە هەولێرەوە پەیامی ئاشتی بە هەموو جیهان دەگەیەنن
نیشانەکردن كۆنسێرتی شارەكانی نێرگز نەسیر شەممە
A+ A-

رووداو - هەولێر 

لەسەر قەڵای هەولێر، یەکێک لە کۆنترین شوێنەکانی جیهان کە بەبەردەوامی مرۆڤ تێیدا ژیاوە و هێشتا ژیان تێیدا بەردەوامە، چەند هونەرمەندێکی جیهانی لەرێگەی میوزیک پەیامی ئاشتی بە هەموو جیهان دەگەیەنن.


نەسیر شەممە، ژەنیاری ناوداری عود لە هەولێرە بۆ ئەوەی بیرۆکەی شارەکانی نێرگز جێبەجێ بکات.

ژمارەیەک هونەرمەندی ناوداری جیهانی بە سپۆنسەریی تۆڕی میدیایی رووداو، باڵیۆزی رێکخراوی یونسکۆ، نەسیر شەممە، کۆنسێرتی شارەکانی نێرگز سازدەکەن. ئەوان، میوزیکی کوردی دەژەنن و لە چەندین وڵاتی دیکەش میوزیک و کەلەپووری کوردی دەناسێنن.

نەسیر شەممە، دەڵێ "هەموو ئەو ژەنیارانەی لە کۆنسێرتەکە بەشدارن باشترینن لە ژەنینی ئامێرە میوزیکییەکانیان. ئەم نمایشە لە قەڵای هەولێر پێشکەش دەکرێت، دواتر دەست بە گەڕێکی جیهانی دەکات، لە لەندەن و وڵاتانی دیکەش پێشکەش دەکرێت. نمایشی دووەم  لە مانگی 10 و هەر لەژێر ناونیشانی شارەکانی نێرگز، بەهەمان ناوەڕۆک پێشکەش دەکرێت. نمایشەکە ژەنینی کەلوپووری کوردی نییە، بەڵکو لە میوزیک و سەمای کوردی و مەقام و نۆتەی ئەوان وەرگیراوە، بەڕاستی چەند مانگێکە کاریان لەسەر دەکەم، هەرکەسێک لە کۆنسێرتەکە ئامادەبێت، لەبیری دەمێنێتەوە".

نەسیر شەممە داهێنانی لە ئامێری میوزیکیی عود کردووە، بۆیە وەکو یەکێک لە ستوونەکانی رۆژهەڵات لەوبوارە ناسراوە، ژەنیارانی دیکەی کورد کۆنسێرتەکەی نەسیر شەممە بە دەرفەتێکی باش دەبینن، بەتایبەت لەکاتێکدا ژەنیاری دیکەی کورد تێیدا بەشدار دەبن.

ئامانج غازی، مامۆستای زانکۆ دەڵێ "رەخساندنی ئەم زەمینەیە لە کوردستاندا کارێکی پیرۆزە، بەڕاستی من بە شتێکی زۆر باشی دەبینم و، ناساندنی شوێنەوار و کولتوورێکی زیندووی کوردستانە بە کۆمەڵێک کولتووری جیاواز کە دەبنە میوانی ئێرە. ئەمە کارێکی زۆر باشە، لەم پرۆژانەدا پێویستە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ ژەنیارانی کوردستانیش لەگەڵدابێت، لە کوردستاندا کۆمەڵێک ژەنیاری باش و پڕ ئەفراندن هەن کە دەتوانن بەشدارییان لەگەڵدا بکەن لەکاتی ژەنیندا".

نەسیر شەممە لە چەند وڵاتێکی عەرەبی ماڵی عودی کردووەتەوە، کە قوتابخانەیەکی تایبەتە بە فێرکردنی ژەنینی عود. ئەو خەڵکی شاری خانەقینە و لە قاهیرە دەژی، تاوەکو ئێستا چەندین خەڵاتی جیهانی و هەرێمی لەبواری ژەنینی عود وەرگرتووە، هەروەها دەیان جار داهاتی کۆنسێرتەکانی لە کاری خێرخوازی خەرج کردووە و لە سەرانسەری جیهانیش کۆنسێرتی بە تەنیا و بەکۆمەڵی سازکردووە.

کۆنسێرتی شارەکانی نێرگز، کاژێر 08:30ـی ئێوارەی 20ـی 6-2019 لەسەر قەڵای هەولێر پێشکەش دەکرێت و هاتن بۆ هەمووانە (جگە لە منداڵانی خوار تەمەن 12 ساڵ) و بێبەرامبەرە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە