هێشتا تەرمی کچە 16 ساڵانەکەی دێرەلووک نەدۆزراوەتەوە

رووداو - هەولێر

دوێنێ دووشەممە کچێکی تەمەن 16 ساڵان خۆی دایە دەم ئاوی رووباری زێی گەورەی دێرەلووک و خنکا، لە دوێنێوە تیمەکانی فریاکەوتن بۆ تەرمەکەی دەگەڕێن و هێشتا نەیاندۆزیووەتەوە. 

کچەکە ناوی هنداڤ فەرهادە و تەمەنی 16 ساڵانە، خەڵکی شارۆچکەی دێرەلووکی سەر بە ئامێدییە، بەیانی دوێنێ دووشەممە (17-6-2019) دوای ئەوەی لە خەو هەستاوە سەرقاڵی دایک و باوکی قۆستووەتەوە و لە ماڵ چووەتە دەرەوە، بە کلیل دەرگای داخستووە تاوەکو کەس بە دواییدا نەڕوات، دوای ئەوە خۆی بە ئاوی زێی گەورەی دێرەلوکدا داوە و هێشتا تەرمەکەی دیارنییە. 

هنداڤ پێڵاوەکەی و کلیلی ماڵەوەی لە قەراخی رووباردا جێهێشتووە، لەو شوێنەدا خۆی خستووەتە رووبارەکەوە کە ئاوەکەی زۆر بەخوڕە و لێڵە، هەرشتێکی بکەوێتە بەردەم رایدەماڵێت. 

دایکی هنداڤ دەڵێت، دوو مانگ بوو باری دەروونی کچەکەم زۆر خراپ بوو، هەر دەیگوت خۆم بە ئاوی رووباردا دەدەم.