نووسەرێکی کورد: سۆمەرییەکان کوردبوونە و زمانەکەیان لە کوردی نزیکە

رووداو دیجیتاڵ 

نووسەرێکی کورد لە فەرهەنگێکدا باس لە پەیوەندیی نێوان زمانی کوردی و زمانی سۆمەرییەکان دەکات و ئاماژە بەوە دەکات، کە سۆمەرییەکان کوردبوونە، زمانی سۆمەری لە کوردی نزیکە، هەروەها دەڵێت، عوسمانییەکان زۆر هەوڵیاندا کە بەرواردی بکەن لەگەڵ زمانی تورکی، بەڵام هیچ بەڵگەیان دەستنەکەوت، تەنانەت لەگەڵ زۆر زمانی دیکە بەراوردیان کرد، بەڵام دەرنەچوو، تەنیا لەگەڵ زمانی کوردی بەروارد نەکرا. 
 
تەحسین عەزیز، کە نووسەری "فەرهەنگی شامێری مادا"یە، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداودا دەڵێت، "ئەو فەرهەنگەم لە زاناکانی زانکۆی ئۆکسفۆرد وەرگرتووە و وەرگێڕاوە، هەموو ئەو پەیڤانەی هەن، بە هەڵە لێکدراونەتەوە، چونکە لە زمانی ئەکەدییەوە وەریانگرتووە، نەک راستەوخۆ لە زمانی سۆمەری".
 
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، سۆمەرییەکان پێنج هەزار ساڵ پێش ئێستا لە وڵاتی دوو رووبارەکە واتە عێراقی ئێستا نیشتەجێبوونە، ئەوان یەکەم کەس بوون کە کاتیان بە سەر 24 کاژێر و 60 خولەک و 60 چرکە دابەشکردووە، لە سەت ساڵی رابردوو زۆر لێکۆڵینەوە لەبارەی سۆمەرییەکان کراوە.
 
لەبارەی دۆزینەوەکان و ئەو لێکوڵینەوانە، تەحسین عەزیز دەڵێت، "ئەو (دەپانە) کە لە ساڵی 1950 دۆزراونەتەوە و ماونەتەوە، زانراوە کە ئەو زمانە بە بڕگە نووسراوە، نەک بە پیت، زۆر گفتۆگۆ لە نێوان زاناکان کراوە لەسەر ئەو پرسە، چونکە دەستێکی ئایینی لە پشت هەبووە، بۆ ئەوەی بڵێن تەورات راستە و دۆکیۆمێنتێکی دیکەی بۆ بدۆزنەوە، بە چاویلکەی ئەکەدی زمانی سۆمەریمان خوێندووەتەوە."
 
بەڵام ئەو نووسەرە کوردە، نموونەی "زیندووتر" دەهێنێتەوە لەبارەی نزیکیی زمانی سۆمەری و کوردی و ئاماژەی بەوەکرد: "بۆ نموونە دەپ، تاوەکو ئێستا لە بادینان پێی دەڵێن دەپ، واتە لەوحە بە عەرەبی، لەبەر ئەوە منیش نووسیم دەپە قورەکان، بەڵام بە "ب" نووسراوە، چونکە ئەکەدییەکان پیتەکانی "پ،گ، ڤ" یان نەبووە، ئەگەر سەیری فەرهەنگەکەش بکەی دەبینی کە "ڤ" کەمە، چونکە زۆربەی گۆڕاوە بۆ "ب" یان"و"، تائێستا لە زازاکی ڤەندا هەیە، واتە چاوەڕێمە، ئەگەر بێیتە رۆژئاوا گۆڕاوە بۆ بەندا، ل بەندا تەمە، ئەگەر بڕۆی بۆ لای گەرمیان و کرماشان، لەوێ گۆڕاوە و بووەتە وەندا، ئێستا وەندا و وەندی هەیە."
 
تەحسین عەزیز زیاتر باسی وشەکانی سۆمەری و کوردی دەکات و بەرواردییان دەکات و دەڵێت: "زۆر وشە بە پێچەوانە نووسراون، بۆ نموونە وشەی مێ، زاناکان و هەتا بەشێک لە کوردیش بۆ نموونە لە کتێبی (ئاو بە تاو)دا نووسراوە موئەنۆس،  بە زمانی ئەکەدی موئەنەسۆ، لە عەرەبی دەبێتە موئەنەس، بەڵام بە زمانی ئێمە بە مێ نووسراوە، بەڵام زاناکە دەڵێت، ئەکەدی گوتوویانە مێ، سۆمەری گوتوویانە موئەنەس، بەڵام بە پێچەوانەیە".
 
تەحسین عەزیز، خاوەنی دوو کتێبی تایبەتە لەبارەی سۆمەرییەکان، کە یەکەمیان فەرهەنگی شامێرا و ئەوی دیکە گلگامشە، دوو کتێبی دیکەشی لەبارەی سۆمەرییەکان ئامادەیە و دەیەوێت بە چاپی بگەیێنێت، لە شامێری مادا کە لە 755 لاپەڕە پێکدێت، باس لە زمانی سۆمەری و کوردی دەکات دەڵێت، (و)، کاتی خۆی خانوو یەک ژوور بووە، ئینجا کە (و) زۆر بێت، لە زمانی سۆرانی پیتی (ر) یان بۆ زیادکردووە و بووەتە ئۆر، بە واتای شار نایەت، شار دواتر دێت، بەڵام ئۆر کۆڵانی پەنا و پێچی هەیە، ئەگەر ئێستا تەماشەی سەر قەڵای هەولێر بکەی کۆڵان و پەنا و پێچی رێک نییە. ئۆر واتە شوێنێکی بەرز، ئەم هەولێرە ئۆرباڵایە، لە شوێنێکی بەرزە، ئەو ئۆرەی کەرکووک، ئەو ئورڤۆیە، وەکو ئۆرفا ئەویش ئۆرڤۆیە.
 
چەند سەرچاوەیەکی مێژوویی باس لە هاتنی سۆمەرییەکان بۆ وڵاتی دوو رووبارەکە، کە عێراقی ئێستایە دەکەن، کە پێش پێنج هەزار ساڵ بووە، بەڵام ئەو نووسەرە تێڕوانینی جیاوازی هەیە لەبارەی هاتنی سۆمەرییەکان و دەڵێت، "دەمەوێ باس لە سۆمەر، ئەکەد و ئاشوورییەکان بکەم کێن و چۆن هاتوونەتە ئەم ناوچەیە، ئەکەدەکان قەومی عادن، ئەمانە سێ هەزار تا سێ هەزار و پێنج سەت ساڵ پێش زایین، دوای لافاوەکە هاتوونەتەوە ناوچەکە، هەندێ پیتیان لەگەڵ پیتی سۆمەرییەکان تێکەڵ بوونە، شامێرەکان کە دەکەنە سۆمەرییەکان خودایان خۆشویستووە، یەک خودایان هەبووە، زاناکان دەڵێن چەندین خودایان هەبووە، بەڵام وا نییە شامێرەکان تەنیا یەک خودایان هەبووە، ئەوانەی دیکە هەموویان ناوی خودانە، پەیڤەکان جیاوازن بۆ نموونە ئەو دەڵێن، یێ یان ئێ، چونکە ئەو پەیڤانە بەس بۆ خودا بەکاردێن، ئەگەر بچووکی بکەیەوە، دەبێتە یەک یان ئێک، بۆ نموونە شا ناوی خودایە ئەگەر بچووکی بکەیەوە دەبێتە پادشا، پاد ئەمڕۆ ئێمە دەڵێین لەبات، "د" بووەتە "ت"، چونکە گۆڕانکارییان بۆ دەکرێت، ئەم شامێرانە پادشای مادەکان بوونە، ناوی خودایان هەڵگرتووە، لەبەرئەوەی شامێری هەڵگرتووە، مادەکان خوایان لە پادشاکانیان زیاتر خۆشویستووە، بۆیە پادشاکانیان دەریانکردوون، ئەگەر ئەو ناوچەیە پێدا بڕۆیت، کوت گود بووە، جێی گووتییەکان بووە، بەڵام لە زمانی عەرەبی "گ" نەبووە بووەتە کوت، هەتا دێی بۆ بەدرە و جەسانە، جەسانە واتە جێگەی سان جەهسانە، واتە جێگەی سان، سانیش ناوی خودایە، وەکو بڵێی ئەمە سنوورێکیان بووە، شامێرەکان هاتوون و چوونەتە خوار ئەوان و ئۆری خۆیان دروستکردووە."
 
تەحسین عەزیز لەبارەی ناوی شارە کوردییەکان بۆچوونی جیاواز و نوێ دەخاتەڕوو و دەڵێت، ماددەکان پادشا بوونە، لە ئێدانێ دانیشتوونە، ئێدان ئەمڕۆ بووەتە ئەدەنە، لە هارانی و ئامادا بوونە، ئەمرۆ ئەو ئامادایە بووەتە ئامەد، ناوی ئەو پاشایەش ئامادا بووە، باوکی پادشایەکی زۆر دادپەروەرە و راستگۆ بوو، خەڵک خۆشی ویستووە، ئامادا ئەم شارەی "ئامەد" بەناوی ئەم کوڕەی دروستکرد، مادەکانی دیکە لەوبەر ئامەدانێکییان دروستکرد کە ئێستا بووەتە هەمەدان، ئەو ئامەدانە کۆنە هەر لەسەر ناوی ئەم کوڕە دروستکردووە، کە هاتوون لەوێ نیشتەجێبوونە ئۆریان دروستکردووە، دواتر ئۆردوویان دروستکردووە کە ئێستا بووەتە ئەریدوو، بەشێوەیەک ئۆرێکیان دروستکردووە، ئەو ئۆرە گەورە بووە و 30 جۆگە ئاوی پێدا هاتووە و ناوی بووەتە سیئابکێ، گووتییەکان پاش چەند ساڵێک هاتوون و ئەکەدییەکانییانی لە شوێنی سۆمەرییەکان دەرکردووە، گووتییەکان بۆ ماوەی 400 ساڵێک دەستییان رۆیشتووە، پەیڤی ئاب لە ئاڤ و ئابەوە بووە ئاپ، سی ئابکێ ئەمڕۆ دەڵێن سەییاب.
 
لەبارەی کولتووری سۆمەرییەکان و هەندێ وشەی کە تاوەکو ئێستاش لەنێو زمانی کوردیدا بەکاردێت تەحسین عەزیز دەڵیت، "بۆ نموونە پەیڤی سەڵتەک، کچی پاشا ئەگەر لە نێوان خێزانی پاشا بە یەکێک لە خێزانی پادشا نەدرابا و کەس نەبووایە ئەو کچە دەمایەوە، کە دەمایەوە و شووینەکردبا، بە سەڵت بەنێودەکرا، سەڵەتەک، تەک بۆ نموونە ئێمە دەڵێین، کورتەک خۆی کوورتەکە، تەک قووڵی نییە، ئەگەر لە چیا بژی ، کۆڕ واتە چیا، ناوچەیەکی شاخاوی پێی دەڵێن کۆڕ، بۆ نموونە کۆڕێ، کە لە دوای پیرمامەوە دێت، بە واتەی رێ لە بەینی چیاکانە، ئەگەر کۆڕێ چیابێت، کۆڕێکی دەبێت و دەبێتە کۆڕتەک، کۆڕی دیکەی نییە، بۆ نموونە پەستەک، ئەوجا ئەو تەکێکی درێژی دەکردەبەر و دەبوویە سەڵاتەکە، ئینجا بوو بە سەڵتەک، ئینجا بوو بە سەڵتە، بەو جلەی لەبەر دەکرد دەچوو خزمەتی ماڵی خودای دەکرد، ئەو سەڵتەیەی ئەمڕۆ مەلاکان یان ئەوانی دیکە لەبەریدەکەن، ئەو سەڵتەیەیە، لە هەمان کاتیش پەیڤی سەڵت بۆ ئەوەیە کە کەسێک ژنی نەهێنابێت یان شووی نەکردبێت".
 
لەبارەی ئەو هەوڵانەی لە لایەن وڵاتانی دیکەوە دراون، بۆ بەکارهێنانی سۆمەرییەکان، تەحسین عەزیز رایگەیاند: "لێکۆڵینڤانەکان دەڵێن، سۆمەری سامی نین، دەوڵەتی عوسمانی لە کاتی خۆی زۆر هەوڵیدا بزانێت کە ئەم زمانە زمانی خۆیانە، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی دەستنەکەوت، لەگەڵ زمانی بولگاریش بەرواردیان کرد، بەڵام دەرنەچوو، تەنیا لەگەڵ زمانی کوردی بەرواردیان نەکرد".
 
لە کۆتاییدا ئەو نووسەرە داوا دەکات کە گرنگی بەو پرسە مێژووییە بدرێت و گوتی، "تا ئێستا نەتوانراوە لە خزمەتی کورد بەکاربهێنرێت، لە کاتی چاپکردنی فەرهەنگەکە من داوام لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بکرێت بە ئینگلیزی، هەروەها چەند پرۆفیسۆرێکی کۆنی ئۆکسفۆرد بێنن ئەوانەی بە تەمەنن، نەک گەنجن، یان لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکە کە زمانی مێخی دەخوێنن بێنن کۆنفرانسێکی نیشتمانی بکەن".
 
تەحسین عەزیز لە دایکبووی ساڵی 1955 ـە، لە شاری هەولێر و ئەندازیاری راوێژکارە لە ئەمریکا، تا ئێستا دوو کتێبی لەبارەی سۆمەرییەکان بڵاوکردووەتەوە و دوو کتێبی دیکەشی لەبارەی سۆمەرییەکان ئامادەیە بۆ چاپ.