کەشناسیی هەرێمی کوردستان: باران دەبارێت و پلەی گەرما پێنج بۆ شەش پلە دادەبەزێت

18-05-2023
نازەنین گۆران
نیشانەکردن باران بارین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت، رۆژی هەینی لە ناوچە شاخاوییەکان باران دەبارێت، پاشان کاریگەری لەسەر زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت، بۆ رۆژى شەممەش کاریگەری بارین زیاتر دەبێت و تاوەکو رۆژی دووشەممە بەردەوام دەبێت.
 
رۆژی پێنجشەممە 18-05-2023 دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لە ئەنجامی نزمەپاڵەپەستۆیەکی قووڵی باشووری عێراق، کەشوهەوای زۆربەی ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ناسەقامگیر دەبن، کە لە رۆژی هەیینییەوە دەستپێدەکات و تاوەکو رۆژی دووشەمەی داهاتوو بەردەوام دەبێت".
 
بەپێی پێشبینییەکانی بەشی کەشوهەوا لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، بەهۆی ئەم نزمە پاڵەپەستۆیە، شەپۆلێکی تۆز و خۆڵ زۆربەی ناوچەکانی باشووری عێراق دەگرێتەوە و کاریگەریی لەسەر هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستانیش دەبێت. 
 
دیلان رەشاد دەڵێت "بەگوێرەی پێشبینییەکان؛ تاوەباران و برووسکە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگریتەوە. سەرەتا رۆژی هەیینی لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان دەبێت، پاشان کاریگەری لەسەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستانیش دەبێت. رۆژى شەممە کاریگەری بارین لە تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت و رۆژی یەکشەممە کاریگەرییەکەی تاوەکو کاتەکانی ئێوارە بەردەوام دەبێت بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی رۆژهەڵات".
 
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، بۆ رۆژی شەممە و یەکشەممە بەراورد بەمڕۆ پلەی گەرما دابەزینی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت کە پێشبینی دەکرێت (5-6) پلە دابەزێت.
 
هەر لەبارەی ئەو شەپۆلی بارانبارینە، محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "شەوی هەینی، بەرەبەیانی شەمە و شەوی شەممە لەسەر یەکشەممه کاریگەری قووڵی شەپۆلەکە دەبێت، بۆیە پێشبینی بڕێکی باشی باران دەکرێت بەشێوەی ناوبەناو لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، بەتایبەتی لە سلێمانی، دەوروبەری هەولێر، هەردوو ئیدارەی سۆران و راپەڕین. ئەو شەپۆلە پچڕپچڕە و تاوەکو رۆژی سێشەممە بەردەوام دەبێت و دواتر کۆتایی پێدێت".
 
محەممەد کەمال هۆشداری لە هەورە برووسکەی زۆر تووند دەدات و دەڵێت "داواکارم شوانکاران ئەو رۆژانە لە ماڵ بمێننەوه و ئەوانەشی لە ماڵەوەن، کارەبا بکوژێننەوه کاتێک هەورە برووسکە دەبێت".
 
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی (هەینی، 19-5-2023):
 
هەولێر: 35 پلەى سیلیزى
سلێمانی: 31 پلەى سیلیزى
دهۆک: 30 پلەى سیلیزى
کەرکووک: 38 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە: 32 پلەى سیلیزى
حاجی ئۆمەران: 19 پلەى سیلیزى
زاخۆ: 31 پلەى سیلیزى
سۆران: 27 پلەى سیلیزى
گەرمیان: 39 پلەى سیلیزى

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەختیار قادر، پەیامنێر و ئیبراهیم عەدنان، وێنەگری تۆڕی میدیایی رووداو.

دوای پێنج کاژێر لە دەستگیرکردنیان تیمەکەی رووداو لە مەخموور ئازادکران

بەختیار قادر، پەیامنێر و ئیبراهیم عەدنان، وێنەگری تۆڕی میدیایی رووداو لە کاتی رووماڵ دا و لە بازگەی مەخموور، لە لایەن هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵیی عێراق دەستگیرکران.