لە کرماشان باوکێک کوڕە ئالودەبووەکەی بە مادە هۆشبەرەکان دەکوژێت

 
رووداو دیجیتاڵ
 
پۆلیسی کرماشان رایگەیاند، باوکێک کوڕەکەی خۆی لە سەربانی ماڵی خۆیان فڕێ داوەتە خوارەوە، بەو هۆیەوە کوڕەکە گیانی لەدەستداوە. بە گوتەی باوکەکە، کوڕەکەی گیرۆدەبووی مادە هۆشبەرەکان بووە و خێزانەکەی ئازار داوە.
 
باوکی ئەو کوڕە گوتوویەتی، "رۆژی رووداوەکە بووە دەمەقاڵیمان، کوڕەکەم چووە سەربانی ماڵ و منیش بەدوایدا رۆیشتم، ئەو لە گوێسەبانەکە دانیشتبوو، لەو کاتەدا یەخەم گرت و کەوتە خوارەوە."
 
عەلی کەرەمی، سەرۆکی بەشی لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی پۆلیس پارێزگای کرماشان رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، پۆلیس ئاگادارکرایەوە، کە لە گەڕەکێکی کرماشان گەنجێکی 25 ساڵ بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە بەرزاییەوە، گیانی لەدەستداوە.
 
بە گوتەی عەلی کەریمی، دوای ئەوەی پۆلیسی لێکۆڵینەوە لە تاوان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکرد، دەرکەوت رووداوەکە بە رێکەوت نەبووە، بەڵکو ئەو کەسە فڕێدراوەتە خوارەوە، بۆیە لێکۆڵەران گومانیان لە باوکی کوڕەکە کرد.
 
باوکەکە کە تەمەنی 57 ساڵە، لە لێکۆڵینەوەی پۆلیسدا دانی بەوەدا ناوە کوڕەکەی کوشتووە و هۆکارەکەشی گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەی کە کوڕەکەی گیرۆدەبووی مادەی هۆشبەر لە جۆری شیشە بووە و ئەندامانی خێزانەکەی ئازار داوە و بە چەقۆ هەڕەشەی لێکردوون.
 
کەیوان گوڵئاوەری، بەڕێوەبەری ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی پارێزگای کرماشان، ساڵێک لەمەوبەر گوتی، "رێژەی بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان لەم پارێزگایەدا لە ئاستێکی بەرزدایە، بە جۆرێک کە زیاتر لە ئاستی مامناوەندی ئێرانە. لە ئاستی ئێراندا 5.6% خەڵک گیرۆدەبووی مادە هۆشبەرەکانن، بەڵام ئەم رێژەیە لە پارێزگای کرماشاندا 5.9%ـە."
 
کەیوان گوڵئاوەری ئاشکرای کردبوو، تاوەکو سەرەتای هاوینی ساڵی 2022 ژمارەی گیرۆدەبووانی مادەی هۆشبەر لە پارێزگای کرماشان گەیشبووە 80 هەزار کەس.