داهاتی دەروازە سنوورییەکان "بە یەک پسوولەی گشتگیر رێکدەخرێتەوە"

18-05-2023
شیراز رەئوف
 سەرکۆ ئازاد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی و بەهجەت عەلی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان
سەرکۆ ئازاد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی و بەهجەت عەلی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

پەرلەمانتارێکی یەکێتی لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، بەپێی رێککەوتنی دارایی پارتی و یەکێتی، داهاتی دەروازە سنوورییەکان بە یەک شێوازی پسوولەی وەزارەتی دارایی رێکدەخرێتەوە و رۆژانە داهاتەکان دەگەڕێنەوە وەزارەتی دارایی.
 
رۆژی پێنجشەممە، 18ـی ئایاری 2023، سەرکۆ ئازاد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات گوتی: ئێستا پسوولەی داهاتی دەروازە سنوورییەکان جیاوازن، بەڵام بەپێی ئەو کاخەزە داراییەی کە حکومەت ئامادەی کردووە و یەکێتی و پارتی لەسەری رێککەوتوون لەمەودوا یەک پسوولەی گشتگیریی وەزارەتی دارایی لە هەموو دەروازەکان کاری پێدەکرێت.
 
گوتیشی، دەروازەکان پابەند دەبن رۆژانە داهاتەکانیان بۆ وەزارەتی دارایی بگەڕێننەوە نەک مانگانە کە پێشتر هەندێک دەروازەی سنووریی مانگانە داهاتەکانیان بۆ وەزارەت دەگەڕاندەوە.
 
ئەو گوتانەی سەرکۆ ئازاد لەکاتێکدایە کە دوای زیاتر لە حەوت مانگ، تیمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە حکومەت، بایکۆتی شکاند و بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، بەشداریی لە کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیراندا کرد، کە لە 14ی ئایاری 2023 بەڕێوەچوو. دوای کۆبوونەوەکە، لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەت (پارتی، یەکێتی، گۆڕان و سۆسیالیست دیموکرات) لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن، بەتایبەتی کۆکردنەوەی داهات و خەرجی.
 
سەرکۆ ئازاد ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا ناڕوونی لە کۆکردنەوەی داهاتدا هەیە، بەڵام ئەگەر کاخەزی داریی حکومەت و رێککەوتنی نێوان لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەت جێبەجێ بکرێت ئەوا تا رادەیەکی زۆر شەفافییەت لە داهاتەکاندا دەبن و داهاتەکانیش زیاد دەکەن.
 
هاوکات بەهجەت عەلی، کە ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستانە لەسەر پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا گوتی: "لایەنە پێکهێنەرەکانی کابینەی 9ی حکومەتی هەرێمی کوردستان  پرۆژەیەکی دارایی گشتییان پێشکێشکردووە بۆ چارەسەری کێشە داراییەکان و ویستی سیاسیش هەیە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی دارایی."
 
بە گوتەی بەهجەت عەلی، دەروازە سنوورییەکان بە دیجیتاڵی پێکەوە دەبەسترێنەوە و شەفافییەت دێتە ئاراوە و وەزارەتی دارایی ئاگاداری وردەکاریی داهاتی هەموو دەروازەکان دەبێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 18.5.2023 تۆڕی میدیایی رووداو نێوەڕۆکی رێککەوتنی لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدابوو کە رێککەوتنەکە لە 11 پەڕە پێکهاتووە و تەنیا واژۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی ماوە، ئەو واژۆیە و پەسندکردنی دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو. 
 
بەپێی رێککەوتنەکە، داهاتی خاڵە سنوورییەکان هەمووی کۆدەکرێتەوە و دەگەڕێتەوە گەنجینەی حکومەت، هەروەها رێژەی دابینکردنی %43ـی داهات بۆ سلێمانی و %57 بۆ دهۆک هەولێر نامێنێت و خەرجی و داهات ناوەندی دەبێت، داهاتی هەموو دەروازە سنوورییەکان دەگەڕێنەوە بۆ حکومەت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوارەبوونی کوردانی ئێزدی لە ساڵی 2014 بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە. وێنە: Getty Images/ئەرشیڤ

پێنج هەزار کوردی ئێزدی قەرەبوو کراونەتەوە

پێنج هەزار کوردی ئێزدی لە شنگال قەرەبوو کراونەتەوە؛ ئەم ساڵ بە گشتی زیاتر لە 200 ملیار دینار بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەتووانی نەینەوا خەرج کراوە