لە فێستیڤاڵی زانکۆی سلێمانی بەدرێژایی دوو کیلۆمەتر پڕۆژە و داهێنان نمایشکران

18-05-2023
پێشەوا بەختیار
 فێستیڤاڵی زانکۆی سلێمانی
فێستیڤاڵی زانکۆی سلێمانی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای 23 ساڵ لە ئەنجامنەدانی فێستیڤاڵی ساڵانەی زانکۆ، جارێکی دیکە زانکۆی سلێمانی ئەو فێستیڤاڵەی دەستپێکردەوە. محەممەد عەبدوڵڵا، خوێندکاری قۆناخی دووی بەشی ئەندازیاریی زانکۆی سلێمانییە، بە پڕۆژەی گلدانەوەی ئاوی باراناو بەشداری لە فێستیڤاڵەکە کردووە و دەڵێت، "بیرۆکەی من لە کوردستان و عێراق نییە."
 
محەممەد عەبدوڵڵا، خوێندکاری زانکۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو بیرۆکەم لەوە بۆهات کە باراناوێکی زۆرمان هەیە ساڵانە و بەفیڕۆ دەچێت، سەیری هەموو ئەو کارانەم کرد لە ئەوروپا دەکران، منیش دیزاینی ئەو پڕۆژەیەم بە فکرەی خۆم دانا."
 
بەدرێژایی دوو کیلۆمەتر لە نێو زانکۆی سلێمانی، پڕۆژە و داهێنانی هەموو بەشەکانی زانکۆکە نمایشکران، خوێندکارانی هەربەشێک و توێژینەوە یان داهێنانی تایبەت بە بەشەکەیان نمایش کرد. خوێندکارێکی زانکۆ گوتی، "ئێستا سۆنەر بۆ مشک دەکەین و دووگیان نییە. ئەم کارە بۆ ئەوە دەکەین بۆ ئەوەی بزانن کە ئاژەڵەکان وەکو مرۆڤەکان پشکنینیان بۆ دەکرێت."
 
خوێندکارێکی دیکەی زانکۆ ماددەیەکی خستە ناو دەستی هاوڕێیەکی و گوتی، "مادەیەکی دیکەی دەخەینەسەر، ئەمە وادەکات کە وەکو خوێن دەربکەویت وەکو ئەوەی بە چەقۆ بڕیبێتت، لەبەر ئەوەی نرخەکەی زۆرە، زۆر کەس ناتوانێت بیکڕێت، بەس لە هۆڵۆوین و فیلمەکان بەکاردێت."
 
هەر لە نێو فێستیڤاڵەکەدا، بەشێک لە خوێندکاران بۆ بەفیڕۆنەدانی ئاو، داوایان لە بەشداربووان کرد ناوی خۆیان بنووسن و واژۆیەک بکەن بۆئەوەی بەڵێن بدەن کە ئاو بەفیڕۆ نادەن.
 
هۆنیا تەها، خوێندکاری زانکۆی سلێمانییە و دەڵێت، "وەکو دەزانین دەگوترێت جەنگی داهاتووی جیهان لەسەر ئاو دەبێت، بۆیە وامانکرد بەڵێن بدەن ئاو بەفیڕۆ نەدەن، لە وەزیر تاوەکو خوێندکار هاتن واژۆیان کرد بە خواستی خۆیان."
 
سەرۆککۆمار و بەرپرسانی حکومی و حیزبی بەشدارییان لە فێستیڤاڵەکەدا کرد، هەموویان دەیانگوت: پیرۆزە لە زانکۆی دایک و بڕیادرا ساڵانە فێستیڤاڵەکە بەردەوامی هەبێت.
 
ئارام حەمەی مینا، وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "دەبێت حکومەت زەمینەی لەبار و کاری باش بکات بۆ ئەوەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان بتوانن توانا و بەهرەکانیان پەرە پێبدەن و بتوانن خزمەت بکرێن و بازاڕی کاریان بۆ ئامادەبکرێت."
 
زیاتر لە 30 هەزار کەس سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کرد، جگە لە خوێندکاران، 50 پڕۆژەی زانستی و 73 پڕۆژەی جۆراوجۆر لەلایەن بەشداربووانی دیکەوە ئامادەکرابوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە