ئاگر لە پاڵاوگەیەکی سەر رێگەی هەولێر - مەخموور دەکەوێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

 

ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر رێگەی هەولێر - مەخموور ئاگر لە پاڵاوگەیەک کەوتەوە و سێ تانکی سووتان؛ تیمەکانی بەرگریی شارستانیش ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکرد. 
 
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 18ـی ئایاری 2023، سەرکەوت کارەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "ئاگرەکە لە پاڵاوگەیەک کەوتووەتەوە و ئێستا کۆنتڕۆڵکراوە."
 
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر گوتیشی "بەشێکی زۆری ئەو تانکیانەی لە نێو پاڵاوگەکە بوون، مەترسیی سووتانیان لەسەر بووە. سێ تانکی سووتاون کە مادەی نەفتا-یان تێدایە کە مادەیەکی زۆر خێرا گڕگرتووە. هیچ زیانێکی گیانیش لە رووداوەکەدا نەبووە."
 
سەبارەت بە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر گوتی کە جارێ هۆکارەکە دیار نیە، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی ورد پێکهێنراوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە. 
 
هاوکات، سەرکەوت کارەش باسی لەوەش کرد کە ئەمە دووەم جارە دەسووتێت. جاری یەکەم لە ساڵی 2021 دا سووتا. 
 
بەرگریی شارستانی بە چوار تیمەوە گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و دوای نزیکەی چوار کاژێر ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵکرد.