ئاسایشی هەولێر چەند کەسێک دەستگیر دەکات کە ئامێری گزیکردنیان دەفرۆشت


رووداو دیجیتاڵ

ئاسایشی هەولێر رایدەگەیێنێت، لەسەر داوای وەزیری پەروەردە و دوای وەرگرتنی رەزامەندیی دادوەر، هێزەکانیان چەند تۆمەتبارێکیان دەستگیر کردووە کە کاری فرۆشتنی بلوتووسیان کردووە کە لە لایەن بەشێک لە قوتابییانەوە بۆ گزیکردن بەکارهاتووە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18-05-2023، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، دوای ئەوەی لەلایەن وەزیری پەروەردەوە ئاگادار کرانەوە کە چەند کەسێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڵدەستن بە فرۆشتنی ئامێری بلوتووس کە لە لایەن بەشێک لە قوتابییانەوە بەکاردەهێنرێت بۆ "کاری (کزی/غەش)کردن"، بۆیە چەند تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە و دراونەتە دادگە.
 
لە راگەیێندراوەکەی ئاسایشی هەولێردا هاتووە، ئەو تۆمەتبارانە بانگەشەی ئەوەشیان کردووە کە دەتوانن وڵامی پرسیارەکانی قۆناخی پۆلی 12 بەردەست بخەن و لە بەرامبەر بڕێک پارەدا بیدەن بە قوتابییان، بۆیە بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر لە رێککەوتی 17-05-2023، تۆمەتبارەکانیان دەستگیر کردووە و دەستیشیان گرتووە بەسەر چەند ئامێرێکی جۆراوجۆری "(کزی/غەش)کردن، لە ماوەکانی رابردووش چەند تۆمەتبارێکی تر لەسەر هەمان تاوان دەستگیر کراون و دراون بە دادگە."
 

 

 

ئاسایشی هەولێر قوتابییان و خوێندکاران دڵنیا دەکاتەوە لەوەی کە "ئەو قسانەی باس لە ئاشکرابوون یان بەردەستخستنی وەڵامی پرسیارەکانی پۆلی 12 دەکەن، دوورن لە راستییەوە"، بۆیە روونیدەکاتەوە "کە ئامانج پارەوەرگرتن و فێڵکردنە لە قوتابییان و خوێندکاران، هەروەها داوا دەکەین کە قوتابییان و خوێندکارانی خۆشەویست خۆیان بەدوور بگرن لە کڕینی ئەم ئامێرانە."