رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت، 27 کۆمپانیای ئەڵمانی بە سەرۆکایەتی شاندێکی ئەڵمانی لە هەولێرن و دەیانەوێت وەبەرهێنانی زیاتر لە هەرێمی کوردستان بکەن، "دوێنێش بە فەرمی ژووری بازرگانی ئەڵمانی لە هەولێر کرایەوە، کە ئەوەش هەنگاوێکی گرنگە لە بواری بازرگانی و وەبەرهێنان."
رۆژی پێنجشەممە، 18-05-2023 محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لەوبارەوە میوانی بووڵتەنی کاژێر 9:00ی رووداو بوو کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی دەکات و گوتی: "ئەو شاندە چەند ئامانجێکیان هەیە، یەکەم؛ کردنەوەی ژووری بازرگانی ئەڵمانی لە هەولێر کە ئەوە هەنگاوێکی گرنگە لە بواری بازرگانی، وەبەرهێنان و هاتن و چوونی سەرمایە چونکە پێشتر نوێنەرایەتیان هەبوو، بەڵام دوێنێ بە فەرمی ژووری بازرگانی ئەڵمانی لە هەولێر کرایەوە."
بە گوتەی محەممەد شوکری، شاندی ئەڵمانی داوایان کردووە لە هەرێمی کوردستان کارگەیەکی بەستن و دروستکردنی پارچەکانی ئۆتۆمبێل دابنێن و دەشڵێت: "پێمان گوتن وەک حکومەت و دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان هەموو ئاسانکارییەکتان بۆ دەکەین و پاڵپشتیتان دەکەین."
یەکێکی دیکە لە داواکاریی شاندی ئەڵمانی لە دەستەی وەبەرهێنان ئەوە بووە، پاڵپشتیی تەواویان بکەن بۆ ئەوەی لە بابەتی کەرەستەی بیناسازی، دروستکردنی کارگەی پەمپ و بۆری کاربکەن. محەممەد شوکری دەڵێت: "پاڵپشتییان دەکەین و دەتوانن لە هەموو ئەو بوارانەی کە کاری تێدا دەکەن وەبەرهێنان بکەن، هەر لەو چوارچێوەیەش دوێنێ سیمینارێکمان پێشکێش کردن لەبارەی ئەو ئاسانکارییانەی ئێستا هەمانە و ئەوانەی دەتوانین لە داهاتوو هەمان بێت بۆ وەبەرهێنانی بیانی لە هەرێمی کوردستان."
قەبارەی وەبەرهێنانی ئەڵمانی لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 30 ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە. سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت: "قەبارەی ئەو وەبەرهێنانە بەراورد بەو ئابوریە گەورەی کە ئەڵمانیا هەیەتی زۆر کەمە، و پێمان راگەیاندن چاومان لەوەیە کۆمپانیا ئەڵمانییەکان لە بواری زیاتر و بۆ سەرمایەی زیاتر کاربکەن بە لایەنیکەم ئەو قەبارە وەبەرهێنانەی کە هەیە زۆر زۆر زیاتری بکەن."
قەبارەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەم سەرووی 12 ملیار دۆلاری ئەمریکییە و بە گوتەی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، چاویان لەوەیە بۆ چەند ساڵی داهاتوو ئاستی وەبەرهێنان زیاتربکەن.
جگە لە ژووری بازرگانی ئەڵمانی بە گوتەی محەممەد شوکری، لە دوو هەفتەی داهاتوو ژووری بازرگانی ئەمریکیش سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، ئەوانیش دەیانەوێت کۆمپانیای زیاتریان لە کوردستان هەبێت و وەبەرهێنانی زیاتر بکەن.
لە هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنانی ئەمریکی لە بواری نانەوتی 120 بۆ 125 ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە. سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت: "پێشتر لەگەڵ کۆنسوڵی ئەمریکاش باسی ئەوەمان کردووە کە وەبەرهێنان زیاتر بکەن و قەبارەی بەرهەمهێنانیان زیاتر ببێت، چونکە ئەو قەبارەی کە هەیە زۆر بچووکە."
سەرەتای مانگی ئایار شاندێکی ئەمریکی سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد. محەممەد شوکری دەڵێت: "هاتنی ئەو شاندە لە بواری نەوت و گاز بوو، بەڵام وەبەرهێنەرێکیان لەگەڵ بووە کە پێشتر وەبەرهێنانی لە هەرێمی کوردستان کردبوو، داوای کرد وەبەرهێنانەکەی زیاتر بکات کە ئەویش دروستکردنی هوتێلی پێنچ ئەستێرەیە، ئێمەش پاڵپشتیمان کرد. جگە لەوەش لەبواری کشتوکاڵی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکی کە لەرێگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە لەسەر هێلین بۆ ئەوەی لە ناوچەی بەردەريش پڕۆژەیەکی کشتوکاڵی لەوێ دروست بکەین."
زەوی بۆ 20 هەزار یەکە نیشتەجێبوونەکان دابین کراوە
محەممەد شوکری لەبارەی دروستکردنی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەمدرامەتان و کرێنشینان گوتی، لە زاخۆ رێکارەکانی دەستپێکردن تەواو بووە و لە مێژە زەوی دابینکراوە، لە هەولێر زەوی وەرگیراوە ئێستا تەنیا رێکارەکانی دەستپێکردن ماوە، لە دهۆک بابەتی زەوی کۆتایی نەهاتووە، لە سلێمانی، گەرمیان، راپەرین و سۆرانیش زەوی دابینکراوە.
بڕیار بوو لە 1ـی ئایار تاوەکو 30ـی ئایار لەسەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەست بە دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون بکرێت. محەممەد شوکری گوتی: " هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ سەرجەم فەرمانگەکانی خۆمان دەبێت، بۆ دوایین رێکار و کارەکانی ئەو یەکانە بۆ ئەوەی هەموو هەولێک بدەین کە لەم مانگە دەست بە پڕۆسەکە بکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ