پلاسخارت بۆ لایەنەکانی کوردستان: پێویستە بەخێرایی چارەسەر بۆ کێشەکانی بەردەم ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن بدۆزنەوە


رووداو دیجیتاڵ

نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایدەگەیێنێت، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان "زۆر دواکەوتووە" و داوا دەکات لایەنە سیاسییەکان بەزوویی لەسەر هەڵبژاردن بگەنە رێککەوتن و چارەسەر بۆ کێشەکانی بەردەم ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن بدۆزنەوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18-05-2023، جێنین پلاسخارت لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە تایبەت بوو بە دۆخی عێراق، قسەی کرد و رایگەیاند، بە هەوڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ حیزبەکان گەڕاونەتەوە بۆ گفتوگۆکردن و سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
 
پلاسخارت ستایشی "هەوڵە بەردەوامەکان"ی نێچیرڤان بارزانی کرد بۆ لێکنزیکردنەوەی لایەنەکان، کۆبوونەوەی سەرۆک و جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیشی بە "دڵخۆشکەر" ناوبرد و گوتی، "دوای زیاتر لە شەش مانگ کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، لەم قۆناخەدا تەنیا دەتوانم هیوابخوازم کە پارتەکانی هەرێمی کوردستان جیاوازییەکان بەلاوە بنێن و لە بەرژەوەندیی خەڵک کاربکەن. یەک ئاوڕدانەوە لە مێژوو و جوگرافیای هەرێمی کوردستان ئەوە نیشان دەدات کە چەند گرنگە ئێستا بەپەلە کێشەکان چارەسەر بکەن."
 
 
پلاسخارت داوای لە لایەنەکانی هەرێمی کوردستان کرد کە "هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوەی جیاوازییەکان زیاتر بکەن و لە بەرژەوەندیی تەواوی هاووڵاتیان کاربکەن. بە ئاوڕدانەوە لە مێژوو و جوگرافیای هەرێمی کوردستان ئەوە دڵنیادەکاتەوە کە دۆزینەوەی چارەسەرێکی خێرا و هەمیشەیی چەند گرنگە." 
 
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان رەخنەی لە دواکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش گرت و گوتی، "ئێستا رۆژی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆکی هەرێم [ی کوردستانەوە] دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ هەموو لایەنەکان لە 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا دانراوە. دەمەوێت لێرەوە بە هەموو لایەنەکان بڵێم، کاتەکە زۆر باشە و رێککەوتن لەسەر کێشەی چۆنێتی هەڵبژاردنەکان دەبێت بە زووترین کات بدۆزرێتەوە. دواخستنێکی دیکەی هەڵبژاردنەکان دەبێتە هۆی لەدەستدانی متمانەی خەڵك."
 
 
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەی دۆخی شنگالیش قسەی کرد، رایگەیاند، "دەتوانین بێ ئومێدی دەربڕین کە هیچ بەرەوپێشچوونێک لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی 2020ی شەنگالدا نەکراوە. ئەمە لەکاتێکدایە پابەندبوونی بەردەوام بڵاودەکرێتەوە لەلایەن لایەنەکانەوە. ئەم دۆخەی ئێستای شەنگال رووبەرێکی فراوانتر بۆ گێرەشێوێنان کە باکگراوندی جیاوازیان هەیە دەکاتەوە. تاوەکو دۆخەکە بۆ ژێر دەستی خۆیان بقۆزنەوە. بەو هۆیەشەوە هەزاران شنگالی ئاوارە ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان". 
 
 
لەبارەی پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا، پلاسخارت پێیوایە کە پەیوەندییەکان "باشن، بەڵام ئاڵۆزن" و دەشڵێت، "بە روونی کێشە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان یارمەتیی باشترکردنی ئەو پەیوەندییەیان نەداوە و هەروەها کاریگەری لەسەر پەیوەندیی نێوان هاوبەشەکان لە بەغداش داناوە."
 
پلاسخارت لەوبارەوە زیاتر قسەی کرد و گوتیشی، "لە 4ی نیسان، دوای دەرکردنی بڕیارێک لەلایەن دادگەی نێودەوڵەتیی پاریس بۆ نێوەندگیری و لە نەبوونی یاسای نەوت و گاز، بەغدا و هەولێر رایانگەیاند، گەیشتوونەتە رێکەوتنێکی کاتی بۆ رێگەدان بە هەناردەکردنەوەی نەوت بە نێو بەندەری جەیهان لە تورکیا. لە 10ی ئایار، حکومەتی عێراق داوای لە تورکیا کرد هەناردەکردن دەستپێبکاتەوە، بەڵام تائێستا دەستی پێنەکردووەتەوە. بەهۆی ئەوەی لە 25ی ئادار هەناردەکردن وەستاوە، مەزەندە دەکرێت سەدان ملیۆن دۆلاری داهات لەدەست چووبێت".