رووداو نێوەڕۆکی رێککەوتنی لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاودەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای زیاتر لە حەوت مانگ، تیمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە حکومەت، بایکۆتی شکاند و بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، بەشداریی لە کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیراندا کرد، کە لە 14-05-2023 بەڕێوەچوو. دوای کۆبوونەوەکە، لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەت (پارتی، یەکێتی، گۆڕان و سۆسیالیست دیموکرات) لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن، بەتایبەتی کۆکردنەوەی داهات و خەرجی.
رێککەوتنەکە تەنیا واژۆی مەسرور بارزانی ماوە
ماوەی چەند ساڵێکە کێشەی کورتهێنانی مووچە و دارایی لە نێوان هەردوو پێکهێنەری سەرەکی حکومەت (پارتی و یەکێتی) هەیە، کرۆکی ناکۆکییەکە لەسەر داهاتی سلێمانی بوو، هەروەها لە یەکێتیش نیگەرانی هەبوو لەسەر ئەوەی مووچەی سلێمانی لە داهاتی نەوت نادرێت و بارگرانی لەسەر پارێزگاکە دروستکراوە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، رێککەوتنەکە تەنیا واژۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی ماوە، ئەو واژۆیە و پەسندکردنی دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو.
لە خاڵە گشتییەکاندا باسی چۆنێتی رێکخستنەوەی داهات و خەرجی کراوە، رێککەوتنەکە لە 11 پەڕ پێکهاتووە و چەند بەشێکە، لە بەشی بنەماکاندا داهات و خەرجی و بودجەی هەرێمی کوردستان جیاکراونەتەوە، لە بەشەکانی رێککەوتنەدا روونکردنەوە لەبارەی هەموو خاڵەکان دراوە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، هەموو ئەو داهاتانەی دێنە بەردەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نەوت و نانەوتی (باج، رسوومات، گومرگ و وەزارەتەکان) کۆکراوەتەوە و وردەکاری کۆکردنەوە و داهاتی دەروازەکان و هەموو کەرتەکان نووسراوە.
لەبارەی دەروازە سنوورییەکانیشەوە، کۆکردنەوەی داهاتی دەروازەکان لە رابردوودا، هەروەها بۆ داهاتی ناوخۆش گرفتی زۆری دروستکردبوو، بەپێی ئەو رێککەوتنە؛ ئەو گرفتانە کۆتاییان دێت و نامێنن، لە بەشێکی دیکەی رێککەوتنە 11 پەڕییەکەدا باسی خەرجییەکانی هەرێمی کوردستان کراوە، کۆی گشتیی خەرجی مووچە و بەکاربردن باس کراوە بۆ هەموو هەرێمی کوردستان بەشێوەی ناوەندی، بەشێكی دیکەی تایبەتە بە کورتهێنانی دارایی لە هەرێمی کوردستان و چۆنێتی پڕکردنەوەی، لەسەر ئەو خاڵەش بە هەمانشێوە هەردوولا رێککەوتوون.
بڕیاردەری لێژنەی دارایی: رێککەوتنەکە خواستی پەرلەمانیش بوو
محەممەد سەعدەدین، بڕیاردەری لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، کە سەرۆکی فراکسیۆنی پارتى گهشهپێدانى توركمانیشە بە رووداوی راگەیاند: "ئەم رێککەوتنە کاریگەرییەکی ئەرێنی بۆ سەر هەموو هەرێمی کوردستان دەبێت، چونکە هەرێمی کوردستان لە سیستمی داراییدا رووبەڕووی کێشەیەکی زۆر ببووەوە، لەلایەکی دیکەوە لایەنە سیاسییەکان پەنجەی تۆمەتیان بۆ یەکدی درێژ دەکرد، ئەمەش کێشەکەی کردە کێشەی سیاسی و ناوچەگەریش، بۆیە ئەم پلانەی حکومەت چارەسەری گرفتەکان دەکات".
محەممەد سەعدەدین گوتی: "دوای بڕيارەکەی پاریس، دەبێ بیر لەوە بکەینەوە کە ئیدی پشت بە داهاتی نێوخۆیی ببەستین، پێشتر کۆکردنەوەی داهاتی دەروازە سنوورییەکان مەرکەزی نەبوو، بەڵام بەپێی ئەم رێککەوتنە دەکرێتە مەرکەزی، ئەمەش خواستی پەرلەمانی کوردستان و لێژنەی داراییە".
سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کۆکردنەوەی داهات، بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای دارایی دراوە و دەشڵێت: "لیژنەکە پێکدێت لە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، جێگرەکەی، وەزیری پلاندان، وەزیری دارایی، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران. ئەو لیژنەیە داهاتی مانگانەی هەرێمی کوردستان کۆدەکاتەوە، داهاتی نانەوتی و ئەوەش کە لە سۆمۆ دێت بۆ هەرێمی کوردستان، ئیدارەی دەدەن."
دابەشکردنی بودجە بەشێوەی 43٪ بە 57٪ نامێنێت
سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی رێککەوتنەکەوە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "ئەو رێککەوتنەی کراوە کۆتایی بە 17 ساڵ ناکۆکی دارایی و پاشماوەکانی دوو ئیدارەیی دێنێت ."
بەپێی رێککەوتنەکە، داهاتی خاڵە سنوورییەکان هەمووی کۆدەکرێتەوە و دەگەڕێتەوە گەنجینەی حکومەت، هەروەها رێژەی دابینکردنی ٪43ـی داهات بۆ سلێمانی و ٪57 بۆ دهۆک هەولێر نامێنێت و خەرجی و داهات ناوەندی دەبێت، داهاتی هەموو دەروازە سنوورییەکان دەگەڕێنەوە بۆ حکومەت.
ئەو پارەیەی کە لە خەزێنەی وەزارەتی دارایی کۆدەکرێتەوە، سەرۆکوەزیران، جێگرەکەی و وەزیری دارایی دەتوانن بۆ پرۆژەکان و مووچە و کڕینی پێداویستی لێی خەرج بکەن.
داهات زیاد دەبێت و پێشینە بۆ مووچە دەبێت
بەهجەت عەلی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن چەند حیزبێکەوە پێکهێنراوە، کە ئەرک و بەرپرسیارێتی دەکەوێتە سەر شانی هەموویان، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی "کۆبوونەوەی بەڕێزان سەرۆک و جێگری سەرۆکوەزیران، رێککەوتنێکی لەبارەی داهات و خەرجی لێکەوتەوە، بەجۆرێک، داهات لە وەزارەتی دارایی کۆبکرێتەوە و پێشینە بۆ مووچە بێت و دوای مووچە بەپێی توانا بۆ پرۆژەکان خەرج دەکرێت".
بەهجەت عەلی گوتی: "ئەگەر کۆکردنەوەی داهات مەرکەزی بێت، هەرێمی کوردستان لە رووی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیشەوە جێگیر دەبێت و داهاتیش زیاتر دەبێت."
سەعدی ئەحمەد پیرە لەبارەی مووچەوە گوتی: "داوامان کردووە مووچە سیادی بێت و نابێت بەشێک بێت لە ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی، نابێت هاونیشتمانییان لە کاتی بوونی کێشە و ناکۆکی لە نێوان پارتی و یەکێتی ترسیان لە دابەشکردنی مووچە هەبێت، بەڵکو دەبێت مووچە گەرەنتیکراو بێت".
رۆژی سێشەممەی رابردوو، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی رایگەیاند :"مووچە بووەتە ئەولەویەت و پرۆژەکان بە دادپەروەری جێبەجێ دەکرێن؛ ئەوانە دوو هەنگاوی زۆر باش بوون، با مووچە کاری لەپێشینەی حکومەت بێت".
پێشتر، سەمیر هەورامی، گوتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاندبوو: "پرۆژەی رێکخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێمی کوردستان، کە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران پەسندکرا، پڕۆژەی هەموو لایەنەکانی حکومەت بووە و بە کۆی دەنگی سەرۆک و جێگری سەرۆکوەزیران و هەموو ئەندامانی ئەنجوومەن پەسند کراوە."
سەبارەت بەوەی گوایە هەندێک لایەن لە دژی پرۆژەیاساکە بوون، سەمیر هەورامی گوتی: "گفتۆی ورد لەبارە چۆنێتی داڕشتنی پڕۆژەکە کراوە، ئەگینا هەموو لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەت، لەگەڵ ناوەڕۆک و ئامانجی ئەو پڕۆژەیە بوون. "هیچ کەسێک دژی نەبووە و هەمووان لەگەڵ ئەو مەبدەئە بوون کە پێویستە بۆ رێکخستنەوەی دارایی هەرێمی کوردستان، داهات و خەرجییەکان ناوەندیی بن و مووچە سیادی بێت".
لە رابردوودا مووچەی سلێمانی یەکێک بوو لە گرفتەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و لە نێو حکومەتیش رەنگی دابووەوە. هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی نزیکەی 940 ملیار دیناری پێویستە، تەنیا مووچەی فەرمانبەرانی سلێمانی و هەڵەبجە مانگانە 362 ملیار دینارە، سلێمانی بۆ مووچە پێویستی بە 362 ملیار دینارە، کە دەکاتە ٪38ـی کۆی پێویستی مووچە، هەرێمی کوردستان مانگانە لە داهاتی نەوت 289 ملیار و 500 ملیۆن دیناری دەنارد، کورتهێنانەکەی دیکە دەبوو سلێمانی خۆی پڕی بکاتەوە، پارێزگای سلێمانی دەبێ مانگانە نزیکەی 110 ملیار دینار بۆ مووچە و خزمەتگوزارییەکان دابین بکات، مانگانەش نزیکەی 70 بۆ 75 ملیار پەیدا دەکات. بەو جۆرەش زۆربەی مانگەکان نزیکەی 35 ملیار دینار کورتهێنانی هەیە.
لەوبارەوە بەهجەت عەلی گوتی: "کێشەی مووچە تەنیا لە سلێمانی نییە، بەڵکو هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان هیوادارن چیدیکە کێشەی مووچە نەمێنێت و دابەشکردنی مووچە نەبێتە هەواڵی بەپەلە لە راگەیاندنەکان".
وردبینی لە داهات و خەرجی دەدرێتە کۆمپانیایەکی بیانی
هەر بەپێی رێککەوتنەکە، ئەو کۆمپانیایانەی بە ناوی جیاوازەوە لە دەروازەکان گومرگیان وەردەگرت، نامێنن. لەگەڵیشدا گەڕانەوەی شایستە داراییەکان کە پێشتر 80٪ بۆ کۆمپانیا و 20٪ بۆ حکومەت بوو، پێچەوانە دەبێتەوە. بۆ رێکخستنەوەی داهات و خەرجی کۆمپانیایەکی بیانی وەک لایەنی سێیەم بۆ وردبینی لە داهات و خەرجییەکان دەهێنرێت، هەروەها حکومەت دابینکردنی پشکی هەر پارێزگایەک لە بودجەی پەرەپێدانی عێراق و پشکی شارەکان جێگیر دەکات، هەروەها دابینکردنی بودجەیەک بۆ وەبەرهێنان و چۆنیەتی دابینکردنی بودجەی پارێزگاکان و پڕکردنەوەی کورتهێنان، لە دوا خاڵیشدا دروستکردنی هەژمارێک ناوەندیی، کە پارە و داهات و خەرجی لە رێگەی ئەو هەژمارەوە دەبێت.