لەنێو کۆڵانەکانی چەمچەماڵ زبڵێکی زۆر کۆبووەتەوە و خەڵک خۆیان فڕێی دەدەن


رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی بایکۆتی ژینگەپارێزانی کۆمپانیایەکی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک لە چەمچەماڵ، لەنێو بەشێک لە کۆڵانەکانی شارەکەدا زبڵێکی زۆر کۆبووەتەوە و خەڵک خۆیان زبڵی بەردەم ماڵەکانیان فڕێ دەدەن.
 
ئاسۆس عەبدوڵڵا، هاونیشتمانییە و دەڵێت، "زبڵ و خاشاکی چەند ماڵێکی دراوسێم هێناوە فڕێیدەم بۆئەوەی کۆڵانەکە پاک بێتەوە، بەڵام من ئۆتۆمبێلم پێیە، لەوانەیە کەسێکی دیکە نەیبێت، ئەی ئەو چی بکات؟ هەندێک زبڵ و خاشاک هەیە بۆگەن دەکات، ئەگەر خەمی لێ نەخورێت و کۆنەکرێتەوە کرم هەڵدێنێت و نەخۆشی بڵاودەبێتەوە، بۆیە داوای چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە دەکەین."
 
تاکە کۆمپانیای کۆکردنەوەى زبڵ و خاشاک لە چەمچەماڵ لە رۆژی شەممەوە کارەکانی راگرتووە، بەهۆی ئەوەی شایستە داراییەکانیان وەرنەگرتووە. نزیکی دوو مانگە ژینگەپارێزانی کۆمپانیاکە مووچەیان وەرنەگرتووە، بۆیە ئەوانیش کارناکەن.
 
ئاوات مەجید، ژینگەپارێز بە رووداوی گوت، "بەناوی نزیکی 100 کرێکارەوە قسە دەکەم، هەموویان دۆخی ژیانیان خراپە، کرێکار دەناسم هاوژینەکەی بۆ بەخێونەکراوە و جێیهێشتووە، ژیان بەڕاستی قورس دەبێت کە مووچەیەکی 300 هەزار دیناری بە دوو مانگ وەربگریت، بۆیە داوا لە کۆمپانیاکان و حکومەت دەکەین داواکارییەکەمان جێبەجێبکەن، کە تەنیا مووچەی مانگانەیە نەک زیادکردنی مووچە."
 
شارەوانیی چەمچەماڵ بەهۆی کەمیی کارمەند و کەمیی ئۆتۆمبێلەوە ناتوانێت زبڵ و خاشاکی کۆڵانەکان کۆبکاتەوە، تەنیا ناو بازاڕ و چەند شوێنێکی سەرەکی پاکدەکاتەوە، ئەویش ئەگەر درێژە بکێشێت، ئەمەشی پێناکرێت.
 
ئارام نەجات، سەرۆکی شارەوانیی چەمچەماڵ باسی لەوە کرد، "ئەو بڕە پارەیەی مانگانە بۆ شارەوانیی چەمچەماڵ دانراوە تەنیا شەش ملیۆن دینارە، ئەم پارەیەش کەمە بۆ تێچووی بەنزین و چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلەکان، بۆیە ئەگەر ئەم گرفتە بەردەوامبێت، 10 بۆ 15 رۆژی دیکە دەتوانین کاربکەین، دواتر بەهۆی نەبوونی پارەوە ئێمەش ناچارین کارەکان رابگرین و گرفتەکە هێندەی دیکە گەورەتر دەبێت." 
 
جگە لە چەمچەماڵ؛ ژینگەپارێزانی کۆمپانیاکانی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک لە سلێمانی و دووکان کارەکانیان راگرتووە، هاوکات کارگوزاری نەخۆشخانەکانی هەڵەبجەش بەهەماشێوە کارناکەن.
 
لەپاش بایکۆتی ژینگەپارێزانەوە، بەشێک لە زبڵ و خاشاک دەسووتێنرێت کە زیانی بۆ ئاو و هەوا و خاکیش هەیە، شارەوانیی چەمچەماڵیش لەتوانایدایە تەنیا 50%ـی ئەو 80 تۆن زبڵ و خاشاکە کۆبکاتەوە، کە لە سەنتەری قەزاکەدا رۆژانە بڵاودەبێتەوە.