بەش و دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان کۆدەبنەوە


رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی یاسایی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێت، سبەی هەینی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان و دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبنەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە 18-05-2023، هاوار محەممەد، بەرپرسی بەشی یاسایی لە بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی گوت: جگە لە سەرۆکی فراکسیۆنەکان، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیش ئامادە دەبن.
 
بەرپرسی بەشی یاسایی لە بەشی هەڵبژاردنی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد: "گفتوگۆکانمان لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان دەبێت."
 
هەفتەی رابردوو، سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران کۆبوونەوە. دواتر سەرۆک بارزانی دەستپێشخەرییەکی بۆ لایەنە سیاسییەکان کرد. لەوبارەیەوە، هاوار محەممەد دەڵێت، "دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی بەدواداهات، ئێستا ئێمە لە بەشی هەڵبژاردنی هەردوولا دەستکراوەتر دەبین و رێککەوتنمان ئاسانتر دەبێت."
 
رۆژی 11-05-2023، سەرۆک مەسعود بارزانی لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، ''ئێرە بە دەرفەت دەزانم بانگەوازێکی دڵسۆزانە ئاراستەی هەموو لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بکەم کە لاپەڕەیەکی نوێبکەنەوە، داواکارم هەرچی زووترە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان پێش 18ـی ئەم مانگە بکرێت، بۆ ئەوەی دڵسۆزانە، بەرپرسیارانە و کوردستانییانە باسی هەموو گیروگرفتەکان بکرێت و چارەسەریان بکەن." 
 
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، پێش ئەم کۆبوونەوە بەرفراوانە، پێویستە مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کۆببنەوە، بۆیە ''داوا لە مەکتەبی سیاسیی هەردوولا دەکەم، دابنیشن و ئەم تەمومژە نەهێڵن، هەروەها زەمینەسازی بۆ کۆبوونەوە بەرفراوانەکە بکەن."    
 
رۆژی 8-5-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لە هەولێر کۆبوونەوە. بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران لە "کەشێکی ئەرێنیدا" تاوتوێی کێشە و گرفتە دارایی و کارگێڕییەکانی بەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە و هەردوولا کۆک بوون لەسەر چارەسەری گشت کێشەکان بە رێگەی گفتوگۆ و هاوکاریی نێوان گشت کوتلە وەزارییەکانی ناو کابینە.
 
هەروەها ئەمڕۆ سێشەممەش شاندێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی سەردانی سلێمانی کرد و لەگەڵ شاندێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبووەوە. دوای کۆبوونەوەکە راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "هەردوولا پەرۆش و هاوڕابوون لەسەر بەهێزکردنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی پەلەکردن لە هەنگاوە یاسایی و سیاسییەکان بۆ فەراهەمەکردنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەوادەی خۆیدا (لە ئەمساڵدا)." 
 
لەبارەی ئەو دەستپێشخەرییەی سەرۆک بارزانی، لە راگەیێندراوەکەدا هەردوو شاندی یەکێتی و پارتی دەڵێن، "وێرای بەرزنرخاندنی دەستپێشخەریی سەرۆک بارزانی کە لەکاتی پێویستدا هات، هەردوولا هاوڕابووین کە پێکەوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش هەنگاوی کرداری بنرێت بۆ بەپیرەوەچوونی ئەو دەستپێشخەرییە و نێوماڵی کوردستان رێکبخرێتەوە و لاپەرەیەکی نوێ لە کۆی پەیوەندییەکان بکرێتەوە."