دوو سەرچاوەی گرنگی ئاوی کرماشان مەترسی وشکبوونیان لەسەرە

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی رێکخراوی پاراستنی ژینگەی کرماشان هۆشداری لە وشکبوونی تاڵاوی هەشێڵان و سەراو نیلوفەر دا و رایگەیاند: ئەگەر بەپەلە هەوڵ بۆ پاراستنیان نەدرێت، وشک دەبن و دەبنە سەرچاوەی خۆڵبارین.
 
تاڵاوی هەشێڵان و سەراو نیلوفەر، دوو دیاردەی سرووشتیی گرنگ و بەناوبانگی پارێزگای کرماشانن، تاڵاوی هەشێڵان 450 هێکتارە و 110 دوورگەی گەورە و بچووکی تێدایە و سەراو نیلوفەریش سەرچاوەیەکی گرنگی ئاو و شوێنێکی گەشتیارییە.
 
بەگوتەی سورەییا قوربانی، جێگری بەڕێوەبەری پاراستنی ژینگەی پارێزگای کرماشان بۆ کاروباری سرووشت و فرەچەشنیی ژینگە، تاڵاوی هەشێڵان و سەراو نیلوفەر بەهۆی هەڵکەندنی ژمارەیەکی زۆری بیری ئاو بۆ کشتووکاڵ، مەترسیی وشکبوونیان لەسەرە.
 
سورەییا قوربانی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 18-5-2023) گوتی "ئەمساڵ بارانی باش باری، بەڵام چونکە بەفر نەباری و سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەوی پڕنەبوونەتەوە، سەرچاوەی ئاوی تاڵاوی هەشێڵان باش نییە"؛ لە لایەکی دیکەشەوە لە دەوروبەری ئەو تاڵاوەدا ژمارەیەکی زۆر بیری ئاو لێدراون و ئاوی سەرچاوەکانی هەشێڵان لەڕێی ئەو بیری ئاوانەوە هەڵدەهێنجرێت و ئەمەش دەبێتە هۆی وشکبوونی تاڵاوەکە.
 
بەگوتەی سورەییا قوربانی، سەرچاوەکانی ئاوی کرماشان کورتهێنانی ئاویان هەیە و کاری لەپێشینەش، دابینکردنی ئاوی خواردنەوەیە بۆ خەڵک، بۆیە بۆ ئەوەی ململانێ و کێشە لەسەر ئاو روونەدات، مافی ئاوی هەشێڵان لە بەنداوی گاوشان نادرێت و ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی ئاستی ئاوی ئەو تاڵاوە.
 
ئەو بەرپرسەی دامەزراوەی پاراستنی ژینگەی پارێزگای کرماشان گوتی: تاڵاوی هەشێڵان ئێکۆسیستەمێکی گرنگی زیندەوەر و گیژوگیایە، کە ئەگەر وشک ببێت، جگە لەوەی گیاندار و گیاکانی لەنێودەچن، دەتوانێت ببێتە سەرچاوەیەکی خۆڵبارین و، تەندروستیی خەڵکی شرای کرماشان دەخاتە مەترسییەوە.
 
سورەییا قوربانی باس لەوە دەکات، تاڵاوی هەشێڵان یەکێکە لە گرنگترین ئیکۆسیستمەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و شوێنی ژیانی ژمارەیەک باڵندەی خۆجێی ناوچەکە و کۆچەرییە.
 
جگە لە وشکەساڵی، هەڵکەندنی بیری ئاو مەترسیی بۆ سەر سەراو نیلوفەریش دروستکردووە، هەندێ لەو بیرانە تاوەکو 120 مەتر قوڵن و ئەمەش وادەکات بەشی زۆری سەرچاوەکانی ئاوی سەراو نیلوفەر هەڵمژن.
 
قوربانی دەڵێت "هەموو ساڵێک لە دەورووبەری سەراونیلوفەردا کشتوکاڵێکی زۆر دەکرێ و تەنانەت قۆناخی دووەم و سێیەمی بەرهەمیشیان هەیە، واتە سێ قات ئاویان پێویستە، هەر ئەمەش کاریگەریی خراپ لەسەر سەرچاوەکانی ئاو دادەنێت.
 
ئەو، هۆشداریی دا، ئەگەر دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بەگوێرەی پێویست گرنگیی بە سەراو نیلوفەر نەدەن، وەک ساڵی پار وشک دەبێت.