رووداو – واشنتن
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، واشنتن "پێشوازی" لە رێککەوتنی پارتەکانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.
لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن، ڤیدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رۆژی چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "دەستخۆشی لە پارتە کوردییەکان دەکەین لە بەرامبەر پێکهاتنیان بۆ چارەسەرکردنی کەشەکان لە رێگەی گفتوگۆ".
گوتەکانی ڤیدانت پاتێل لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە پارتی و یەکێتی کۆبوونەوە و پابەندبوونی خۆیان بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە تشرینی دووەمی ئەمساڵدا دەربڕی.
پاتێڵ دەڵێت "لە عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستانی عێراق بە تایبەتی، ئەم هەنگاوانە سوودیان دەبێت کاتێک کە سەرکردەکان سەرنجیان لەسەر پێداویستییەکانی خەڵک بێت".
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هاوکات دووپاتیکردەوە، واشنتن هانی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەدات، "پەرە بەم دەرفەتە بدەن".
هاوکات لە بارەی هێرشێکی درۆنیی 23ـی ئادار کە لە سووریا بووە هۆی کوژرانی بەڵێندەرێکی ئەمریکی، دیار کوردە داوای پشتڕاستکردنەوەی لە پاتێل کرد لەسەر لێدوانی بەرپرسێکی ئەمریکی بۆ میدیای وڵاتەکەی کە باسی لەوە کردبوو، هێرشەکە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران لە خاکی عێراقەوە کراوە.
پاتێل رەتیکردەوە وردەکاریی لە سەر ئەو هێرشە لەلا بێت، بەڵام گوتی "جموجوڵی میلیشیا پشتیوانکراوەکانی ئێران و گرووپە بە وەکالاتەکانی، نەک تەنیا لە عێراق، بەڵکو لە هەموو ناوچەکە هێشتاش جێگەی نیگەرانیی گەورەیە بۆ ئێمە، کە ئێمە راستەوخۆ لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە ناوچەکەدا باسی دەکەین، لە نێویاندا حکومەتی عێراق، هەروەها هۆشداریشی دا کە ئیدارەی بایدن دوودڵ نەبووە لە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ دڵنیابوونەوە لە پاراستنی سەربازە ئەمریکییەکان".
دەقی پرسیار و وەڵامی دیار کوردە و ڤیدانت پاتێل:
دیار کوردە: بەرپرسێکی ئەمریکی بە وۆڵ ستریت جۆرناڵی گوتووە کە ئەو هێرشە درۆنییەی بووە هۆی کوژرانی بەڵێندەرێكی ئەمریکی و چەند سەربازێکی دیکەی ئەمریکی لە سووریا لە 23ـی ئادار، لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران لە عێراقەوە کرابوو، ئایا دەتوانی پشتڕاستی بکەیتەوە کە ئەم هێرشە لە لایەن گرووپە چەکدارەکانی ئێران لە عێراق کرابوو، ئەگەر "بەڵێ"، ئایا هیچ هەنگاوێک لە دژیان دەگرنەبەر؟
ڤیدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: جموجوڵی میلشیا پشتیوانکراوەکانی ئێران و گرووپە بە وەکالاتەکانی، نەک تەنیا لە عێراق بەڵکو لە هەموو ناوچەکە هێشتاش جێگەی نیگەرانیی گەورەیە بۆ ئێمە، کە ئێمە راستەوخۆ لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە ناوچەکە باسی دەکەین، لە نێویاندا حکومەتی عێراق، بەڵام بە دیاریکراوی لەسەر ئەو هێرشە، هیچ زانیاریم نییە لێرەوە بیڵێم، رێگە بە هاوکارەکانم لە وەزارەتی بەرگری دەدەم قسە لەسەر ئەوە بکەن. تەنیا ئاماژە بەوە دەکەم کە ئەم ئیدارەیە دوودڵ نەبووە لە گرتنەبەری هەنگاو بۆ دڵنیابوونەوە لە پاراستنی سەربازەکانمان، بەڵام هیچی دیکەم پێنییە لەو بارەیەوە پێتانی رابگەیێنم.
دیار کوردە: ئایا هیچ شتێک هەیە کە واتان لێ بکات بەدوای ئەو گرووپانەدا نەڕۆن کە لە عێراق هەڕەشە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا دروستدەکەن؟
ڤیدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: من هیچ هەڵسەنگاندنێکم نییە لێرەوە پێتانی رابگەیێنم.
دیار کوردە: بڕیارە هەرێمی کوردستان لە کۆتایی ئەمساڵدا هەڵبژاردن ئەنجامبدات کە دەبوو ساڵی رابردوو کرابا، بەڵام هێشتا چەند ناکۆکییەک لەنێوان پارتە سیاسییەکاندا هەن، بەتایبەتی لەسەر کورسیی پێکهاتە کەمینەکان لە پەرلەماندا، پرسیارەکە ئەوەیە؛ ئایا لەسەر ئەم پرسە هاوئاهەنگیتان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هەبووە؟
ڤیدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: ئێمە دەستخۆشی لە پارتە کوردییەکان دەکەین لە بەرامبەر پێکهاتنیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆوە. لە عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستانی عێراق بەتایبەتی، ئەم هەنگاوانە سوودیان دەبێت کاتێک کە سەرکردەکان سەرنجیان لەسەر پێداویستیی خەڵکە، ئێمە هانیاندەدەین پەرە بەم دەرفەتە بدەن. ئێمە پێشوازی لە هەوڵەکانی لایەنەکان دەکەین بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە کۆتایی ئەمساڵدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ