دەرباز کۆسرەت: سندووقی بەکارهێنانی رێگەوبان دروستدەکەین

رووداو - هەولێر 

زۆربەی رێگەکانی دەرەوەی شار لە هەرێمی کوردستان ستاندارد نین. وەزارەتەکان بۆچوونی جیاوازیان لەبارەی دۆخی رێگەوبانەکان هەیە. 

وەزیری شارەوانی پێیوایە بە پێدانی بەشێک لە رێگەکان بە کەرتی تایبەت دەتوانرێ کێشەی ناستانداربوونی رێگە دوورەکان چارەسەر بکرێت، وەزیری ئاوەدانکردنەوەش جەختی لەوەکردەوە، سندووقێک بە ناوی سندووقی بەکارهێنانی رێگەوبان دروستدەکەن بۆ ئەوە داهاتەکی بۆ دروستکردن و چاککردنەوەی رێگەکان خەرج بکرێت.

دەرباز کۆسرەت، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "پرۆژەیاسایەک هاتووە بەناوی وەرگرتنی وەزیری رێگەوبان، ئێمە زۆر دراسەمان کردووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەمانویستووە بارگرانییەکی دیکە بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دروست بکەین، بۆیە بڕیارمان دا تاوەکو مووچە نەگەڕێتەوە و وەک خۆی لێ نەیەتەوە دەست بەو پرۆژەیە نەکەین".

دوو پرۆژەی شەقامی 120 مەتری و 150 مەتری هەولێر بە گرێبەست بە کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت دراون، بەڵام بە گرێبەستی تەنها دروستکردن دواتر رادەستکردنەوەیان بە حکومەت.

ئەمیر ئەندازیارە و دەڵێت، گرێبەستی درێژخایەن وەک وڵاتان بۆ دروستکردن و چاکردنەوەی شەقامێک لەلایەن هەمان کۆمپانیا باشترە و وادەکات شەقامەکان کەمتر تووشی تێکچوون ببن.

کەرتی تایبەت لە جیهاندا باڵی سەرەکی و بەهێزی دروستکردنی شەقام و ئوتوبانەکانە، بە شێوەیەک کۆمپانیای کەرتی تایبەت لە دوای تەواوکردنی پرۆژەکە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو کە لە پێنج ساڵەوە دەستپێدەکات باج لەسەر رێگەکان دادەنێت و دوای تەواوبوونی وادەکە رادەستی حکومەتی دەکاتەوە.

پێداچوونەوە؛ راوچی حەسەن