لە سەیدسادق کچێکی نابینا یەکەمی قوتابخانەکەیەتی

18-05-2019
ئەمەل ناجی
..
..
نیشانەکردن نابینا سەیدسادق
A+ A-

رووداو - سەیدسادق

کچێکی دانیشتووی سەیدسادق سەرەڕای ئەوەی چاوەکانی توانای بینینیا نییە، بەڵام توانیویەتی لەسەر ئاستی قوتابخانەکەی  پلەی یەکەم بەدەست بێنێت. 

سومەییە کەمال کچێکی دانیشتووی قەزای سەیدسادقە، خوێندکاری پۆلی 11ـی وێژەییە، لەگەڵ ئەوەی سومەییە چاوەکانی توانای بینیان نییە، بەڵام ئەوە رێگری لەبەردەم خوێندنەکەی و ئەنجامدانی خولیا و حەزەکانی نەکردووە، خوێندنی قوتابخانەی بە گوێگرتن لە وانەکان لە رێگەی تۆماری دەنگییەوە دەخوێنێت.

سومەیە حەزێکی زۆری بۆ خوێندنەوە هەیە و رۆژانە لە رێگەی کتێبی دەنگییەوە کتێب دەخوێنێتەوە، هەروەها لە کاتەبەتاڵەکانیشدا سەرقاڵی نوسینی شیعر و هۆنراوەیە. 

جگە لەوە ئاشنای تەواوی تەکنەلۆژیایە و لە رێگەی پرۆگرامی ڤۆیس ئۆڤەری تایبەت بە نابینایان، دەتوانێت سەرجەم پرۆگرامەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێنێت.

سومەییە کەمال بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "خوێندنەوە گەورەترین خولیای منە، واتە حەزناکەم رۆژێک تێپەڕببێت بەبێ ئەوەی بەشێک لە کتێبێک بخوێنمەوە".

سومەیە نیگەرانە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات "گرنگی بە ئێمە ھەر نەدراوە لەم شارەدا، ئەگەر گرنگی بدرایە، سادەترین ماف کە خوێندنەوەیە فێربوونی ئەو خەتەیە کە نابینا ھەیەتی، بەداخەوە نییە".

زۆر زۆر ھەوڵی دەدەم تا کتێبێک بەدەستدەخەم، دەرسەکانمان لە رێی کتێبخانەیەکەوە لە سلێمانی و ھەولێر بۆمان دەھێنرێت، ئەو شتانەشی لە کتێبدا نییە مامۆستاکانم ھاوکاریم دەکەن، بۆم تۆماردەکەن.

نەبوونی سەرچاوەی دەنگی ئەوتۆ لە سەیدسادق زەحمەتی زۆری بۆ باوکی سومەییە دروستکردووە، ھەندێک جار بۆ دەستخستنی سەرچاوەیەک دەبێت بچێتە شارە گەورەکان.

کەمال جەلال، باوکی سومەییە یە و خۆیشی نابینایە، دەڵێ "خۆم نابینام، کچەکانیشم نابینان، ئەرکێکی قورس کەوتۆتە سەر شانمان، بۆ ئێمە قورسە دابینکردنی پێداویستیەکان بۆیان، زۆر ھەوڵ دەدەین و بە کەموکوڕی پێداویستیەکانمان بەدەستدەگات، بەڵام ھێشتا وەک پێویست نییە".

سومەییە ئێستا خوێندکاری 11ـی وێژەییە و بۆ چوون و ھاتنەوە لە خوێندنگە پێویستی بە ھاوکاری کەسێک لە خێزانەکەی یان ھاوڕێکانی ھەیە.

وانەکانی بە ئامێری تۆمارکردنی دەنگ تۆمار دەکات و بۆ وەڵامدانەوەی تاقیکردنەوەکانیش یەکێک لە مامۆستاکانی ھاوکاری دەکات و وەڵامی دروستی بۆ دەنووسێت.

مامۆستایەکی قوتابخانەکەی باس لەوە دەکات، سومەییە ئاسانکاری لەڕادە بەدەری بۆ مامۆستاکان کردووە، تەنھا بە گوێگرتن وانەکانی وەردەگرێت و لەسەر ئاستی خوێندنگەکەشی یەکەمە، ئەمە توانایەکی زۆر بەرزە، بەڵام ئەگەر بەو شێوەیە نەتوانێت وانەکانی وەرگرێت، ئێمە ناچارین رێگەی دیکە بگرینە بەر بۆ ئەوەی لەو ئاستەی خۆی دانەبەزێت".

لە جیھان نووسینی برایل ھەیە کە تایبەتە بە نابینایان، لە رێگەی ھەستی بەرکەوتنی پەنجەکانەوە دەتوانن بخوێننەوە و بنووسن، بەڵام سومەییە تاوەکو ئێستا ئاشنای ئەو شێوازە نووسینە نییە.

داڕشتنەوە؛ بڕوا کیانی

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە