لە مەلەتی باکووری کوردستان خواردن پێشکەشی 90 هەزار کەس دەکرێت

رووداو - هەولێر

وەکو نەریتێکی ساڵانە، شارەوانی شاری مەلەتی لە باکووری کوردستان بە پاڵپشتی سەرمایەداران و خێرخوازانی شارەکە، لە مانگی رەمەزاندا خواردن و شیرینی پێشکەشی رۆژووەوانان دەکات.

شارەوانی بەتتاڵ غازی لەبەردەم باڵەخانەی پارێزگاری مەلەتی خێوەتێکی گەورەی هەڵداوە و ئامادەکارییەکی باشی کردووە بۆ پێشکەشکردنی خواردن لە بەربانگدا.

پاش مەلا بانگدان رۆژووەوانان بەخۆشحاڵییەوە رۆژووەکانیان شکاند. سەڵاحەدین گورکان، سەرۆکی شارەوانی بەتتاڵ غازی دەڵێ "هەموو ساڵێک وەکو نەریت لەم خێوەتانەی کە تایبەتن بە بەربانگ، رۆژانە خواردن بۆ نزیکەی دوو هەزار و 500 کەس ئامادە دەکرێت. هەروەها خواردنی گەرم بۆ 500 کەسی دیکەش ئامادە دەکرێت و بەسەر ماڵەکاندا دەبەش دەکرێ. ئەگەر رۆژانە لێرە خواردن پێشکەش بە دوو هەزار و 500 کەس بکرێت و بۆ 500 کەسیش خواردن رەوانەی ماڵەوە بکرێت، ئەوا لە مانگی رەمەزاندا خواردن پێشکەش بە 90 هەزار کەس دەکرێت".  

لەگەڵ ئەو ژەمە خواردنەی ئامادەکراوە چەندین جۆر شەربەت و شیرنەمەنی و حەلوا کە لەلایەن شێفی شارەزاوە ئامادەکرابوون، پێشکەش بە رۆژووەوانان کرا.   

سەڵاحەدین گورکان هەروەها دەڵێ "بەشێکی زۆری تێچووی ئەم کارە نەک لەلایەن شارەوانی، بەڵکو لەلایەن خێرخواز و بازرگان و سەمایەدارانی شارەکەوە دابین دەکرێن. ئەمە خاڵێکی گرینگە. لێرەوە پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە هەموو ئەو کەس و دامەزراوانە دەکەم کە لە ئامادەکردنی خوانی بەربانگ بۆ خەڵکی هەژار و کەم دەرامەت و ئەوانەی پێویستیان پێیە، رۆڵیان گێڕاوە و هاوکارییان کردووە".