ئەلیکساندەر دوگین: کورد گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی هەر ئەنجامدەدات
رووداو - هەولێر
ئەلیکساندەر دوگین، بیرمەند و راوێژکاری سەرۆکایەتیی رووسیا دەڵێت، کورد گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی هەر ئەنجامدەدات و راگەیاندنی سەربەخۆیی-ش ئاسانە، بەڵام بەدەستهێنانی پشتگیری وڵاتان قورسە.
لەبارەی هەوڵی کورد بۆ سەربەخۆیی، لە لێدوانێکی تایەبت بۆ رووداو، ئەلیکساندەر دوگین گوتی "پرسی کورد ئاڵۆزە. کورد بەسەر وڵاتاندا دابەشبوونە و لە هەر سوچێکی گۆی زەوی لە هەلومەرجێکی جیاوازدا دەژین. سەربەخۆیی شتێکی چاکە، بەڵام بەرلەوەی پشتگیری لە سەربەخۆیی کورد بکەین یاخود رەتیبکەینەوە، پێویستە پرسی ناسنامە یەکلایی بێتەوە. ئەوە شتێکی روونە، کە کورد گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی هەر ئەنجامدەدات".
لەبارەی پشتگیری رووسیا بۆ سەربەخۆیی، ئەلیکساندەر دوگین گوتی "هەرچی پشتگیرییەکەیە، دەگەڕێتەوە سەر هەڵوێستی رووسیا، ئێران و تورکیا و وڵاتە زلهێزەکانی دیکە. راگەیاندنی سەربەخۆیی ئاسانە، بەڵام بەدەستهێنانی پشتگیری وڵاتان قورسە".
سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران، راوێژکاری کریملین دەڵێت، لە هەڵبژاردنی ئێران بژاردەکە بە دەستی ئێرانییەکانە. ئەوان هەر بڕیارێک بدەن رووسیا بەشێوەیەکی یاسایی دانی پێدادەنێت.
دوگین دەڵێت "لە ئێستاوە پشتگیری لە پارتی میانڕەوی و گەشەپێدان دەکەین، کە رووحانی رابەرایەتی دەکات، پشتگیری لە پارتی پارێزگارانیش دەکەین، ئەگەر هاتوو رەئیسی کورسی دەسەڵاتی گرتەدەست. من بەشبەحاڵی خۆم پشتگیری لە رەئیسی دەکەم، کە نوێنەرایەتی پارێزگاران و سیستەمێکی پابەندبوو بە دابونەریتە ئێرانییەکان دەکات، کە شتێکی باشترە. رووسیا دەتوانێت لەگەڵ هەردوو پارتی میانڕەوی و گەشەپێدان و پارتی کۆنسەرڤاتیڤ پەیوەندی ببەستێت. لایەنی ئەرێنی لە هەردوو پارتەکەوە بەدیدەکرێن".
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ لە سیمینارێکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو، ئەلیکساندەر دوگین بابەتێک لەبارەی "ئۆراسیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست" پێشکەش بکات.
داڕشتنەوە: حەکیم داود