لە قوتابخانەیەکی بەمۆ بە "سێ مامۆستا چاوی قوتابییەک دەتەقێنن"

18-05-2017
پێشه‌وا هه‌ورامانی
رێبین یار ئەحمەد، پەیامنێری رووداو چووەتە ماڵیان و قوتابییەکە و باوکی باسی رووداوەکە دەکەن
رێبین یار ئەحمەد، پەیامنێری رووداو چووەتە ماڵیان و قوتابییەکە و باوکی باسی رووداوەکە دەکەن
نیشانەکردن مامۆستا قوتابی
A+ A-

رووداو- هەڵەبجە

لە قوتابخانەی گمەی ناحیەی بەمۆی سەر بە هەڵەبجە، قوتابییەک بەناوی "پەیڕەو موحسین"، کە پۆلی پێنجەمی بنەڕەتییە، لەلایەن سێ مامۆستاوە لێی دەدرێت، بەهۆی لێدانەکەشەوە چاوێکی لەدەستداوە.

حاجی موحسین ئەمین، باوکی قوتابییەکە بە رووداوی راگەیاند "کوڕەکەی  لەلایەن سێ مامۆستاوە بە بۆکس لێی دراوە، مامۆستایەکیان کتێبێکی لە ناوچاوی داوە، بەو هۆیەوە شەبەکەی چاوی تێکچووە، نەشتەرگەریی بۆ کراوە، ئاوی سپی لە چاوی دەرکراوە، عەدەسەی بۆ دانراوە". 

باوکی قوتابییەکە دەڵێت "پزیشکەکان پێیان گوتووین،  دەبێت لەژێر چاودێری بەردەوامدابێت بەهۆی ئەو زەبرە قورسەی بەریکەوتووە".

مامۆستا سالار، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان هەواڵەکەی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند "باوکی قوتابییەکە پەیوەندی بە ئێمەوە کردووە و لەم حاڵەتە ئاگاداری کردووینەتەوە، ئێمەش پێمان راگەیاندوون کە سکاڵا و وردەکاری رووداوەکەش بۆ ئێمە بهێنن تاوەکو بەدوایدا بچین".

یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان گوتیشی "سکاڵاکەیان لەلای ئێمەیە، لێژنەیەکمان پێکهێناوە بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا وردەکاری ئەو رووداوە بزانین و راستییەکان روونبکەینەوە؛ کە رووداوەکە چۆن روویداوە". 

ناحیەی بەمۆ لە نزیک شاری دەربەندیخانە، لەڕووی ئیدارییەوە خراوەتە سەر پارێزگای هەڵەبجە، بەڵام تاوەکو ئێستا قوتابخانەکانی سەر بە ئیدارەی گەرمیانن.

داڕشتنەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە