ئاهەنگ و دڵخۆشیی کوردانی ئێزدی 'لە رۆژی دروستکردنی گەردوون'
رووداو دیجیتاڵ
رێوڕەسمی جەژنی سەری ساڵی کوردانی ئێزدی لە شنگال بە ئاهەنگ و خۆشی دەربڕینی هاونیشتمانییان بەڕێوەچوو، ئەوانەی بەشداریی جەژن و ئاهەنگەکان بوون، ئاواتیان خواست کە ژن و کچانی رفێندراوی دەستی داعش رزگار بکرێن و ئاوارەکان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.
لە جەژنی سەری ساڵدا، کوردانی ئێزدی هێلکە رەنگ دەکەن و گوڵی نیسان دەکەن بە دەرگەی ماڵەکانیانەوە.
لەو مانگەدا، کوردانی ئێزدی زەوی ناکێڵن، بووک ناگوێزنەوە و دەڵێن، نیسان خۆی بووکی ساڵە و جوانیی خۆی ناداتە کەسی دیکە. هەروەها دوای رەنگکردنی هێلکەکان، توێکڵەکەی لەنێو دەخڵودانیان ورد دەکەن و بڵاوی دەکەنەوە تاوەکو خێر و بەرەکەتی زەوییەکانیان زیاد بێت.
شێخ جەلال کوردی ئێزدییە، دەڵێت: لە جەژنی سەری ساڵدا جلوبەرگی کولتووری لەبەردەکەن تاوەکو بیپارێزن و لەبیرنەکرێن.
کوردانی ئێزدی ژمارەیەک جەژن و بۆنەیان هەن، جەژنی سەری ساڵ گرنگترینیانە کە دەکەوێتە یەکەم هەفتەی مانگی نیسانەوە بە رۆژژمێری هەتاوی. (سێیەم چوارشەممەی نیسان بە رۆژژمێری زایینی). بە باوەڕی کوردانی ئێزدی، رۆژی سەری ساڵ، رۆژی دروستکردنی گەردوونە.