کوردانی ئێزدی لە رۆژئاوای کوردستان؛ کۆچی فراوان و پێشێلکردنی بەرنامە بۆداڕێژراو

رووداو دیجیتاڵ

ئامارێکی فەرمی و ورد بۆ ژمارەی کوردانی ئێزدی لە رۆژئاوای کوردستان بەردەست نییە، بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتدارانی سووریا هەرگیز دانیان بە ناسنامەی ئایینی و کولتووریاندا نەناوە. تاکە ئاماری بەردەست بۆ ژمارەیان بۆ ساڵی 1963 دەگەڕێتەوە کە ئەوسا بەپێی ئاماری نیشتمانیی سووریا، ژمارەیان نزیکەی 10 هەزار کەس بووە و نیشتەجێبووی هەردوو ناوچەی جەزیرە و عەفرین بوون. 
 
ئەوکات ژمارەی دانیشتووانیان نزیکەی پێنج ملیۆن کەس بوون. بەوپێیە بێت، رێژەی کوردانی ئێزدی لەو سەردەمەدا 0.2٪ی کۆی دانیشتووانی سووریای پێکهێناوە. ئەگەر بێتوو تێکڕای ئەم رێژەیە بە ژمارەی دانیشتووانی سووریا لە ساڵی 2011 بەراورد بکەین، کە 21 ملیۆن کەس بوون، ژمارەی کوردانی ئێزدی دەگاتە 42 هەزار کەس.
 
کوردانی ئێزدی لە رۆژئاوای کوردستان بەسەر 71 گوند و ژمارەیەک کێڵگە و هەندێک ناوچەی ناوەندی شارەکاندا دابەش بوون. لە عەفرین 22 گوند، لە حەسەکە 20 گوند، لە سەرێکانی 10 گوند و ژمارەیەک کێڵگە، لە عاموودا 10 گوند، لە ترپەسپی 4 گوند و لە 3 گوندیش ژمارەیەک ئێزدی هەن و لە دربێسیێ-ش دوو گوندی کوردانی ئێزدی هەن. 
 
بەڵام کۆمەڵگەی کوردی ئێزدی لە هەشتاکانی سەتەی رابردوودا کۆچی زۆر فراوانیان بەرەو وڵاتانی دەرەوە بە گشتیی و وڵاتانی ئەورووپایی بەتایبەت کرد. لە ئاوارەیی و دوورە وڵاتی و لەگەڵ دامەزراندنی رێڤەبەری خۆسەر، دەرفەتی ئەوەیان هەبوو سرووتە ئایینی و چالاکییە کۆمەڵایەتیی و کولتوورییەکان بە ئازادی بکەن. بەڵام زۆری پێنەچوو هەردوو ناوچەی عەفرین و سەرێکانێی کوردی لەلایەن تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریاوە داگیرکرا.  
 
داگیرکردنی عەفرین؛ کۆچ و لەنێوبردنی سیمبولەکان
 
بە داگیرکردنی ناوچەی عەفرین لە ئاداری 2018دا، گوندە ئێزدییەکان هاوشێوەی گوندەکانی دیکەی ناوچەکە رووبەڕووی کۆڕەو بوونەوە و تەنیا نزیکەی 10٪ی کوردانی ئێزدی لە ناوچەکانیاندا مانەوە. ئەم ئامارانە لەلایەن دامەزراوەی (ئێزدینا) راگەیێندرا کە دۆخی کوردانی ئێزدی لە ناوچەکە و ئەو پێشێلکارییانەی لە دژیان دەکرێت، بەشێوەیەکی بەردەوام تۆمار دەکات و بە راپۆرت بڵاویان دەکاتەوە. 
 
گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، کوردانی ئێزدی بە دیل گرت و دەستی بەسەر خانووبەرە، و کێڵگە و سامانەکانیاندا گرت. هەروەها بۆ هەمیشە رێگریان لە گەڕانەوەی بەشێکی دانیشتووانی گوندی بافلۆن کرد کە تاوەکو ئێستاش بە تەواوەتی چۆڵکراوە. هەر لەبارەی پیشاندانی وێنەیەکی راگواستنی زۆرەملێی کوردانی ئێزدی لە ناوچەی عەفرین، سەرچاوەیەک کە پێشتر دانیشتووی گوندی کیمار بوو، بە تۆڕی میدیایی رووداو گوت: "پێش جەنگی ناوخۆی سووریا و داگیرکردنی تورکیا بۆ ناوچەکە، 170 خێزانی کوردی ئێزدی لە گوندەکەدا نیشتەجێبوون، بەڵام ئێستا تاکە کوردێکی ئێزدی لەم گوندەدا نەماون."
  
لە ناوچەی عەفرین، زیاتر لە 15 مەزارگەی ئێزدییەکان هەن، زۆربەیان تێکشکێندران، خاپوورکران یاخود بۆ دۆزینەوەی گەنجینە، شێوێندران. لەپاڵ ئەمەشدا زۆربەی گۆڕستانی کوردانی ئێزدی لەنێوبردران و هەڵکێندران. 
 
چالاکڤانێکی ئێزدی بەناوی (س. د) تەمەن 40 ساڵ کە نیشتەجێی یەکێک لە وڵاتە ئەورووپییەکانە و لە ترسی ئەوەی گرووپە ئیسلامییە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا زیان بە کەسوکاری بگەیێنن، نەیویست ناسنامەی ئاشکرا بکرێت، بۆ رووداو دوا. 
 
باسی لە پێشێلکارییەکانی دژی ئێزدییەکان کرد و گوتی بەردەوام بیروباوەڕی ئایینی و مەزارگە و گۆڕستانەکانیان دەکرێنە ئامانج: "بەزۆر خێزانە عەرەبەکان لە ماڵی کوردانی ئێزدی لە گوندی ئێزدییەکان نیشتەجێ دەکرێن. عەرەبە بەزۆر نیشتەجێبووەکان، کەلوپەل و پێداویستییەکانی ناو ماڵی کوردە ئێزدییە رەسەنەکان بەش دەکەن و لەناو ماڵەکەیاندا دەمێننەوە. هەوڵ دەدەن کاریگەری بخەنە سەر منداڵە ئێزدییەکان بۆ ئەوەی بیانکەنە موسڵمان. هەروەها بەردەوام ئەو وشە و دەستەواژانە دەوروژێنن کە هەستیاری لای ئێزدییەکان دروست دەکات. گرووپە چەکدارەکانیش بەشێوەیەکی سیستماتیک ناوچەکانیان تاڵان دەکەن." 
 
(س. د) دەشڵێت: "گرووپە چەکدارەکان دەستیان بەسەر تراکتۆر و ئامێرەکانی کشتوکاڵی هاووڵاتییانی ئێزدیدا گرتووە و بۆ گەڕاندنەوەشی نیوەی بەها و نرخەکەی داوای سەرانەیان لێکردوون. کاتێک ئامێر و تراکتۆرەکانیان بۆ دەگەڕێننەوە، چەند پارچەیەکی کەمتریان پێدەدەنەوە بۆ ئەوەی خاوەنەکانیان ناچار بن چاکی بکەنەوە و هەمان پارچەکانی ئامێرەکانیان دووبارە بە پارەیەکی زۆرتر پێیان دەفرۆشنەوە."
 
چالاکڤانەکە تەواوی ئەم رووداوانە بەشێوەیەکی تێروتەسەل بە ناو و شوێن و رۆژ بە رووداو-دا، بەڵام بۆ ئەوەی زیانیان پێنەگات، داوای کرد ناسنامەکانیان ئاشکرا نەکرێن.  
 
(س. د) لەبارەی رەفتاری گرووپە چەکدارەکان لە دژی مەزارگەی ئێزدییەکان بە رووداوی گوت: "گرووپە چەکدارەکان، گۆڕی کوردانی ئێزدی لە گوندی قیبار (3کم لە رۆژئاوای شاری عەفرین) خاپوور کردووە کە هاوشێوەی پایتەختی کوردانی ئێزدییە لە عەفرین."
 
لە ساڵی 1925دا دەروێش ئاغا، ئاغای ئێزدییەکان یەکەم قوتابخانەی لە ناوچەی عەفرین لەنێو ئەم گوندە بە پشتیوانی میر جەلادەت بەدرخان و میری ئێزدییەکان کردەوە کە میری ئێزدییەکان بەڵگەنامەیەکی فەرمییان بە دەروێش ئاغا بەخشی و ئەویان بە بریکاری ئێزدییەکانی سووریا دامەزراند.
 
لەو سەردەمەدا دەسەڵاتدارانی فەرەنسی، بەڵگەنامەکەیان پەسند کرد. گرووپە چەکدارەکان هەروەها هەردوو مەزارگەی جیل خانە-ی پیرۆز و پاشا ئادی لە هەمان گوند خاپوور کرد. هاوکات پێگەی شێخ جونەید لە ناوچەی فەقیرا و مەزاری شێخ سەیدی لە هەمان گوند خاپوور کرد بە مەبەستی گەڕان بەدوای خشڵ و زێڕ. هەر ئەم گرووپە چەکدارانە، هەردوو مەزاری باسوفان و شادیری و گۆڕەکانی نزیک مەزارەکانیان شێواند. دوای بۆردوومانی فڕۆکە سەربازییەکانی تورکیاش بۆ ناوچەکە، گرووپە چەکدارەکان مەزاری بارسە خاتوون-یشیان خاپوورکرد.
 
هەرچی ناوچەی سەرێکانیێ-یە، ژمارەی کوردانی ئێزدی بەر لە سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆی سووریا، زیاتر لە سێ هەزار کەس بوون، بەڵام دوای داگیرکردنی تورکیا بۆ ناوچەکە لە ئۆکتۆبەری 2019دا، کوردانی ئێزدی لە ناوچەکەدا رووبەڕووی گواستنەوەی زۆرەملێ بوونەوە و تەنیا ژمارەیەکی دیاریکراوی خێزانەکان کە زۆربەیان بەساڵاچووەکان بوون، مانەوە. لەبارەی چارەنووسی کوردانی ئێزدی لە ناوچەی سەرێکانیێ، سەعید عەبدی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئێزدی سەرێکانیێ کە هاوکات گوتەبێژی ئەنجوومەنەکەشە، بۆ تۆڕی میدیایی رووداو قسەی کرد و گوتی: "کاتێک هێزەکانی تورکیا بە یاوەری گرووپە پەڕگیرەکان، ناوچەکەیان داگیرکرد، ئێزدییەکان هاوشێوەی دانیشتووانی ناوچەکە کۆچیان کرد. ئێزدییەکان ئەو کات رووبەڕووی دوو مەترسیی بوونەوە؛ یەکەمیان بەهۆی کوردبوونیانەوە، دووەمیشیان بەهۆی ئێزدی بوونیانەوە بوو، هەربۆیە بە ناچاری کۆچیان کرد و سەرێکانیێ-یان جێهێشت." 
 
لە ناوچەکانی رێڤەبەری خۆسەر، سەرباری ئەوەی کوردانی ئێزدی بە ئازادانە سرووتە ئاینییەکان و چالاکییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانیان جێبەجێ دەکرد، بەڵام لەوێش جێگیر نەبوون و خۆویستانە گوندەکانیان چۆڵ کرد و کۆچیان کرد. بەشێک لە گوندەکانیان ناسنامەی ئێزدی بوونیان لەدەست نەداوە و پارێزراوە. 
 
زەینەدین سلێمان، هونەرمەند و کەسایەتیی کوردی ئێزدی کە لەدایکبووی ناوچەی جەراحە سەر بە ناحیەی تربێسیێ، لەبارەی دۆخی کوردانی ئێزدی بە رووداوی راگەیاند: "لە زۆربەی گوند و دێهاتەکانی ئێزدییەکان کۆچی فراوان کراوە و بەشێکیان بەتەواوەتی چۆڵ کراون. بەڵام دانیشتووانی گوندی ئالارشا تاوەکو ئێستا کۆچیان نەکردووە و زێدی خۆیانیان جێ نەهێشتووە. هەروەها نزیکەی 10 خێزانی ئێزدی لە گوندی ئۆتڵجا و هێندەی دیکەش لە گوندی تەل خاتونک ماونەتەوە. هەرچی گوندی مزگەفت-ە، دوای ئەوەی بەتەواوەتی چۆڵ کرابوو، بەڵام دانیشتووانەکەی پۆل پۆل دەگەڕێنەوە و گوندەکەیان ئاوەدان دەکەنەوە. گوندی دەریجیک بەهەمان شێوە، خەڵکە رەسەنەکەی کە کوردانی ئێزدین، ئەوانیش بەشێکیان گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، بەڵام گوندەکە بە خێزانە عەرەبەکانەوە قەرەباڵخ بووە."
 
ئێستا کوردانی ئێزدی بەسەر ناوچەکانی عەفرین لە ناوچەی شەهبا لە باکووری حەلەب و لە شاری حەلەب و شار و شارۆچکەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان دابەش بوون. کوردانی ئێزدی ناوچەی سەرێکانیێ-ش بەسەر ناوچە و شارۆچکەکانی جەزیرە دابەش بوون.