وەزارەتی بەرگریی تورکیا کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنەکانی چنگ - قوفڵ دێنێت

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاشکرای دەکات، لە هاوینی ئەم ساڵدا کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنەکانی چنگ - قوفڵ دەهێنن کە دوو ساڵ لەمەوبەر لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکردووە. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 18ـی نیسانی 2024، لیوا زەکی ئاکتورک، گوتەبێژی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییدا رایگەیاند، زنجیرە ئۆپەراسیۆنەکانی چنگ بەتایبەتی ئۆپەراسیۆنی چنگ - قوفڵ لە هاوینی ئەم ساڵ کۆتاییان پێدێت: "بەڵام ئۆپەراسیۆنەکان بە رەهەندێکی جیاواز لە دژی پەکەکە لە خاکی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت."
 
ئەو فەرماندە سەربازییەی سوپای تورکیا دوای قۆناخی کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنەکانی چنگ، تیشکی خستە سەر رەهەندی ئۆپەراسیۆنەکان و راشیگەیاند: "شێوازی ئۆپەراسیۆنە نوێیەکان لە باکووری عێراق پێشبینی نەکراون و بەخێرایی بەردەوام دەبن، بە شێوەیەک پەکەکە ناتوانێت کاردانەوەی بەرامبەری هەبێت." 
 
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی زنجیرە ئۆپەراسیۆنێکدایە، کە تورکیا ناوی ناوە چنگ. قۆناخی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکە رۆژی 28ـی ئایاری 2019 بەناوی ئۆپەراسیۆنی چنگ-1 و 2 و3 لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا. رۆژی 16ـی حوزەیرانی 2020 ئۆپەراسیۆنی چنگ - پڵنگ لە ناوچەی حەفتانین لە سنووری ئیدارەی زاخۆ بەڕێوەچوو.
 
 لە 11ـی تەممووزی 2021، ئۆپەراسیۆنی چنگ - هەورەتریشقە لە ناوچەکانی خواکوڕک، ئاڤاشین و باسییان لەسنوری پارێزگای دهۆک ئەنجامدرا. ئۆپەراسیۆنی چنگ- قوفڵیش لە رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.