حکومەت دووکانە سووتاوەکانی لەنگە نۆژەندەکاتەوە

18-04-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بە نۆژەنکردنەوەی بازاڕی لەنگەی هەولێر کردووە، کە سەرەتای ئەم مانگە سووتا، بە گوتەی ئەندامێکی ئەنجوومەنی بازاڕەکە 48 دووکان نۆژەندەکرێنەوە.
 
دوای داواکاریی دوکاندارانی بازاڕی لەنگە کە رۆژی 8ـی ئەم مانگە سووتا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "نۆژەنكردنەوەی بازاڕەكە دەستی پێكردووەتەوە و بە زووترین كات بازاڕەكە لەسەر ئەركی پارێزگای هەولێر نۆژەن دەكرێتەوە."
 
بازاڕی لەنگە یەکێکە لە بازاڕە قەرەباڵخەکانی شاری هەولێر، تائێستا چوار جار سووتاوە، دووجاریان ئەمساڵ بوو، جاری یەکەمیان 27ـی شوبات بوو کە 166 دووکانی سووتان و جاری دووەمیش 8ـی نیسان بوو 48 دووکانی سووتان، هەرچەندە دوو سووتانەکە، بە گوتەی ئەندامێکی ئەنجوومەنی بازاڕی لەنگە، ژمارەیەکی زۆر دووکاندار زەرەرمەند بوون.
 
یاسین خدر، ئەندامی ئەنجوومەنی بازاڕی لەنگە گوتی، "ئێستا دەستکراوە بە هەڵگرتنەوەی چینکۆی سەر دووکانەکان و کارەبای سووتاوی دووکانە زیانلێکەوتووەکان، بۆ ئەوەی دەست بە نۆژەنکردنەوەی بکرێت."
 
کارەکانی نۆژەنکردنەوەی ئەو دووکانانەی لە یەکەم جاری سووتانی زیانیان بەرکەوت، نزیکەی 95٪ تەواوبوون، وەکو ئەندازیار مەسعود محەممەد کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر رایگەیاندووە.
 
بازاڕی لەنگە لەسەر شەقامی 100 مەتریی هەولێرە، لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2018شدا ئاگر لە بازاڕەکە کەوتەوە و بەو هۆیەوە دەیان دووکان سووتان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە