سۆسیال دیموکراتی کوردستان مەکتەبی سیاسی و جێگری سەرۆکی دیاریکرد
رووداو دیجیتاڵ
حیزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ئەندامانی مەکتەبی سیاسی هەڵبژارد، سەرۆکی حیزبەکەش جێگرێکی بۆ خۆی دیاریکرد.
ئەمڕۆ حیزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی لەدوای کۆنگرەی هەشتەم کرد کە دوو هەفتە لەمەوبەر بەسترا. فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی حیزبەکە بە رووداوی گوت: "17 ئەندامی بۆ مەکتەبی سیاسی هەڵبژێدردان. 15یان بنەڕەتی و دوویان یەدەگن."
محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکی حیزبەکە، محەممەد دۆڵاشی، بەرپرسی ئەنجوومەنی راوێژکاری و چاودێریی پارتەکەی بە جێگری خۆی دیاریکرد کە پێشتر عەبدوڵڵای برای ئەو پۆستەی هەبوو. گوتەبێژەکە دەڵێت، "بەپێی هەمواری نوێی پەیڕەو سەرۆکی حیزب جێگرێک بۆ خۆی بەو دەسەڵاتەی دەیەوێت دیاری دەکات."
4ـی نیسان، لە گوندی گوڵەخانەی پارێزگای هەڵەبجە، سۆسیال دیموکراتی کوردستان کۆنگرەی بەست، 60 کەسی بە ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی هەڵبژارد، 50یان بنەڕەتی و 10یان یەدەگن. رۆژێک پێش کۆنگرەکە، لە گوندی گوڵەخانە، جارێکی دیکە شەڕ و ئاڵۆزیی لەنێوان چەند پێشمەرگەیەکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە هەردوو بەرەی محەممەدی حاجی مەحموود و عەبدوڵڵای حاجی مەحموود دروستبوو. بەهۆیەوە کەسێک کوژرا و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەندامانی نوێی مەکتەبی سیاسیی حیزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراو ئەمانەن: رزگار غەفوور رەحیم، سادق محێدین مەحموود، رێبین محەممەد مەحموود، تانیا تاهیر جەلال، فاتیح رەئووف ئەحمەد، حوسێن خەلیفە محەممەد، لوقمان لەتیف محەممەد، فەرهاد تۆفیق حەسەن، عەتا تۆفیق حەمەحەسەن، ئەحمەد نووری مەحموود، عەبدولقادر حەمەساڵح مەحموود، رەسوول رەئووف عەبدولعەزیز، شەرام محەممەد مەحموود، شادمان رۆستەم مستەفا، قادر ئەحمەد عوسمان، هەروەها نەوزاد عەبدولقادر ئەحمەد(یەدەک)، یوسف عەزیز ئەمین(یەدەک).
بە گوتەی فەرهاد تۆفیق، لە زیاتر لە دوو کاژێردا باسی ژمارەیەک پرس کراون، لەوانە: "دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق و پەیوەندیی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی پەرلەمانی کوردستان و خۆئامادەکردنی بۆی، لەگەڵ کۆنگرەی هەشتەم و رێکخستنەوەی مەڵبەند و دەزگاکانی حیزبەکە."