رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی دانیمارک، بڕیاری دا باڵیۆزخانەکەی لە بەغدای پایتەختی عێراق دابخات، بەڵام کونسوڵخانەکەی لە هەرێمی کوردستان دەهێڵێتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی دانیمارک داخستنی باڵیۆزخانەکەی لە عێراق راگەیاند، هۆکارەکەشی بۆ کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە سەرکردایەتیی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی ناسراو بە"ناتۆ" لە عێراق دەگەڕێنێتەوە.
دانیمارک بڕیاریداوە رۆژی 31ـی ئایاری ئەمساڵ دوایین رۆژی کردنەوەی باڵیۆزخانەی بێت لە عێراق، بەڵام بەپێی وەزارەتی دەرەوە ژمارەیەک دانیمارکیی کەمتر بۆ ئەرکی سەربازی دەمێننەوە.
دانیمارک، یەکێکە لە وڵاتانی ئەوروپا، لە ساڵی 2020 باڵیۆزخانەی خۆی لە بەغدا کردەوە، بڕیاری داخستنەکەی بەپێی کۆنسوڵی فەخریی ئەو وڵاتە لە هەولێر ئەوان ناگرێتەوە.
دارا جەلیل خەیات، کە نزیکەی چوار ساڵە کۆنسوڵی فەخریی ئەو وڵاتەیە لە هەولێر، بە رووداوی گوت، "داخستنی باڵیۆزخانەی دانیمارک لە بەغدا زیاتر بەهۆکاری گوشاری داراییە."
دوای داخستنی باڵیۆزخانەی دانیمارک لە عێراق، باڵیۆزی دانیمارک لە لوبنان سەرپەرشتی کارەکانی وڵاتەکەی لە عێراق دەکات.
رۆژی شەممە، 22ـی تەمموزی ساڵی رابردوو هێزە ئەمنییەکان رێگرییان لە چوونە ژوورەوەی ژمارەیەک خۆپێشاندەر گرت بۆ نێو باڵیۆزخانەی دانیمارک لە بەغدا، کە بەهۆی سووتاندنی قورئان لە کۆپنهاگن لە بەردەم باڵەخانەی باڵیۆزخانەکە ناڕەزاییان دەربڕی.
دوو رۆژ پێش ئەو رووداوە خۆپێشاندەران باڵیۆزخانەی سوێدیان لە بەغدا سووتاند، بەهۆی سووتاندنی قورئان لەلایەن سەلوان مۆمیکا، ئەو پەناخوازەی ئەوکات لە سوێد بوو و ئێستا لە بەلجیکایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ