وەزارەتی ناوخۆ مەرجەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل کەمدەکاتەوە

18-04-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رێنوێنیی نوێ بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلی دەردەکات، لە پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆکانیش کۆمەڵگەی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل بەهاوبەشی کەرتی گشتی و تایبەت دروستدەکرێت، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێریش دەڵێت: "ئاسانکاریی زیاتر کراوە بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل." 
 
بەپێی نووسراوی ژمارە 9856 ـی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کە لە رۆژی 16-4-2023 دەرچووە و تایبەتە بە رێنمایی ژمارە 3ـی ساڵی 2023، وەزارەتەکە هەمواری یەکەمی رێنمایی مەرجەکانی سەلامەتی و تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلی هاوردەکراوی ژمارە 7ـی ساڵی 2021ـی کردووەتەوە.
 
وەزارەتی ناوخۆ بڕگەی یەکەمی ماددەی حەوتی رێنماییەکەی هەموارکردووەتەوە و بڕیاریداوە کە ئۆتۆمبێلی بەکارهاتوو ئەگەر هاوردەبکرێت دەبێت ئەم کەموکورتییانەی تێدا نەبێت:
 
- ژێر ئاوکەوتوو، سووتاو و بڕاوە نەبێت.
- شانسییەکەی نەبڕابێتەوە.
- تۆکمەی دەرگە یان سەقفی بڕاوە نەبێت.
- گشت ئێرباگەکانی پێش تۆمارکردن کاربکات.
 
هەروەها لە رێنوێنییەکانی خاڵەکانی 10،9،8،7 لە بڕگەی دوومی ماددەی حەوتەم بەمشێوەیە هەمواردەکرێتەوە:
 
- لە پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆکان کۆمەڵگەی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل بەشێوەی هاوبەش لەنێوان کەرتی گشتی و تایبەت بە پشتبەستن بە پاشکۆی (ه) لە رێنمایی گرێبەستە حکومییەکانی ژمارە 2ـی ساڵی 2016 دروستدەکرێت و دەبەسترێتەوە بە بەڕێوەبەری گشتیی گومرک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری.
 
- لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان وەزارەتی ناوخۆ و دارایی و ئابووری چوارچێوەی ئیداری و تەکنیکی ئەو کۆمەڵگەیە دادەڕێژن و بە راگەیێندراوێک بڵاودەکرێتەوە.
 
- هەمان لیژنەی هاتوو لە خاڵی سەرەوە هەڵسەنگاندن بۆ پڕۆژە پێشکێشکراوەکان دەکات و باشترین هەڵدەبژێرێت.
 
 لە نووسراوێکدا رێنمایی نوێ لەبارەی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل دەرکراون کە بریتین لە:
 
- جێبەجێکاری پڕۆژەکە بەلایەنی کەمەوە دەبێت رێژەی 20٪ـی داهات بداتە گەنجینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
 
سەبارەت بە ماددەی دووەمی نۆیەم، خاڵی سێی بەمشێوەیە هەمواردەکرێتەوە:
 
- بڕوانامەی COC بۆ ئۆتۆمبێلی بەکارهاتوو دەبێت لەو وڵاتەی کە لێی هاوردەکراوە بۆ هەرێمی کوردستان یان لە خاڵە سنوورییەکان بکرێت.
 
رۆژی سێشەممە،  18-4-2023، فازڵ حاجی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر لەبارەی هەموارکردنەوەی رێنوێنییەکانەوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " لە هەموارکردنەوەکەدا ئاسانکاریی زیاتر بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل کراوە، واتە مەرجەکان سووککراونەتەوە، پێشتر ئەگەر یەک سانتیمەتریش لێدرانی هەبووایە لە شاسی بە نموونە رێگەی هاوردەکردنی پێنەدەدرا، بەڵام ئێستا وا نەماوە، تەنیا بڕاوە نەبێت رێگەی پێدەدرێت بهێنرێت."
 
وەزارەتی ناوخۆ ئەو هەموارەی دوای کۆبوونەوەی نێوان راوێژکاری یاسایی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەر و بەڕێوەبەر و جێگری بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ و لە پارێزگاکانی ( هەولێر، سلێمانی و دهۆک) دەرکردووە وەکو لە نووسراوەکەیدا ئاماژەی بۆ کراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە