ئاوەڕۆیەکی سندووقیی بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران 11 مانگە تەواو نەکراوە؛ 'پارەمان پێبدەن بە مانگێک تەواوی دەکەین'

 
رووداو - هەولێر

پرۆژەی دروستکردنی ئاوەڕۆی سندووقی لە نێوجەرگەی هەولێر و لەبەردەم ئەنجوومەنی وەزیران لە مانگی ئایاری 2022 بڕیاری دروستکردنی درا بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی لافاو یاخود نەهێشتنی، بەڵام هێشتا پرۆژەکە تەواو نەبووە و بەشێک لە کاسبکارانی ناوچەکەیش بەو هۆیەوە داهاتیان نەماوە.
 
رزگار جەمال، دووکانداری سەر شەقامی 30 مەتری دەڵێت، "بەیانیان چۆن دێم، ئێواران ئاوا دەڕۆمەوە. ئۆتۆمبێل نایەتە ئێرە، کابرا دەڵێت 50 کۆڵان ناکەم تاوەکو بێمە لات و دەچمە شوێنێکی دیکە. ئەو کۆڵانەش داخراوە لەبەر کۆنسوڵخانەی فەرەنسا، بزانە چەند دووکان داخراون، هەموویان رۆیشتن، خەڵک زۆر دووکانەکانیان جێهێشتووە، منیش ئەگەر ئاوا بڕوات جێیدەهێڵم، بەیانیان دێین ئاوا دادەنیشین بۆ خۆمان گاڵتەوگەپ دەکەین و دەڕۆین، ئەی چی بکەین؟ ئەگەر رەمەزان نەبوایە بۆ خۆمان دووگۆڵیمان دەکرد لێرە، ئەرێوەڵڵا دوو گۆڵمان دادەنا و یاریمان دەکرد لە هەمووی باشتر بوو."
 
پرۆژەی دروستکردنی ئاوەڕۆی سندووقی لەسەر شەقامی 30 مەتری لە 1220 مەتر پێکدێت، 1000 مەتری پرۆژەکە تەواو بووە؛ لەو 1000 مەترەش 500 مەتری قیرتاو کراوە و چەند مانگێکە کراوەتەوە و شۆفێران هاتووچۆی لەسەر دەکەن، 220 مەتری پرۆژەکەش تەواو نەکراوە. وەکو دیارە کاری تێدا ماوە و کارکردن ئێستا لێی وەستاوە.
 
داخستنی ئەو بەشەی شەقامی 30 مەتری بەهۆی ئەو پرۆژەیەوە، شۆفێرەکانی نێو هەولێریشی زۆر ناڕەحەت کردووە. دلێر هەینی، شۆفێری پاس ئاماژە بەوە دەکات، "هەر دەبێت بڕۆینەوە کۆڵانەکان، ئەوە ژیانمان، هەموو ئۆتۆمبێلمان خراپ بوو، ئیشەکەشمان لەدەستداوە."
 
بەڵێندەری پڕۆژەکە لەسەر پڕۆژەکە بە پەیامنێری رووداوی گوت، حکومەت پارەی پرۆژەکەی پێنەداون، ئەگەرنا ئەوان کاری خۆیان لە وادەی خۆی تەواو دەکرد.
 
شیمال کەمال، بەڵێندەر دەڵێت، "دۆخمان لەوە خراپتر نابێت، چی بکەین کە پارە نەبێت؟ چی بکەین؟ پارێزگا 50%ی پارەی پرۆژەکانی خەرج کرد، وەزارەتیش دەبێت خەرجی بکات. وەزارەت بێدەنگە، کەس وەڵاممان ناداتەوە. ئەگەر پارەکەم بۆ خەرج بکەن، پرۆژەکە لە ماوەی مانگێکدا تەواو دەبێت، هەیکەلی ئاوەڕۆکە بە تەواوی تەواو بووە، تەنیا قیرکردن و داپۆشینی ماوە و هیچی دیکەی نەماوە."
 
تەندەری ئەو پرۆژەیە لەلایەن پارێزگاوە دراوە بە بەڵێندەر، بەڵام پارەکەی دەبێت لەلایەن وەزارەتی شارەوانییەوە خەرج بکرێت.
 
مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر باس لەوە دەکات، "حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو بڕە بودجەیەی لە دەستی بوو، بە شایستەی زانی و بە باشی زانی مووچەی فەرمانبەران بدرێت، پێشبینی دەکەین دوای جەژن و دوای ئەوەی مووچە تەواو دەبێت، ئیدی دەستبکرێتەوە بە جێبەجێکردن یاخود پێدانی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان."
 
تێچووی ئەم پرۆژەیە دوو ملیار و473 ملیۆن دینارە، بەڵام بەڵێندەر تاوەکو ئێستا ملیارێک و 145 ملیۆن دیناری وەرگرتووە.