زەویی جووتیاران بۆ فراوانکردنی فڕۆکەخانەی هەریر تەرخاندەکرێت؛ '2000 جووتیار بێکار دەبن'

 
رووداو - هەریر

بۆ جاری سێیەم رووبەی فڕۆکەخانەی هەریر فراوان دەکرێت، لە 4500 دۆنمەوە دەکرێتە 5700 دۆنم زەوی؛ زەوییەکان موڵکی حەوت گوندی هەریرن، خەڵکەکەی ئاگادار کراونەتەوە چیدیکە ناتوانن نزیک زەوییەکانیان بکەونەوە.
 
مەجید رەسووڵ، جووتیار دەڵێت، "زیاتر لە سێ حەربە زەویم کەوتوونەتە بەر فڕۆکەخانە و نووسراوێک کە وەکو کارتە پێیان داوین و تا ئێستاش هیچی دیکەیان لێ نەپرسیوین، خەڵکێکی زۆریش زەرەرمەند بووە و کەس تائێستا 250 دیناری وەرنەگرتووە."
 
فڕۆکەخانەکە ساڵی 1979 وەکو فڕۆکەخانەیەکی کشتوکاڵی لەسەر رووبەری 3000 مەتر دووجا دروستکراوە، ساڵی 1983 لە شەڕی عێراق - ئێراندا کرایە فڕۆکەخانەیەکی سەربازی و رووبەرەکەشی کرایە 25 دۆنم. لە ساڵی 2003دا هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا لێی جێگیر بوون، بەردەوام فڕۆکەی شەڕکەر و بارهەڵگری لێیە، خاوەن زەوییەکان چوونەتە لای بەرپرسانی فڕۆکەخانەکە و پێیان گوتراوە قەرەبوو کردنەوەکە کاری ئەوان نییە.
 
جووتیارێک بەناوی ئەحمەد سمکۆ باس لەوە دەکات، "لەگەڵ ریش سپیانی گوند و موختارەکان چووینە لای ئەمریکییەکانی فڕۆکەخانە و گوتیان قەرەبووی ئێوە کاری حکومەتی هەرێمی کوردستانە و ئەوان قەرەبووتان دەکەنەوە."
 
زۆربەی ئەو جووتیارانەی پشتاوپشت زەویەکانیان بۆ ماوەتەوە، بە تەنها بەڵگەی خاوەندارێتیی کشتوکاڵیان هەیە، حکومەت لە هەوڵی قەرەبووکردنەوەیاندایە و هەر دۆنمێک زەویشی بە 7000 دۆلار خەمڵاندووە.
 
کاروان کەریم خان، قایمقامی شەقڵاوە دەڵێت، "لە هەوڵی قەرەبووی ئەو خەڵکەداین کە خاوەن تاپۆن و قەرەبووش دەکرێنەوە، ئەوانەی تاپۆیان نییە و لە دێر زەمانەوە سوودیان لە زەوییەکان وەرگرتووە بۆ ئەوانیش لە هەوڵداین و قەرەبوو دەکرێنەوە."
 
رووبەری دەشتی هەریر 100376 دۆنم زەوییە، زیاتر لە 5000 خێزان کشتوکاڵی لێدەکەن. بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی ناوچەکەش نزیکەی 2000 جووتیار بەهۆی گەورەکردنی رووبەری فڕۆکەخانەکە لە کار و کاسبی بوون.