بەرپرسیار؛ لە سەربڕخانەی سۆران ئاژەڵی ئاوس سەردەبڕدرێن


رووداو دیجیتاڵ 

بەپێی چەند گرتە ڤیدیۆییەک کە لە سەربڕخانەی سۆران تۆمارکراون، مانگای ئاوس سەردەبڕدرێن و بێچووەکانیان فڕێ دەدرێن. ڤێتێرنەریی سۆران دەڵێت، ئەو کارمەندانەی پشکنینی سکپڕییان بۆ ئاژەڵەکان دەکرد، خانەنشین بوون. قایمقامی سۆرانیش رایدەگەیێنێت، دۆخەکە کۆنترۆڵ دەکەن و پزیشکێکی ڤێتێرنەریی و کاتێکی دیاریکراو بۆ پشکنینی ئاژەڵ دادەنێن.
 
رۆژی سێشەممە، 18-04-2023، دکتۆر سەیدەوان عومەر، بەرپرسی بنکەی ڤێتێرنەریی سۆران لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "کوشتنی ئاژەڵ کاتێکی زۆرە مشتومڕی لەسەرە. بەپێی یاسا، کوشتنی ئاژەڵی مێینە رێگەپێدراو نییە، تەنیا بە رێنمایی پزیشکی ڤێتێرنەریی نەبێت".
 
دکتۆر سەیدەوان عومەر دەڵێت، لە سەربڕخانەی سۆران بەرنامەیەکی دیاریکراو بۆ سەربڕینی ئاژەڵ نییە و دەشڵێت: "ئێمە پشکنین بۆ ئاژەڵی ئاوس ناکەین، تەنیا پشکنینی ئاژەڵی نەخۆش و ساخ دەکەین. خاوەن ئاژەڵ دەبێت خۆی بچێتە لای کەڵدەر و پشکنین بۆ ئاژەڵەکەی بکات".
 
 
بەرپرسی بنکەی ڤێتێرنەریی سۆران، نەهێنانی ئاژەڵ لە یەک کاتی دیاریکراو بۆ سەربڕخانە بە "گرفت" ناودەبات و دەڵێت: "پێشنیازم کردووە دەستەیەکی کارگێڕی بۆ کوشتارگە دابنرێت. ڤێتێرنەری ناتوانێت 24 کاژێر لە کوشتارگە بێت. خاوەن کوشتارگە دەیان جار سزادراوە لەسەر ئەو گرفتانەی لە کوشتارگەکە هەن".
 
عەزیز عۆدە، قەسابە لە سەربڕخانەی سۆران و بە رووداوی گوت: "هاتوومەتە نێو سەربڕخانە مانگا سەربڕدراوە بێچووەکەی ساخ بووە. دەبێت لایەنی پەیوەندیدار وەکو لیژنەی ئابووری و قایمقامییەت چاودێریی دۆخەکە بکەن و رێگە نەدەن ئاژەڵی ئاوس سەرببڕدرێت. ئاژەڵی مێینە نەماوە بۆ سەربڕین. ئێمە تەنیا چوار هەزاری کوشتنی ئاژەڵ وەردەگرین و خاوێنی دەکەینەوە".
 
پزیشکی ڤێتێرنەریی سۆران بەیانییان کاژێر 7 سەردانی سەربڕخانە دەکات و مۆر لە گۆشتی ئاژەڵە سەربڕدراوەکان لێ دەدات. 
ئەو ئاژەڵانەی کە سەربڕدراون لەلایەن سەربڕخانەوە، بەشێکیان پشکنینیان لەلایەن ڤێتێرنەرییەوە بۆ نەکراوە کە لەکاتی شەودا سەربڕدراون. وەک دکتۆر سەیدەوان عومەر باسی دەکات، "ئەو کەسانەی ئاژەڵەکان دێنن بۆ سەربڕین ئەگەر بزانن ئاوسە سەریان نابڕن. پشکنینی ئاوسی بۆ ئاژەڵ لەسەرووی سێ مانگەوە بە دەست دەردەکەوێت. سێ کارمەندمان هەبوو بۆ پشکنینی ئاژەڵی ئاوس، بەڵام خانەنشین بوون؛ دەبێت خاوەنی ئاژەڵ خۆی پشکنین بۆ ئاژەڵەکە بکات".
 
بەپێی ئەو ئامارەی کە ڤێتێرنەریی سۆران رایگەیاندووە، ساڵی رابردوو لە مانگی سێدا 1512 ئاژەڵ سەربڕدراون کە 885 ئاژەڵیان مێ بوون؛ مانگی شەش دوو هەزار و 390 ئاژەڵ سەربڕدراون کە 538 ئاژەڵیان مێ بوون؛ مانگی نۆ دووهەزار و 65 ئاژەڵ سەربڕدراون کە 764 ئاژەڵیان مێ بوون.
 
وڵات مستەفا، خاوەن سەربڕخانەی سۆران لە بەرنامەی بەرپرسیار، پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئاژەڵی ئاوس لەنێو سەربڕخانەکەیان سەردەبڕدرێن و گوتی، ئەوە "پەیوەندی بە ڤێتێرنەرییەوە هەیە و دەبێت ئەوان پشکنین بۆ ئاژەڵەکان بکەن".
 
 
خاوەن سەربڕخانەکەی سۆران دەڵێت: "ناتوانین بە ئاژەڵداران بڵێین ئەو کاتە ئاژەڵ بێنە و ئەو کاتە مەیهێنە. دەبێت ڤێتێرنەری بڕیارێک دەربکات بۆ ئەوەی شەوان پشکنین بۆ ئاژەڵەکە بکرێت پێش ئەوەی سەرببڕدرێ".
 
رەجەب زوبێر، قایمقامی سۆران لە بەرنامەی بەرپرسیاردا سەربڕینی ئاژەڵی ئاوس و مێینەی بە "قەدەخەکراو" ناوبرد و گوتی "شەوی رابردوو سەردانی کوشتارگەمان کردووە. رۆژانە سەربڕینی ئاژەڵی سکپڕ دێتەپێش، ئەمە رێگەپێنەدراوە و بەپێی یاسا قەدەخەیە و نامرۆڤانەیە، بەڵام دەبێت کۆنتڕۆڵ بکرێت".
 
سەبارەت بە جێبەجێکردنی رێنماییەکانی قایمقامییەت بۆ سەربڕخانەی سۆران، قایمقامی سۆران دەڵێت، هەموو رێنماییەکان لەنێو سەربڕخانە جێبەجێ نەکراون و دەڵێت، "هەرچەندە گۆڕانکاری لەنێو سەربڕخانەکە کراوە، کاری لیژنەکانی قایمقامییەتیش سنووردارە"، بەڵام پێیوایە بۆ رێگەگرتن لە سەربڕینی ئاژەڵی ئاوس "دەبێت ئامێرێکی پێشکەوتوو هەبێت پشكنین بۆ ئاژەڵی سکپڕ بکات. ڤێتێرنەریش کێشەیان هەیە لە پزیشکی پسپۆڕ و ئامێری پشکنین. سکپڕی ئاژەڵەکان لە دوو مانگ دەرناکەوێت".
 
 
قایمقامی سۆران داوا لە خاوەن ئەو ئاژەڵانە دەکات کە ئاژەڵ دەبەن بۆ سەربڕخانەی سۆران کە پابەند بن بە رێنماییەکان و دەڵێت، "پێمان باشە سەربڕینی ئاژەڵی مێینە قەدەخە بکرێت؛ جارێ ئەو بابەتە دیراسە دەکەین".
 
ئەو ئاژەڵە ئاوسانەی کە لەنێو کوشتارگەی سۆران سەردەبڕدرێن، گۆشتەکەیان لە بازاڕی سۆران ساخ دەکرێتەوە. بەپێی یاسای ژمارە2ـی ساڵی 1990 تایبەت بە شێوازی کارکردنی سەربڕخانەکان، رێگە بە سەربڕینی ئاژەڵی مێینە نادرێت. 
 
بڕیارە سەربڕخانەیەکی نوێ بۆ سۆران دروستبکرێت، وەک قایمقامی سۆران دەڵێت، "شوێنی سەربڕخانەی سۆران شیاو نییە و ناتوانرێت هەموو مەرجەکان بەدیبێن. هەندێک وەبەرهێنەر کاری لەسەر دەکەن، شارەوانی کاری لەسەر دەکات و شوێنەکەش دەستنیشانکراوە، بەڵام بڕیاری کۆتایی نەدراوە و نەخراوەتە زیادکردنی ئاشکراوە، لەم ماوەیە کارەکانی تەواو دەبن".
 
رەجەب زوبێر دەڵێت: "لەمەودوا پێویستە ئەو کەسانەی ئاژەڵ دەهێنن بۆ سەربڕخانە پابەندی ئەو کاتە بن کە بۆیان دیاری دەکەین، پێویستە پزیشکێکی ڤێتێرنەری لە کاتێکی دیاریکراو ئامادەبێت و پشکنین بۆ ئاژەڵە ئاوسەکان بکات. دەبێت ئەو دیاردەیە کۆنتڕۆڵبکرێت. ئەو کارە نامرۆڤانەیە و زیانێکی زۆر بە بەروبووم و سامانی ئاژەڵ دەدات".