حوسێن کەلاری: کێشەی کارەبا لە کامپەکان قووڵتر دەبێتەوە

18-04-2023
پەیمان محەممەد
کەمپی بەردەڕەش لە سنووری پارێزگای دهۆک. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
کەمپی بەردەڕەش لە سنووری پارێزگای دهۆک. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

کێشەی کارەبا لە بەشێک لە کامپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان دروستبووە و بەشێکیان لە 24 کاژێردا تەنیا چوار کاژێر کارەبایان هەیە. بەڕێوەبەری ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەریمی کوردستانیش دەڵێت، "ئەو کێشەیە لە مانگی تەممووزی ئەمساڵدا قووڵتر دەبێتەوە".
 
رۆژی سێشەممە، 18ـی نیسانی 2023، حوسێن کەلاری، بەڕێوەبەری ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان میوانی بوولتەنی نوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە جەعفەر موبەشرنیا و نمە نەبەز پێشکێشی دەکەن و رایگەیاند: "ئەوپەڕی کارئاسانی بۆ گەڕانەوەی ئارەزومەندانەی ئاوارەکان دەکەین، بەڵام بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ بەزۆر گەڕاندنەوەیان نین".
 
گەڕانەوەی ئاوارەکان
 
26 کامپی ئاوارە لە هەرێمی کوردستان هەن کە 665 هەزار ئاوارەیان لەخۆگرتووە. بەڕێوەبەری ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان سەبارەت بە گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە بۆ زێدەکانیان باس لەوە دەکات کە لە هەموو شارەکاندا تیمی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکانیان داناوە کە نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکانیش تێیاندا ئەندامن.
 
بە گوتەی حوسێن کەلاری، "ژمارەی ئەو ئاوارانەی سەردانی ئەو لیژنانە دەکەن یەکجار کەمە. بۆ نمونە، ساڵی رابردوو هەزار خێزان ناوی خۆیان تۆمارکرد بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە شنگال، بەڵام کاتێک سەردانی شنگالیان کرد و دۆخەکەیان بەچاوی خۆیان بینی، لەو ژمارەیە تەنیا 39 خێزان گەڕانەوە شنگال و ئەوانی دیکە پاشگەزبوونەوە لە گەڕانەوەیان".
 
بەڕێوەبەری ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان دەڵێت، سەرباری ئەوەی ئاوارەکان بارگرانییەکی زۆری داراییان لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستکردووە، بەڵام "تا ئەو کاتەی خۆیان بە ئارەزومەندانە بیانەوێت بگەڕێنەوە، ئێمە بە میوانی خۆمانیان دەزانین و رێزیان لێدەگرین و هیچکات لەگەڵ گەڕاندنەوەی بەزۆریان نین، کە بشیانەوێت بە رەزامەندی خۆیان بگەڕێنەوە، ئەوپەڕی کارئاسانکارییان بۆ دەکەین".
 
گرفتی کارەبا لە کامپەکان
 
کەمپەکانی خازر و حەسەن شام لە 24 کاژێردا سێ بۆ چوار کاژێر کارەبایان هەیە و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بەڵێنی داوە بە کارەبای نیشتمانی مووسڵەوە بیانبەستێتەوە. حوسێن کەلاری دەڵێت، لەبەر دووری شوێنەکە، لە توانای هەرێمی کوردستاندا نییە کارەبای نیشتمانی بۆ ئەو دوو کامپە رابکێشێت، بەڵام تەنیا 40 کیلۆمەتر لە مووسڵەوە دوورن و دەکرێت بە هێڵی کارەبای نیشتمانیی مووسڵەوە ببەسترێنەوە.
 
بەڕێوەبەری ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند: "سەرباری ئەوەی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان کاری زۆرمان بۆ چارەسەری ئەو گرفتە کردووە و لە سەرەتای مانگی 11ی ساڵی رابردووش بەو مەبەستە سەردانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانمان کرد و بەڵێنیاندا کارەبای نیشتمانیی موسڵ بۆ ئەو کامپانە رابکێشن، بەڵام تاوەکو ئێستا کێشەکەیان چارەسەر نەکردووە".
 
حوسێن کەلاری هۆشداری لەوە دەدات کە مانگی تەممووزی ئەمساڵ کێشەی کارەبا لە کامپەکان زیاتر دەبێت و دەڵێت: "ئەو پارەیەی نەتەوە یەکگرتووەکان وەکو پاڵپشتی بۆ دابینکردنی کارەبای کامپەکان تەرخانی کردووە، لە مانگی تەممووزی ئەمساڵەوە نامێنێت" و پێیوایە، "ئەگەر حکومەتی عێراق بیەوێ ئەو گرفتە چارەسەر بکات، دەتوانێت لە رێگەی موەلیدەوە لە ماوەی هەفتەیەک کێشەی کارەبا لە کامپەکاندا نەهێڵێت".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە