ئاستی ئاوی بەنداوەکانی دووکان، دەربەندیخان و دهۆک زیادیکردووە


رووداو دیجیتاڵ

ئاستی ئاوی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە. ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان نزیکبووتەوە لە هەمان بڕە ئاوی ساڵی رابردوو. بەنداوەکانی دەربەندیخان و دهۆکیش ئاستی ئاوی ساڵی رابردوویان تێپەڕاندووە.
 
بەنداوی دووکان، گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و توانای گلدانەوەی حەوت ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، بەڵام ئێستا نزیکەی دوو ملیار و 800 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە و وەکو بەڕێوەبەرەکەی دەڵێت، نزیکبووەتەوە لە ئاستی هەمان رێککەوتی ساڵی رابردوو.
 
تاوەکو کۆتایی مانگی رابردوو ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان مەترێک و 30 سانتیمەتر کەمتر بوو، بەراورد بە هەمان رێککەوتی ساڵی رابردوو. رۆژی سێشەممە، 18ـی نیسانی 2023، کۆچەر جەمال تۆفیق، بەڕێوەبەری بەنداوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەنداوەکە 40% ئاوی تێدایە و ساڵی رابردووش تاوەکو ئەم رێککەوتە نزیک بوو لەم بڕەوە؛ بەگشتی تەنیا 20 سانتیمەترمان ماوە بگەینەوە ئاستی ساڵی رابردوو".
 
ئاستی ئاوی دەربەندیخان زیاتر لە سێ مەتر زیادیکردووە
 
بەنداوی دەربەندیخان دووەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و بۆ گلدانەوەی سێ ملیار مەتر سێجا ئاو دروستکراوە. دوای شەپۆلی بارانبارینی هەفتەی رابردوو، ئاستی ئاوی بەنداوەکە بەرزبووەتەوە.
 
سامان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەنداوەکە 40%ـی ئاوی تێدایە و بەراورد بە هەمان رێککەوتی ساڵی رابردوو، سێ مەتر و 84 سانتیمەتر  زیادیکردووە.
 
بەنداوی دهۆک بڕی ساڵی رابردووی تێپەڕاند
 
بەنداوی دهۆک توانای گلدانەوەی 52 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە. فەرهاد محەممەد، بەڕێوەبەری بەنداوەکە ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوای بارانبارینی هەفتەی رابردوو، بەنداوەکە ئاستی هەمان رێککەوتی ساڵی رابردووی تێپەڕاند.
 
فەرهاد محەممەد گوتی، بەنداوی دهۆک ئێستا 22 ملیۆن و 215 هەزار مەتر سێجا ئاوی تێدایە؛ ساڵی رابردوو لە هەمان کاتدا 20 ملیۆن و 831 هەزار مەترسێجا ئاوی تێدابوو.
 
تێپەڕاندنی ئاستی ئاوی بەنداوی دهۆک لە کاتێکدایە، کۆتایی مانگی رابردوو بەنداوەکە 20 ملیۆن و 370 هەزار مەتر سێجا ئاوی تێدابوو، بەوەش نزیکبوو لە هەمان ئاستی ساڵی رابردوو. 
 
بەنداوی دووكان لە ساڵی 1959 لەلایەن كۆمپانیایەكی بەریتانی دروستكراوە ‌و بەنداوی دەربەندیخانیش لە ساڵی 1961 لەلایەن كۆمپانیایەكی ‏ئەمریكییەوە دروستكراوە؛ بەنداوی دهۆکیش ساڵی 1988 دروستکراوە.
 
جگە لەو سێ بەنداوە گەورەیە، چەند بەنداوێکی دیکەی بچووک لە هەرێمی کوردستان هەن و ئەمساڵ زۆرینەیان سەرڕێژ بوون.