شوێنەواری کفری: ئەو پارانەی بۆ نۆژەنکردنەوەی شوێنەوار بڕیاری خەرجکردنیان دەدرێت بەدەستمان ناگات

18-04-2023
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، نزیکەی 200 ملیۆن دیناریان بۆ نۆژەنکردنەوەی کۆشکی مەجید پاشای بابان لە شاری کفری خەرج کردووە. بەڕێوەبەری شوێنەواری کفریش دەڵێت، زیاتر لە شەش شوێنی شوێنەوارییان هەن، کە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە، زۆربەشیان بڕیاری خەرجکردنی پارەیان بۆ دەدرێت، بەڵام پارەکە خەرج ناکرێت.

رۆژی سێشەممە، 18-04-2023، وەزارەتی شارەوانی بڵاویکردەوە، بەپێی فەرمانێكی وەزاری، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رەزامەندیی نیشاندا لەسەر خەرجكردنی گوژمەی 199 ملیۆن و 305 هەزار دینار لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپوور بە مەبەستی نۆژەنكردنەوەی كۆشكی مەجید پاشای بابان لە شاری كفری.
 
وەزارەتی شارەوانی دەڵێت، ئەو كۆشكە یەكێكە لە شوێنە كەلەپوورییە دێرینەكانی سنوورەكە و جێی بایەخی خەڵكی دەڤەری گەرمیان و گەشتیارانە، هاوكات ئەو پڕۆژەیە دەبێتە هۆی پاراستنی بیناسازیی كۆن و شوێنە كەلەپوورییەكانی هەرێمی كوردستان.
 
عوبێد محەممەد، بەڕێوبەری شوێنەواری کفری بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "یەکێک لە کێشە گەورەکانمان ئەوەیە بڕیاری خەرجکردنی پارە دەدرێت، بەڵام کە دەگاتە جێبەجێکردنی بڕیارەکە و خەرجکردنی، هیچمان بە دەست ناگات، قەیسەری کفری لە 2012ـەوە بڕیاری خەرجکردنی پارەی بۆ دراوە و تاوەکو ئێستا هیچمان بۆ خەرج نەکراوە، تائێستا هیچ کارێکمان نەکردووە بەتەواوی هەمووی لە نیوەی رێگە بەجێدەهێڵین."
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری شوێنەواری کفری، سێ مانگ بۆ چوار مانگ دەڕوات لە گەنجینەی گەرمیان نزیکەی 40 ملیۆن دیناریان هەیە کە فەرمانی وەزارت و ئەنجوومەنی وەزیرانیشی هەیە، بەڵام بۆیان خەرجنەکراوە و دەشڵێت: "زیاتر لە شەش شوێنی شوێنەواری هەن پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە، لە سەرای کفری سەرقاڵی نۆژەنکردنەوە بووین کاریشمان دەستپێکرد، چونکە 286 ملیۆن دینارمان بۆ خەرجکرا، بەڵام دووبارە کارکردنمان راگرت، چونکە پارە خەرجنەکرا و بە نیوەیی جێهێڵدرا." 
 
سەرای کفری، یەکێکە لە شوێنە کەلەپوورییەکانی قەزای کفری، تەمەنی زیاتر لە 100 ساڵە، مەترسیی رووخانی لەسەر بوو، 12-04-2022 لەسەر هەمان شێوازی کۆنی خۆی دەست بە نۆژەنکردنەوەی کرا.
 
قەزای کفری شارۆچکەیەکی دێرینی باشووری کوردستانە، چەندین شوێنی کەلەپووری و شوێنەواری تێدایە، بەشی زۆری دانیشتووانی کوردن، تورکمان و عەرەبیش تێیدا دەژین. قەزاکە دەکەوێتە دووریی 122 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی کەرکووک.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە