لارا بە گوللـە گیانلەدەستدەدات و پۆلیس بە گومانە

18-04-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کچێکی تەمەن 16 ساڵ بەناوی لارا عەلی، بە گوللـەیەک بریندار بوو و نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە نەخۆشخانە لە سلێمانی گیانی لەدەستدا. خێزانەکەی دەڵێن "رووداوەکە خۆکوژی" بووە، پۆلیسیش دەڵێ "هێشتا رووداوەکە نادیارە و لێکۆڵینەوە دەکەین".
 
شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین، ئەمڕۆ (سێشەممە، 18-4-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەو کچە کە شوێنەواری گوللـە بە جەستەیەوە دیار بووە، دوێنێ لە رانیە گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی فێرکاری و دوای چارەسەری سەرەتایی، بەهۆی سەختیی برینەکەی رەوانەی سلێمانی کراوە". 
 
گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین هەروەها گوتی "ئەمڕۆ لەلایەن کەسوکاری (لارا)ـوە ئاگادارکراینەوە، کە گیانی لەدەستداوە. بەگوتەی کەسوکارەکەی خۆی گوللـەی لەخۆی داوە، بەڵام ئێمە لێکۆڵینەوەمان دەستپێکردووە و هەتا ئێستاش روون نەبووەتەوە هۆکاری راستەقینەی رووداوەکە چییە و ئایا رووداوەکە خۆکوژییە یان شتێکی دیکەیە".
 
ئەو کچە ناوی لارا عەلی رەزایە و پۆلی چواری ئامادەیی بووە. خەڵکی گۆپتەپەیە و دانیشتووی شاری رانیە بوون لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین.
 
بەپێی سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی راپەڕین بۆ رووداو، شوێنەواری گوللـە بە سەری لاراوە بووە. رووداوی گوللـەبەرکەوتنەکە دوێنێ بووە و نیوەڕۆی ئەمڕۆش بەهۆی سەختیی برینەکەی، لە نەخۆشخانە لە سلێمانی گیانی لەدەستداوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە