رێکخراوی CPT: تورکیا لە 14 رۆژدا 11 جار هەرێمی کوردستانی بۆردوومان کردووە

18-04-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن تورکیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

تیمی کوردستانی عێراقی CPT رایگەیاند، لە 14 رۆژی ئەم مانگەدا سوپای تورکیا لانیکەم 11 جار بۆردوومانی خاکی هەرێمی کوردستانی کردووە و دوو کەسی سڤیل گیانیان لەدەستداوە و هێرشە سەربازییەکان لە قوڵاییەکی زیاتری خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقدا بوون.
 
رۆژی دووشەممە، 17-4-2023، کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (CPT)ـی ئەمریکی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "دەبێت ئەو جۆرە هێرش و بۆردوومانانەی لەلایەن تورکیاوە دەکرێن، رابگیرێن، چونکە مەترسین بۆ سەر ژیانی خەڵکی سڤیل و بژێوی گوندنشینان و زەویوزاری کشتوکاڵی و لەوەڕگە و ژینگەی هەرێمی کوردستان".
 
ئەو قسانەی ئەو ئەندامەی رێکخراوەکە دوای ئەوە دێت، تیمی کوردستانی عێراقی CPT، راگەیێندراوێکی لەبارەی بۆردوومانەکانی تورکیاوە بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە: لە رۆژی 3ـی نیسانەوە تاوەکو 14ـی ئەم مانگە سوپای تورکیا بەلانیکەمەوە 11 بۆردوومانی زنجیرەیی لە خاکی هەرێمی کوردستاندا کردووە، لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانانەشدا دوو هاونیشتمانیی سڤیل گیانیان لەدەستداوە و ژیانی هەزاران هاونیشتمانیی دیکەش کەوتووەتە مەترسییەوە. 
 
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەداوە بەراورد بە هێرشە یەک لەدوای یەکەکانی ساڵانی پێشووتر، لە دوایین زنجیرە بۆردوومانەکاندا تورکیا بۆردوومان و هێرشە سەربازییەکانی لە قوڵاییەکی زیاتری خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقدا کردووە. 
 
ئەو ناوچانەی بوونەتە ئامانجی دوایین هێرشەکانی تورکیا وەکو قەزای شێخان و دەڤەری بارزان نزیکەی 65 کیلۆمەتر لە سنووری نێوان عێراق و تورکیاوە دوورن، ئەوە لەکاتێکدایە بەشێکی دیکەی هێرشەکان بۆ قووڵایی زیاتری ناو خاکی هەرێمی کوردستان بوون و هەریەکە لە ناوەندی پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری قەزای پێنجوێن کە نزیکەی 200 کیلۆمەتر لە سنووری نێوان عێراق و تورکیاوە دوورن، بوونەتە ئامانجی هێرش و بۆردوومانەکانی تورکیا، وەک رێکخراوەکە دەڵێ.
 
بەپێی رێکخراوەکە، رۆژی 3ـی نیسان سوپای تورکیا چوار هێرشی ئاسمانی بۆ سەر چیای شیرین لە دەڤەری بارزان لە پارێزگای هەولێر کرد، کە بەهۆیەوە "دوو هاونیشتمانی بەناوەکانی عارف عومەر تەمەن 50 ساڵ و ئەحمەد حوسێنی تەمەن 35 ساڵ لە کاتی کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە لە چیای شیرین بە ئامانجگیران و شەهید بوون". 
 
سەبارەت بە بۆردوومانەکانی دیکە، رێکخراوەکە روونیکردووەتەوە، لە 7ـی نیساندا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا کاروانێکی ئۆتۆمبێلی لەنێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی کە بەدووری 186 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی سنووری نێوان عێراق و تورکیا بە ئامانج گرت، بەگوێرەی زانیاریی میدیا ناوخۆیی و بیناییەکان، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی سوپای سووریای دیموکرات، مەزڵووم عەبدی کە هاوشان لەگەڵ چەند ئەندامێکی سوپای هاوپەیمانان لە کاروانی ئۆتۆمبێلەکاندا بوو، بە ئامانجگیرا، سەرچاوەکان پشتڕاستی هیچ قوربانییەکیان لەم رووداوەدا نەکردووەتەوە.
 
رێکخراوی سی پی تی باسی لەوەشکردووە بەدرێژایی رۆژانی 15 و 16ـی نیسانی ئەمساڵ فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بەسەر ناوچەکانی شنگال لە پارێزگای نەینەوا، دۆڵی نەهلە لە پارێزگای دهۆک، ناحیەی هەریر لە پارێزگای هەولێر و قەزای پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانیدا سووڕاونەتەوە.
 
لە کاژێرەکانی سەرلەبەیانی رۆژی 15ـی نیساندا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان دوو جار بۆردوومانی چیای بێخێریان لە قەزای شێخانی سەر بە پارێزگای نەینەوا کرد کە بەدووری 62 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری سنووری نێوان عێراق و تورکیا. "هەرچەندە لە بۆردوومانەکەی چیای بێخێردا هیچ هاونیشتمانییەک نەبووەتە قوربانی، بەڵام هێرشەکە لە نزیک ئەو گوندانەدا روویداوە، کە گوندنشین و هاوڵاتی مەدەنی تێیاندا نیشتەجێن".
 
هەروەها دەڵێت "لە کاتژمێر 6:35 خولەکی هەمان رۆژی 15ـی ئەم مانگە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا بۆردوومانی گوندەکانی کانی میرانی کۆماری و ساڵیاوایان لە قەزای پێنجوێن کرد، کە بەدووری نزیکەی 200 کیلۆمەتر دەکەونە باشووری رۆژهەڵاتی سنووری نێوان عێراق و تورکیا، پێنج خولەک دواتر هەمان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا دوو جار بۆردوومانی گوندی وریاوای لە هەمان قەزادا کرد، بۆردوومانەکان لە کاتێکدابوون کە گوندنشینان سەرقاڵی شکاندنی رۆژووەکانیان بوون. بۆردوومانەکان بوونە هۆی بڵاوبوونەوەی ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو هاووڵاتیاندا. گوندنشینان لە ترسی ئەگەری دووبارە بۆردوومانکردنەوەی گوندەکانیان، لە ماڵەکانیاندا خۆیان حەشاردا و بەدرێژایی ئەو شەوە نەیانتوانی لە ماڵەکانیاندا بێنە دەرەوە".
 
تیمی کوردستانی عێراقی سی پی تی، نیگەرانی خۆی دەربڕیوە لە بۆردوومان و هێرشەکانی سوپای سەربازی تورکیا بۆ سەر ئەو ناوچانەی خەڵکی سڤیلیان تێدایە و شوێنی نیشتەجێبوونن، لە هەمانکاتیشدا سەرکۆنەی نیازی فراوانکردنی مەودای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا دەکات بۆ قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستان. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووداو

قەدەخەی هاتووچۆ لە 10 ناوچەی وان راگەیێندرا

بەپێی یاسای سەربازی، چوونی خەڵک بۆ 10 ناوچەی سنووریی شارۆچکەی ئەلباک سەر بە پارێزگای وانی باکووری کوردستان بۆ 15 رۆژ قەدەخە کرا