رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەربژێری هاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند هەڵبژاردنی پێشوەختە بەهۆی داواکارییە رەوا و قوربانییە بەنرخەکانەوە لەپێناو عێراقێکی باشتر، هات، بۆیە داوا دەکات هەموو لایەنەکان رێز لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بگرن، پەرلەمانتارێکی رەوتی سەدریش دەڵێت: "ئەم چەند رۆژەی رەمەزان ئایندەی دیمەنی سیاسی لە عێراق بۆ چوار ساڵی داهاتوو دیاریدەکات و ئەگەرەکانیش کراوەن."
ئەمڕۆ دووشەممە، 18ی نیسانی 2022، رێبەر ئەحمەد، بەربژێری هاوپەیمانیی رزگارکردنی نیشتمان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار تویتێکی لەبارەی هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کرد، لەو تویتەدا رێبەر ئەحمەد نووسیویەتی: "هەڵبژاردنی پێشوەختە لە ئەنجامی داوا رەواکان و قوربانییە بەنرخەکان لەپێناو عێراقێکی باشتر هات، بۆیە لەسەر هەمووان پێویستە رێز لە ئەنجامەکانی بگرن و پەلە بکەن لە پێکهێنانی حکومەتێک کە خواستەکانی شەقامی عێراقی بەدی بهێنێت."
قەیس فەرتووسی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی سەدرییەکان، لەبارەی هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "بەڕێز سەید موقتەدا سەدر چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەستکراوە کرد بۆ پێکهێنانی حکومەت دوای گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان، بەڵام دیارە ئەوان ناتوانن ئەو کارە بکەن و سەرکەوتووبن لە پێکهێنانی حکومەت، بۆیە چیدی نابێت رێگر بن لەبەردەم دروستکردنی حکومەت لەلایەن هاوپەیمانیی رزگارکردنی نیشتمانەوە، چونکە ئەوە کاریگەریی خراپی لەسەر حکومەت و خزمەتگوزارییەکان دەبێت."
سەبارەت بە ئەگەرەکانی دوای تەواوبوونی ئەو 40 رۆژی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر وەکو مۆڵەت بە لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دابوو بۆ ئەوەی حکومەت پێکبهێنن، قەیس فەرتووسی گوتی: "ئەگەرەکان کراوە دەبن لە بەردەمماندا، لەوانە دووبارە هەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی 220 پەرلەمانتار بۆ ئەوەی کۆبوونەوەی پەرلەمان بکرێت، ئەگەر بزانین ئەوە سەرناگرێت ئەوا دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن هەیە، لەمەشیاندا شەقام چیدی لەبەرامبەر هەڵسوکەوتی سیاسییە گەندەڵەکان بێدەنگ نابێت و دوای رەمەزان دەبێت دەنگی خۆی هەبێت."
رۆژی پێنجشەممە 31ى ئادارى 2022، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتى سەدر ماوەى 40 رۆژی دایە چوارچێوەى هاوئاهەنگى کە بە سێیەکى پەکخەر ناویبردن بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێ بێ بەشداریى رەوتەکەى و رایگەیاند: "داوا لە برایانم لە رەوتی سەدر دەکەم دەست لەو پرسە وەرنەدەن؛ نە بە چاک و نە بە خراپ".
هەرچەندە زیاتر لە شەش مانگ بەسەر هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق تێپەڕیوە، بەڵام تائێستا تەنیا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردراوە، بەهۆی ناکۆکیی پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار و ناکۆکی نێو ماڵی شیعە لەسەر شێوازی حکومەتی داهاتوو، تائێستا حکومەت پێکنەهاتووە و سەرۆککۆماریش هەڵنەبژێردراوە.
هاوپەیمانیی رزگارکردنی نیشتمان (پارتی، رەوتی سەدر و هاوپەیمانیی سەروەری) داوای حکومەتی "زۆرینەی نیشتمانی" دەکەن، هەرچی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە، داوای حکومەتی "سازان" دەکەن، هاوشێوەی حکومەتەکانی دوای ساڵی 2003، کە هەمووان لە پێکهێنانیدا بەشداربن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ