رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی رایدەگەیێنێت بۆ ئەوەی دەنگی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بەفیڕۆ نەڕوات، پەیوەندییان بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە کردووە وەک ئەو دەڵێت: "ئەوان هیچ وەڵامدانەوەیەکیان نەبوو، بۆیە ئێمە بڕیارماندا وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان یەک لایەنە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بەشداری لە هەڵبژاردنەکان بکەین".
خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 10:00 کە فوئاد رەحیم پێشکێشی دەکات رایگەیاند: "بەداخەوە تاوەکو ئێستا هیچ هاوپەیمانێتییەک لەنێوان لایەنە سیاسییەکان دروست نەکراوە، ماوەی چەندین مانگە حەماسەتێکی وا نەبووە بۆ دروستکردنی هاوپەیمانی، بڕواش ناکەم لەم چەند رۆژەی ماوە بتوانین جۆرە هاوپەیمانییەک دروست بکەین. بۆیە پارتی بە تەنیا لە 26 بازنە بەشداری لە هەڵبژاردن دەکات، هەر لە بەدرە و جەسان و مەندەلی و خانەقینەوە تاوەکو شنگال".
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان
رووداو: پارتی بەنیازە چۆن بەشداری لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقدا بکات و تا ئێستا چ ئامادەکارییەکتان کردووە؟
خەسرۆ گۆران: پارتی وەکو هەموو هەڵبژاردنەکانی پێشوو، بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتوو دەکات و وەکو هەموو لایەنە سیاسییەکانی دیکە خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی بەشداری بکات و دەنگی باش بهێنێت.
مەسەلەی خۆ ئامادەکردنیش هەندێک شت بە دەست کۆمیسیۆنە بە دەست ئێمە نییە، چونکە کۆمیسیۆن خشتەیەکی هەیە لەسەری دەڕوات، وادە دیاری دەکات، کە کەی ماوەی تۆماری بایۆمەترییە؟ کەی ماوەی نوێکردنەوەی ناوەکانە؟ کەی ماوەی تۆمارکردنی کیانە سیاسییەکان و هاوپەیمانییەکانە؟ کەی ماوەی رادەستکردنی ناوی بەربژێرەکانە؟ ئەمانە هەمووی بە خشتەیەکدا دەڕوات ئێمەش پابەندین بەو رێککەوت و وادانەی کە کۆمیسیۆن دایناوە، لە چوارچێوەی ئەو وادانە ئێمەش کاری خۆمان دەکەین.
رووداو: لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان هیچ هاوپەیمانێتییەکتان پێکهێناوە؟ بەنیازن لەمبارەوە چی بکەن؟
خەسرۆ گۆران: بەداخەوە تاوەکو ئێستا هیچ هاوپەیمانییەک دروست نەکراوە لەنێوان لایەنە سیاسییەکان، ماوەی چەندین مانگە حەماسەتێکی وا نەبووە بۆ دروستکردنی هاوپەیمانی، بڕواش ناکەم لەم چەند رۆژەی ماوە بتوانین جۆرە هاوپەیمانییەک دروست بکەین.
رووداو: واتە پارتی بە تەنیا بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق دەکات.
خەسرۆ گۆران: بەڵێ، پارتی بە تەنیا لە 26 بازنە بەشداری لە هەڵبژاردن دەکات، هەر لە بەدرە و جەسان و مەندەلی و خانەقینەوە تاوەکو شنگال.
رووداو: بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان چی کراوە؟ هیچ گفتوگۆیەکتان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کردووە؟
خەسرۆ گۆران: گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لەنێوان لایەنە کوردستانییەکان هەر هەبووە، هەروەها لەنێوان لایەنە عێراقییەکانیش، بەڵام وەکو هاوپەیمانییەکی راگەیێندراو تاوەکو ئێستا هیچ هاوپەیمانییەک لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان تۆمار نەکراوە. لە راستیدا هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە جیاوازی لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی پێشوو هەیە، بە حوکمی ئەوەی یاساکە گۆڕاوە، قەبارەی بازنەکان گۆڕاوە، شێوەی هەژمارکردنی دەنگەکان گۆڕاوە، هەروەها خودی سیستەمی هەڵبژاردنیش گۆڕانکاریی بەسەرداهاتووە. پێشووتر لیست بوو، ئێستا لیست نەماوە بەڵکو لەسەر ئاستی تاکە، ئەو تاکەی زۆرترین دەنگ لەسەر ئاستی بازنەیەک بهێنێت ئەو دەبێتە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، تەنانەت ئەگەر هاوپەیمانیش بکرێت هەر دەبێت لە رێگەی تاکەوە بەرەو هەڵبژاردنەکان بچین.
رووداو: تا چەند لەگەڵ ئەو سیستەمەدان؟ وەکو پارتی ئەو سیستەمەتان پێ باشە؟
خەسرۆ گۆران: نەخێر، ئێمە هەر لە سەرەتاوە وەکو پارتی دژی ئەو سیستەمە بووین، ئێمە داوامانکرد بگەڕێینەوە بۆ ماوەی نێوان 2005 بۆ 2010 بۆ ئەوەی عێراق هەمووی بکرێتە یەک بازنە، بۆ ئەوەی دەنگی هیچ هاووڵاتییەک بەفیڕۆ نەڕوات، ئازادیش بێت هەر لە فاو تا دەگاتە زاخۆ لە هەر نەتەوە و حیزبێک بێت بتوانێت دەنگ بدات و دەنگی بەفیڕۆ نەڕوات، واتە عێراق یەک بازنە بێت. بەڵام ساڵی 2010 کە کرایە 18 بازنە و هەر پارێزگایەک کرایە بازنەیەک بەمە رێژەی کورد کەمبووەوە، چونکە کەمی ژمارەی کورد لە هەندێک لە پارێزگاکان وایکرد سوود لە دەنگەکانیان وەرنەگرن. دواتر لە ساڵی 2020 کە داواکرا بگۆڕدرێت هەموو لایەنە کوردستانییەکان دژی ئەوە بووین سیستەمەکە بگۆڕدرێت، بەڵام لەلایەن زۆرینەی پەرلەمان ئیرادەیەک هەبوو بۆ گۆڕینی سیستەمەکە بۆ فرەبازنە، بۆیە ئێمەش خۆمان گونجاندووە لەگەڵ ئەو یاسایە نوێیە و شێوە نوێیە لە هەڵبژاردن، ئومێدەوارین چالاکانە بەشداری بکەین.
رووداو: پێتانوایە ئەم یاسایە نوێیە تا چەند کاریگەریی لەسەر دەنگی پارتی دەبێت؟
خەسرۆ گۆران: بەپێچەوانەوە ئەو یاسایە زیاتر زەرەر لەو پارتە سیاسییانە دەدات کە قەبارەیان بچووکترە لە پارتی، ئەم یاسایە زیاتر لە بەرژەوەندیی ئەو لایەنانەیە کە گەورەن. بە تێڕوانینی من پارتی کەمترین زەرەری بەردەکەوێت لەو سیستەمە نوێیە.
رووداو: ئەگەر پارتی بارەگاکانی نەباتەوە کەرکووک چۆن بانگەشەی هەڵبژاردن دەکات؟
خەسرۆ گۆران: ئەوە یەکێک لە کێشەکانمانە، بەداخەوە بارەگاکانی ئێمە، کادیرەکانمان، ئەندامەکانمان، هێزەکانمان و پێشمەرگەکانمان لەو ناوچانە نین کە پێشووتر لەوێ بوون، جێی داخە. ئەوە یەکێک لە کێشەکانی ئێمەیە لەگەڵ بەغدا. ئێمە بە فەرمی داوامان لە بەرێز مستەفا کازمی سەرۆکی حکومەتی عێراق و نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە بۆ ئەوەی رێگا خۆش بکەن بۆ ئەوەی بارەگاکانی نەک تەنیا پارتی، بەڵکو هەموو لایەنە سیاسییەکان ئازادانە بگەڕێنەوە بۆ ئەو شوێنانە بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی چالاکانە بەشداری لە هەڵبژاردنەکان بکەن، ئەوەش مافێکی سرووشتی و دەستووری هەر لایەنێکی سیاسییە. چۆن هەڵبژاردن بکەین لە شوێنێک کە قەدەخەبێت لەوێ بین؟ یان ئازادانە لەوێ نەبین؟ ئێمە نامانەوێت بە دەستبەستراوی بچینەوە ئەو شوێنانە.
رووداو: تاوەکو ئێستا لەسەر ئەو پرسە هیچ وەڵامێکتان دراوەتەوە؟
خەسرۆ گۆران: بەڵێ، وەڵامدراوەتەوە و هەوڵیش دراوە، بەڵام هێشتا هەندێک کۆسپ و تەگەرە هەن، هەندێک لایەنی شۆڤێنی لە کەرکووک و هەندێک شوێنی دیکە لەگەڵ ئەوە نین کە بگەڕێینەوە یان ئاستەنگی لەبەردەم گەڕانەوەی ئەو بارەگایانە و لایەنە سیاسییانە دروست دەکەن.
رووداو: لەلایەن یەکێتییەوە هیچ پێشنیازێکتان بەدەست نەگەیشتووە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی؟
خەسرۆ گۆران: نەخێر، هیچ پێشنیازێکمان بەدەست نەگەیشتووە. تەنیا چەند جارێک قسەمان کردووە ئەوەیش خۆمان پەیوەندیمان کردووە بۆ ئەوەی دەنگی کورد بەفیڕۆ نەڕوات لە ناوچە کوردستانییەکان دەرەوەی هەرێمی کوردستان، دیارە هیچ وەڵامدانەوەیەکیان نەبوو، بۆیە ئێمە بڕیارماندا وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان یەکلایەنە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بەشداری لە هەڵبژاردنەکان بکەین.
رووداو: دەگوترێت ئەوەی لەو سیستەمە نوێیەی هەڵبژاردن سوودمەند دەبێت، پارتی و سەدرییەکان دەبن. ئێوە لەو بارەیەوە چی دەڵێن؟
خەسرۆ گۆران: هەروەکو باسمکرد ئەو لایەنە سیاسییانەی کە قەبارەیان گەورەیە و بنکەی جەماوەرییان بەرفراوانە، بەڵێ بێگومان وایە ئەوان زیاتر سوودمەند دەبن لەو هەڵبژاردنە. هۆکارەکەش زۆر ئاسانە.. بۆ نموونە پارتێکی بچووک پێشووتر دەیتوانی لە هەموو عێراق دەنگەکانی کۆبکاتەوە کە بەشی یەک کورسی بکات لە پەرلەماندا، بەڵام ئێستا عێراق یەک بازنە نییە. دواتر کە لە ساڵی 2010 کرایە 18 بازنە و هەر پارێزگایەک کرایە بازنەیەک، دیسان هەندێک لایەنی سیاسی کە بچووکتربوون لە پارتی و لە حیزبە گەورەکان، دیسان هەڵمەتیان دەکرد دەنگەکانیان لێکدەدا و دەیانتوانی کورسییەک یان دوو کورسی یان سێ کورسی ببەن. بەڵام ئێستا ئەو چانسە زۆر لاوازتر بووەتەوە، بۆ نموونە پێشووتر سلێمانی یەک بازنەبوو، بەڵام ئێستا 5 بازنەیە، دەنگی لایەنەکان پەرت و بڵاو دەبێت بۆ 5 بازنە، رەنگە ئەوکات دەنگەکان هەمووی بەش نەکات بۆ کورسی لە هەر بازنەیەک بۆ ئەو لایەنانەی کە بچووکن، بەڵام لایەنە گەورەکان بە حکومی ئەوەی گەورەن کەمتر کاریگەریی بەسەر ئەوان دەبێت تەنانەت ئەگەر بازنەکانیش بچووک بکرێنەوە.
رووداو: پێشبینیتان چییە بۆ حیزبەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان لەو هەڵبژاردنە؟
خەسرۆ گۆران: من نامەوێت پێشوەختە بڵێم هەر لایەنێکی سیاسی چەند کورسی دەهێنێت، چونکە رەنگە هەندێک لایەن زویر ببێت، رەنگە هەندێک لایەنیش تووشی گەشبینی ببن، بەڵام ئێمە وەکو پارتی هەوڵ دەدەین بە هیچ شێوەیەک کورسییەکانمان کەم نەبێت، چاومان لە زیاتربوونە نەک کەمبوونەوە.
رووداو: پێشبینی ئەوە دەکەن کورسیی لایەنەکانی دیکە کەم بکات یان زیاد؟
خەسرۆ گۆران: ئەو یاسایە زۆر لە زەرەری ئەوانە، بەمەش دەنگەکانیان پەرت و بڵاو دەبێت، ئەگەر پێشووتر توانیبێتیان سێ یان چوار کورسی بهێنن، بەڵام ئەمجارە رەنگە یەک یان دوو یانیش هیچ کورسییەک بەدەست نەهێنن.
رووداو: پێتانوایە بەپێی ئەو سیستەمە گۆڕان و لایەنە ئیسلامییەکان بتوانن کورسی بەدەست بهێنن، یان دەبێت هاوپەیمانێتی پیکبهێنن؟
خەسرۆ گۆران: بێگومان هەموو لایەک هەوڵ دەدات کورسی بەدەست بهێنێت، هاوپەیمانیکردن لەو یاسایە نوێیە تۆزێک زەحمەتە، چونکە دەبێت تاک بدەیتە پێش، ئەگەر هاوپەیمانیش بکەن دەبێت سازش بۆ یەکدی بکەن، ئەگەر پاڵپشتیی یەکدی بکەن لە بازنەیەک، دەبێت پاڵپشتیی لایەنێکی دیکە بکەن لە بازنەیەکی دیکە. بۆیە بە تێڕوانینی ئێمە هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت.
رووداو: بە گشتی پێشبینیتان بۆ کورسییەکانی کورد لە پەرلەمانی عێراق چییە؟
خەسرۆ گۆران: بە تێڕوانینی ئێمە کورسی کورد هەر لەو سنوورە دەبێت کە ئێستا هەیەتی، لە هەڵبژاردنی 2005 تاوەکو 2010 کە عێراق یەک بازنە بوو، کورد 77 کورسی هەبوو، لە 2010وە تاوەکو ئەمڕۆ کورسییەکانی کورد لە دەوربەری 60 تاوەکو 65 بووە، بە تێڕوانینی ئێمە لە هەڵبژاردنی داهاتووش لەو دەوروبەرە دەبێت، نە کەم دەکات نە زیاد دەکات.
رووداو: پارتی بەربژێرەکانی خۆی یەکلاکردووەتەوە؟
خەسرۆ گۆران: ئێمە هەر لە سەرەتاوە دەستمانکردووە بە دۆزینەوەی بەربژێری چالاک و چاک بۆ ئەو هەڵبژاردنانە کە بە چەندین پرۆسە تێپەڕیون. پشتیوان بە خودا لە رۆژی دیاریکراو ناوەکان رادەستی کۆمیسیۆن دەکەین.
رووداو: کەسانی بێلایەنی تێدا دەبێت یان هەمووی حیزبین؟
خەسرۆ گۆران: پارتی حیزبێکی جەماوەریی گەورەیە، ئەگەر چەند ئەندامی هەیە، دوو ئەوەندەی دیکەش خەڵکی هەیە کە لەوانەیە ئەندامیش نەبن، بەڵام لایەنگر و هەواداربن. بۆیە بەربژێرەکانی ئێمەش مەرج نییە هەموویان ئەندامی پارتی بن، ئەزموونەکانی رابردووش ئەو شایەتییەمان بۆ دەدەن.
رووداو: دەگوترێت پارتی بەنیازە ئەمجارە پۆستی سەۆککۆمار وەربگرێت، ئەمە تا چەند راستە؟
خەسرۆ گۆران: جارێ زووە ئێمە باسی ئەم جۆرە شتانە بکەین، چونکە جارێک چەندین مانگ ماوە بۆ هەڵبژاردن، دیار نییە کێ براوە دەبێت... ئەمجارەش وەکو جارانی پێشوو نییە، جارانی پێشوو دوای هەڵبژاردن هەندێک لایەنی سیاسی خۆیان لێک دەدا و دەبوونە کوتلەی زۆرینە و بۆ پێکهێنانی حکومەت رادەسپێدران، بەڵام ئەمجارە وانییە، ئەمجارە لە رۆژی هەڵبژاردن کوتلەی زۆرینە بەدیار دەکەوێت، پاشان کوتلەی گەورە لەگەڵ لایەنەکان دیکە دەست بە گفتوگۆ دەکەن بۆ پێکهێنانی حکومەت، چونکە پێویستیان بە زۆرینەی پەرلەمانی دەبێت بۆ دەنگدان بەو کابینەیەی ئەو لایەنە پێشکەشی دەکات.
هاوپەیمانیێتییەکان بە تێڕوانینی ئێمە دوای هەڵبژاردنەکان دێت، بەڵام لەوانەیە لە ئێستاوە لێکتێگەیشتنی سیاسی هەبێت لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ ئەوەی چۆن ئەو کابینەیە دروست بکرێت. بێگومان دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان ئەوکاتە قەبارەی هەر لایەنێک بەدیار دەکەوێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ