رووداو - هەولێر
گوتەبێژی پارتی رایدەگەیێنێ، دەیانەوێت بە هێمنی و ئارامی و، بە شێوازێکی مەدەنییانە و ئاشتییانە و، دوور لە ئاڵۆزی بانگەشە بۆ لیست و کاندیدەکانیان بکەن.
بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و ئەندامانی یەدەگ و بەرپرسی لقەکان و ئۆرگانەکانی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی حیزبەکە رۆژی چوارشەممە 18-4-2018 کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەکە مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "گفتوگۆ لەسەر چەند خاڵێک کرا، لەوانە: بارودۆخی ئێستای سیاسیی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و، ئەو ئاڵوگۆڕییانەی ئێستا هاتوونەتە پێش، لەگەڵ ئەو رووداوانەی چاوەڕواندەکرێت رووبدەن، هەروەها بارودۆخی عێراق بەشێوەیەکی گشتی گفتوگۆی لەسەر کرا".
مەحموود محەممەد راشیگەیاند: "کۆبوونەوەکە زیاتر تایبەت بوو بە بابەتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە مانگی داهاتوودا بەڕێوەدەچێت، لە ئێستاشەوە بەرنامەی رێکلامی لایەن و هێزە سیاسییەکانی بەشدار لە پرۆسەکە دەستیپێکردووە، گفتوگۆ لەسەر شێوازی بەشداربوونی پارتی دیموکراتی کوردستان کرا لە بانگەشەی هەڵبژاردن، بۆ ئەوەی لە خزمەتی پرۆسەکە و بەرقەرارکردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و سەقامگیری ناوچەکە و شارەکاندا بێت و، ئارامی شارەکان پارێزراو بێت".
گوتەبێژی پارتی جەختیکردەوە کە پلانیان ئەوەیە ئەوەندەی بکرێت بە هێمنی و ئارامی و، بە شێوازێکی مەدەنییانە و ئاشتییانە بانگەشە بکەن، بەجۆرێک شەقامی کوردستان ئاڵۆزی تێنەکەوێت.
ناوبراو گوتیشی: "دەمانەوێت ئەوەندەی بکرێت بە شێوازێکی هێمن و لەسەرخۆ بە خەڵکی کوردستان بڵێین، ئەمە پێشنیاز و بەرنامەی ئێمەیە و، لە بەغدا نوێنەرانی ئێمە بەهێزەوە چۆن پارێزگاری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان دەکەن؟ چۆن بەرگری لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان دەکەن؟ چۆن بەرگری لە ئازادییە کۆمەڵایەتی و ئازادییە تاکەکان دەکەن؟".
پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ