رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری رایگەیاند، "شەڕ بەردەوامە. دەوڵەتی تورکیا بەم شێوەیە ئاستەنگ بۆ پرۆسەکە دروست دەکات." دەشڵێت "دەبێت رێبەر ئاپۆ لە کۆنگرە ئاگاداربکرێتەوە و بتوانێت دیدگاکانی بخاتەڕوو."
موراد قەرەیڵان رۆژی دووشەممە 17ـی ئاداری 2025 لەگەڵ میدیایەکی نزیک لە پەکەکە قسەی کرد.
قەرەیڵان رەخنەی لە زمان و هەڵوێستی دەسەڵاتدارانی تورکیا گرت و رایگەیاند، "ئەگەر باسی تیرۆر بکرێت، دەوڵەتی تورک 100 ساڵە کورد تیرۆر دەکات."
سەبارەت بە کۆنگرەی پەکەکە بۆ چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەش گوتی، پێویستە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بەجۆرێک لە جۆرەکان بەشداریی کۆنگرە بکات و پێوەندییەکانیش بەردەوام بن.
سەبارەت بە لێدوانەکەی وەزیری بەرگریی تورکیا کە دەڵێ پەکەکە بەبێ مەرج چەکەکانی خۆی رادەست بکات، قەرەیڵان گوتی، لەبەر لاوازی، ئاگربەستیان رانەگەیاندووە و گەریلاکانیان 24 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیایان خستووەتەخوارەوە.
قەرەیڵان گوتی، "ئێمە تەکنەلۆجیامان هەیە و ئەگەر بمانەوێت، دەتوانین ئامانجەکان لە دووریی 800 کیلۆمەتر لە ناوخۆی تورکیا بپێکین، ئێمە بژارەمان هەیە، بێ بژارە نین و ناچاری هیچ شتێک نین. بژارەی جیاوازمان هەیە، چ لە رووی سەربازی و چ لە رووی سیاسییەوە."
هەرچەندە زیاتر لە دوو هەفتە بەسەر بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان تێپەڕبووە و پەکەکە ئاگربەستی رایگەیاندووە، بەڵام سوپای تورکیا لە هێرشەکانی بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ