وەزارەتی پەروەردە: نمرەی تاقیکردنەوە نیشتمانییەکان لە ئەپلیکەیشنی "ئی-هەڵسەنگاندن" بەردەست دەبن

23 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئازاد پیرچاوشی @AzadRamadhan
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، نمرەی تاقیکردنەوەکانی نیشتمانیی پۆلی 9ـی بنەڕەتی و 12ـی ئامادەیی لە ئەپلیکەیشنی "ئی-هەڵسەنگاندن" بەردەست دەبن.
 
وەزارەتەکە ئەمڕۆ سێشەممە، 18-03-2025، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "مامۆستایان و قوتابییانی قوتابخانەکانی دەرەوەی وڵات دەتوانن سوودمەند بن لە هەموو خزمەتگوزارییەکانی ئەپلیکەیشنەکە، پاش خۆتۆمارکردنیان لەڕێگەی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی".
 
باسی لەوەش کردووە، نوێترین ڤێرژنی ئەپلیکەیشنی "ئی-هەڵسەنگاندن" بەردەستە کە چەندین بابەتی نوێی تێدا زیادکراوە، جیا لە بابەتە بەردەستەکانی پێشوو وەکو نمرەی قوتابی، هەڵسەنگاندنی قوتابی، ئەرکی ماڵەوە، خشتەی وانەکانی هەفتە، کاتی تاقیکردنەوەکان و وریاکەرەوەکان.

 

خزمەتگوزارییە نوێیەکانی ئەپلیکەیشنەکە بریتین لە:
 

"ئی-هەڵسەنگاندن"

- راهێنانی ئەلیکترۆنی بۆ مامۆستایان کە چەندین کۆرسی راهێنان لە بواری پەروەردەیی و پێداگۆجییەکان لەخۆدەگرێت بەشێوەی ڤیدیۆ، نووسین، فایل و کاری گرووپی.
 
- بەدواداچوونی نوسراوەکان کە رێگە بە مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە دەدات لە ماڵەوە ئاگاداریی مامەڵەکانیان بن بە رێگەی نووسینی ژمارەی نووسراوەکە و ژمارەی مۆبایل، کە پێویست ناکات لە زاخۆ یان گەرمیانەوە بچنە دیوانی وەزارەت.
 
- کتێبخانەی ئەلیکترۆنی بە پێشکەوتووترین شێواز دیزاین کراوە کە هەر لاپەڕە یان کتێبێک بخوێنرێتەوە، کاتی خوێندنەوە تۆمار دەکرێت و کتێبەکان بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی بەردەستن.
 
- رێنمایی خێزان کە دایک و باوکان دەتوانن سوودی لێ وەربگرن سەبارەت بە چۆنیەتیی مامەڵە لەگەڵ منداڵەکانیان، فێرکارییە بەراییەکانی ئاکار و ڕەوشت، رێنمایی سەبارەت بە کەمسەرنجی، دێسلێکسیا، ئۆتیزم و چەندین بابەتی تەندروستی.
 
- ریزبەندیی قوتابخانەکان کە وەزارەت ساڵانە هەڵسەنگاندن بۆ هەموو ناوەندەکانی خوێندن دەکات و بەسەر چوار ئاستدا پۆلێنیان دەکات. 
 
- بەشی راپرسی بۆ وەرگرتنی را و بۆچوونی مامۆستایان و بەخێوکارانی قوتابیان لەسەر بابەتە پەروەردەییەکان.
 
- پەیامی وەزارەت کە رێگە بە وەزارەت دەدات پەیام بۆ زیاتر لە 11 هەزار بەکارهێنەری سیستمەکە بنێرێت سەبارەت بە ئەنجامی تاقیکردنەوەکان، پشووەکان و راگەیێندراوەکانی دیکە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە