رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) بە ئامادەبوونی نوێنەری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆبوونەوە.
مەزڵووم عەبدی خۆشحاڵیی خۆی لە بەرامبەر هەڵوێستی هەردوو هێزە کوردستانییەکە دەردەبڕێت و سەرۆکی ئەنەکەسەش دەڵێت، هەنگاوی باشیان لە یەکخستنی بۆچوونەکان تایبەت بە یەکڕیزی گەلی کورد ناوە.
نەخشەرێگەی هاوبەش و یەکڕیزیی کورد
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ سێشەممە، 18-3-2025، لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان بوو و تێیدا مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و نوێنەری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش ئامادە بوون.
پێش بڵاوکردنەوەی هەر راگەیێندراوێک لەلایەن لایەنەکانی بەشدار لە کۆبوونەوەکە، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کۆبوونەوەکە ئەرێنی بووە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەر بنچینەی کۆبوونەوەکە و کۆبوونەوەی داهاتوو، چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا رێککەوتنی لایەنە کوردستانییەکان تایبەت بە پێکهێنانی یەک شاند بۆ دیمەشق رابگەیێندرێت.
هەر لەو بارەیەوە مەزڵووم عەبدی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی: "ئەمڕۆ هەردوو لایەنی کوردی پەیەدە و ئەنەکەسە بۆ دیاریکردنی نەخشەڕێیەکی هاوبەش و یەکڕیزی کورد لە قۆناخی هەنووکەییدا کۆبوونەوە. هەڵوێست و بۆچوونی هەردوولا جێگەی خۆشحاڵی بوو."
مەزڵووم عەبدی دەڵێت: "ئەمە هەنگاوی یەکەمی زنجیرە کۆبوونەوەکان بوو بۆ دروستکردنی یەکڕیزیی کوردی. بۆ هەبوونی سووریایەکی فرەڕەنگ و دیموکراسی کە مافی هەموو پێکهاتەکانی تێدا مسۆگەر بێت، لەسەر ئەوە سوورین کە ئەم دیالۆگە سەربخەین."
دانوستاندن لەگەڵ دەسەڵاتی راگوزەری سووریا
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا ئەم ئێوارەیە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، کۆبوونەوەکە بە بەشداری مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی ئەنەکەسە و سکۆت بۆڵز، نێردەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بووە.
ئەنەکەسە لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت، کەشێکی ئەرێنی باڵی بەسەر کۆبوونەوەکەدا کێشا و گفتوگۆ لەبارەی رێککەوتنی هەردوولایەن و راگەیاندنی لە نزیکترین کاتدا کرا.
هاوکات محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنەکەسە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گوتی: "قۆناخێکی باشمان بڕی و هەنگاوێکی باش لە بابەتی هەبوونی یەک بۆچوون لەنێو هێزە سیاسییەکان"ی رۆژئاوای کوردستان نرا.
محەممەد ئیسماعیل باس لەوە دەکات، هەردوولا گەشبین بوون لە رۆژانی داهاتوودا رێککەوتنی کۆتایی رابگەیێندرێت و لەسەر ئەو بنچینەیە شاندێکی هاوبەش بنێردرێتە دیمەشق "بە مەبەستی پارێزگاریکردن لە مافی گەلی کورد لە کوردستانی سووریا".
هەر لەو بارەیەوە، فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی ئەنەکەسە بە رووداوی گوت، دوای پێنج ساڵ، ئەنەکەسە و پەیەدە رووبەڕوو دانیشتن.
فەیسەڵ یوسف رایگەیاند، کۆبوونەوەکە هەنگاوێکی گرنگ بوو بە ئاراستەی دروستکردنی یەکڕیزیی گەلی کورد و پێکەوە لەبارەی ئەو بابەتانە قسەیان کرد کە پەیوەندییان بە گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و دۆخی سووریاوە بەشێوەیەکی گشتی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ