لەسەر سکاڵای کۆمپانیای نەوتی باکوور بڕیاری دەستگیرکردن بۆ 70 دانیشتووی گەڕەکی عەرەفە دەرچووە

رووداو دیجیتاڵ 

دانیشتووانی گەڕەکی عەرەفە داوادەکەن کێشەی خانووەکانیان چارەسەر بکرێت و لە مانگرتن بەردەوامن، رووداو زانیویەتی لەسەر سکاڵای کۆمپانیای نەوتی باکوور، بڕیاری دەستگیرکردن بۆ 70 کەسی ئەو گەڕەکە دەرچووە، کە بەشێکیان ژنن.
 
مانگرتووانی ئەو 40 خانووەی گەڕەکی عەرەفە، کە کۆمپانیای نەوتی باکوور دەیەوێت دەریان بکات، ماوەی دوو مانگە لەنێو خێوەتێکدا دەمیننەوە و نوێژ و نزا دەکەن تاوەکو کێشەی خانووەکانیان چارەسەر ببێت.
 
حەمە ساڵح عوسمان، یەکێک لە مانگرتووانی گەڕەکەکە دەڵێت "دوو مانگ زیاتر لەژێر ئەو خێوەتە ماوین و نوێژ و خواپەرستی دەکەین، روومان لە خوا کردووە کە تۆڵەمان بسەنێ، چونک دەیانەوێ بە ستەم لە خانووەکانمان دەرمان بکەن، ئەو خانووانە هەیکەل بوون و خۆمان چاکمان کردوون، 21 ساڵە تێیدا نیشتەجێ بووین و تاوەکو ئێستا پارەی تێدا خەرج دەکەین، ئێستاش دەیانەوێت بەزۆر دەرمانبکەن."
 
رووداو لە رێگەی بنکەی پۆلیسی عەرەفەوە زانیویەتی، لەسەر سکاڵای کۆمپانیای نەوتی باکوور، 70 کەس کە نیشتەجێی ئەو 40 خانووەن، بڕیاری دەستگیرکردنیان هەیە.
 
فەرهاد باییز، نوێنەری مانگرتووەکانە. ئەو دوای پێنج رۆژ لە دەستگیرکردن، بە کەفالەت ئازاد کراوە و دەڵێت لەنێو لیستی سکاڵالێکراوەکان ئافرەتیش هەیە.
 
فەرهاد باییز قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "ئەم گەڕەکە 40 خانووە، دانیشتووانەکەی نزیکەی 70 خێزانە، هەموو دانیشتووانی ئەو ماڵانە بڕیاری دەستگیرکردنیان هەیە، هەر یەکێکیان بە بازگەکانی نێوان کەرکووک و هەرێمی کوردستان تێپەڕبێت دەستگیر دەکرێت، لەماوەی ئەو پێنج رۆژەی من دەستبەسەر کرابووم، دەرکەوت ناوی چەند ئافرەتێکی ئەم گەڕەکەی ئێمە لە لیستی سکاڵالێکراوەکان هەیە."
 
ئەگەرچی دروستکردنی خانووی زێدەڕۆ، هەموو گەڕەکەکانی کەرکووکی گرتووەتەوە، بەڵام گوشاری دەرکردن لەو گەڕەکانە دەکرێت، کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن.
 
کەمال کاکەئەمین، مامۆستایە و دانیشتووی گەڕەکەکەیە، دەڵێ "گوشار بەتایبەتی لەسەر گەڕەکە کوردییەکانی شاری کەرکووکە، ئەگەرنا لەبەرامبەر گەڕەکەکەی ئێمە چەند گەڕەکێک (ـی زێدەڕۆ) هەیە 20 ساڵە تێیدا نیشتەجی بوونە و کەس نزیکیان ناکەوێتەوە و کێشەیان نییە."
 
قادر شەریف، دانیشتووی گەڕەکی عەرەفە دەڵێت "ئەو گەڕەکانەی کوردی زۆری تێدا نیشتەجێ بووە، زیاتر گوشارەکان کەوتووەتە ئەو ناوچانەوە و هۆکارەکەشی تەنیا ئەوەیە کوردن، ئەگینا زێدەڕۆ لە هەموو کەرکووک هەیە."
 
دانیشتوویەکی دیکەی گەڕەکی عەرەفە بەناوی بیلال حەمە بەهەمان شێوە دەڵێ "تەنیا گەڕەکە کوردییەکانە، گەڕەکە عەرەبییەکان گوشاریان لەسەر نییە، چونکە ئیدارەی ئێستا لەلای ئەوانە و دەیانەوێت تەعربێکی نوێ لەو گەڕەکانە بکەن."
 
ماوەی دوو مانگە لە رێگەی گوشار، مانگرتن و سەردانیکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان، دانیشتوانی ئەو 40 خانووە بەدوای چارەسەرکردنی کێشەکەیاندا دەگەڕێن، بەڵام تاوەکو ئێستا لە بەڵێنی زارەکی زیاتر، هیچ هەنگاوێکیان بۆ نەنراوە و کۆمپانیای نەوتی باکووریش سوورە لەسەر دەرکردنیان.